ژنان بەشداری لە پرۆژەی بوژاندنەوەی کشتوکاڵ دەکەن

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ژنان بەشێک لە مافە ئابوورییەکانیان وەرگرتەوە و بە شێوەیەکی سەرەکی پرۆژەی کشتوکاڵی گیراوە.

نەسرین کلش

 

قامیشلۆ- سەرهەڵدانی شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا توانا ئابوورییە ڕاستەقینەکانی ژنان دەرکەوت، ئەمەش بەشداری ژنانی لە چەندین پڕۆژەی ئابووری بە تاک و کۆمەڵ زیادکردووە و کاریگەری ئابووری هەرێمەکە داناوە.

 

هەزاران ساڵ پێش ئێستا ئابووری بە تەواوی لە دەستی ژناندا بووە

ئارمانج محه‌مەد ئەندامی بەرێوەبەرایەتی ئابوری ژن لە کۆنگرەی ستار ئاماژەی بەوەدا، هەزاران ساڵ پێش ئێستا ئابووری بە تەواوی لە دەستی ژناندا بووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئابووری لە دەستی دەرهێنراوە جگە لە ئابووری پەیوەست بە بەڕێوەبردنی ماڵ، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی کات و دەرچوونی یاساکانی خزمەتکردن بە ژیانی کۆمەڵایەتی و یەکسانی جێندەری ژنان توانیان بەشێک لە مافە ئابوورییەکانی خۆیان بەدەست بهێننەوە.

 

ئارمانج باسی لەوەشکرد پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا کاتێک ژنان خوێندنیان تەواو دەکرد لە ماڵەوە دادەنیشتن، ژیانیان سنووردار بووە بە پەروەردەکردنی منداڵ و بەڕێوەبردنی ماڵ و کارکردن لە چەند کەرتێکی حکومیدا، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشدا ژنان بوونە پێشەنگی سەرکردایەتی، "دامەزراندنی لیژنەکانی کۆنگرەی ستار هاوکاری ڕێکخستنی ژنانی کرد لە چەندین ناوچەدا وەک کۆمیتەی ڕاهێنان و لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئابووری ژنان بە شێوەیەکی سەربەخۆ دامەزرا، کە ئامانجی سەرەکی پەرەپێدانی توانا ئابوورییەکانی ژنان و وەبیرهێنانەوەی سەرەتای ئابوورییە کە لە ڕێگەی ژنانەوە دۆزراوەتەوە و پشتگیری لە پڕۆژەکانی ئێستای ژنان دەکات."

 

ئابووری ژنان بەشی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەخۆگرتووە، ئەم بزووتنەوەیەش لە ڕێگەی لیژنە پەیوەندیدارەکانی هەر فەرمانگەیەک و پرۆژەکانی پشتیوانیکردن ڕێکخراوە، هەروەها دوای ڕێکخراوی مەشق و وۆرکشۆپەکانی پەیوەست بە هۆشیاری ئابووری، ئەم هەنگاوە پەسەندکرا.

 

کشتوکاڵ فاکتەرێکی گەورەی ئابوریە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا

کشتوکاڵ فاکتەرێکی گەورەی ئابوریە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ خاکە بەپیتەکان و ناوچە کشتوکاڵییە فراوانەکان، ژنانیش بەشی کارکردنیان هەیە لە پرۆژەی ئابووری کشتوکاڵیدا ئارمانج محەمەد وتی: کاتێک ئابووری ژنان دامەزرا، پرۆژەی کشتوکاڵی بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ پاراستنی ئابووری ژنان و پەرەپێدانی توانای کشتوکاڵیان گیراوەتە بەر، ئەمساڵ کاریگەری بارانبارینی زۆر بووەتە هۆی شکستهێنانی ژمارەیەک پڕۆژەی کشتوکاڵیمان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا دەستمان کرد بە کارکردن لەسەر کشتوکالی ئاودێری وەک سەوزە و گەنم، دوو پڕۆژەی سەوزە لە شارەکانی دربەسپی و دێرک وەک پەتاتە و سیر و پیاز جێبەجێکراون و ساردکەرەوەیەکی گەورە بۆ کۆگاکان ئامادەکراوە."

 

باکور و رۆژهەڵاتی سوریا خاکەکەی لەبارە بۆ دانەوێڵەی گەنم و جۆ و گەشەسەندنی سەوزەی هاوینە، گەشەکردنی سەوزە لە خانووە سەوزەکان پێشکەوتنی بەرچاوی بینیوە لە ناوچەکە، لەوبارەیەوە وتی: ٥١ خانووی پلاستیکی دروستکراون کە تۆوی دانەوێڵە تیایدا گەشەدەکەن لە چوار قۆناغدا، یەکەمیان بریتییە لە چاندنی تۆو لەناو گۆمی دیاریکراودا، دووەم گواستنەوەی نەمامەکان لە حەوزەوە بۆ خانووە پلاستیکییەکان، قۆناغی سێیەم ئەوەیە کە گرنگی پێبدرێت تا نزیکەی ٣٠ سانتیمەتر درێژ بێت و قۆناغی چوارەمیش بە ستوونی ببەسترێت بۆ ئەوەی ڕێ لە کەوتنی ڕووەکەکە بگرێت."