"کردنەوەی غەسلەکەم پلانی ساڵێک پێش ئێستایە"

ژنێکی گەنج بۆ یەکەمجار لە هەڵەبجە توانیویەتی غەسلێک بکاتەوە و تیایدا چەندین ژن کاربکەن و بژێوی ژیانی خۆیان دابینبکەن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- یە کێک لە پڕۆژەکانی لانەی منداڵانی کوردستان بۆ ژنێک بوو، کە ماوەی یەک ساڵ پلانی بۆ داناوە پاش ئەوەی بیرۆکەی پڕۆژەکەیان بڵاو کردۆتەوە بۆی دەرچووە و لە ئیستادا لە کاردایە.

 

 کوردستان جەمال، دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە و خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە وەک خۆی باسی کرد حەزی کردووە ببێت بە خاوەن کاری خۆی و وتی : " دوای ئەوەی خویندنم تەواو کرد پێم خۆش بوو خاوەن کاری سەر بەخۆی خۆم بم، و فکرەی دانانی غەسلەکەش ماوەی ساڵێک لە میشکم بووە و بەڵام دەرفەتم بۆ نە ڕەخساوە بەڵام ئێستا توانیم پلانەکەم بە جێ بگەیەنم."

 

کوردستان لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە سیمینار و وۆرک شۆپی وەرگرتووە سەبارەت بە کاری سەر بەخۆ لە کوردستان، باس لەوەش دەکات بۆ ئەوەی بتەوێت ببیت بە خاوەن کاری خۆت پێویستت بەوەیە چەندین کۆڕ و سیمینار لەسەر کاری سەربەخۆ و سەربەخۆی دارایی ببینێت، وە کوردستان هەوڵ و ماندوبوون و یارمەتیدانی خێزانەکەی لە بیر نەکردووە کە هاوکاری بوون بۆ ئەوەی بە ئامانجەکەی بگات وە ژنانیش هەمیشە پێشەنگ بوون لە کار کردن بە بێ ماندوو بوون.

 

 " لە هەڵەبجە یەکەم ژنم  کە ئەم کارەم کردووە "

کوردستان دڵی بە کارەکەی خۆشە و لە سەعات حەوتی بەیانی بۆ سەعات یانزەی شەو دوکانەکەی کراوەتەوەو بە بێ ماندوو بوون خزمەت دەکات و باس لەوە دەکات کە خوازیارە کارەکەی فراوانتر بکات و گەورەی بکات.

 

وە کوردستان جگە لە خۆی دوو ژنی تر لەگەڵی کار دەکەن و وتی: " من جگە لە خۆم توانیوومە چەند کەسیکی دیکەش بخەمە سەر کار و ئەگەر بە بڕێکی کەمیش بێت هاوکاری داراییان بکەم کە بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابینبکەن."

 

 کوردستان ماوەی مانگیکە پڕۆژەکەی بۆ دەرچووە و خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت کە بەسەر  ئاستەنگییەکانی کارەکەیدا زاڵ بووە و هیوادارە بۆ ساڵی داهاتوو بەشی شتنی فەرش و بەتانی و خزمەتگوزاری ماڵانیش بکاتەوە و کارەکەی فراوانتر بکات.