ژیان ئیبراهیم: بینەری شانۆ ئەوەندە زۆر بوو دەرگاو پەنجەرەیان دەشکاند

ژیان ئیبراهیم لە ئەزموونی کاری شانۆ و نواندن دەڵێت:" لە ساڵی هەشتاکان خەڵک زۆر گرنگی دەدا بە شانۆ ئەوەندە بینەری شانۆ زۆر بوو بۆ بینینی نمایشەکان دەرگاکانیان دەشکاند و لە پەنجەرەشەوە دەهاتنە ناو هۆڵەکە."

ژیان ئیبراهیم لە ئەزموونی کاری شانۆ و نواندن دەڵێت:" لە ساڵی هەشتاکان خەڵک زۆر گرنگی دەدا بە شانۆ ئەوەندە بینەری شانۆ زۆر بوو بۆ بینینی نمایشەکان دەرگاکانیان دەشکاند و لە پەنجەرەشەوە دەهاتنە ناو هۆڵەکە."

ناوەندی هەواڵ

 

ژیان ئیبراهیم خەیات لە ساڵی ١٩٦٣ لەشاری سلێمانی  لە دایک بووە کچی هونەرمەند ئیبراهیم خەیاتە، گۆرانیەکانی باوکی کاریگەری لەسەری هەبووە کە بچێتە دنیای هونەرەوە، لە زۆربەی دراما کوردیەکان، سینەما، شانۆگەری ڕۆڵی سەرەکی بینیوە و قورسترین کارەکتەر بە لایەوە ڕۆڵ بینینیەتی وەک ژنێکی بە تەمەن.

 

ژیان ئیبراهیم پێیوایە خێزان کاریگەری هەیە لەسەر ڕۆشتنی ژنان بۆ ناو دنیای هونەرو دەڵێت: " زۆر ژنمان هەیە لەوانەیە حەزی لە گۆرانی وتن بێت حەزی لە نواندن بێت بەڵام خێزانەکانیان ڕێگریان لێ دەکەن، ناهێڵن ئەو بوارەی خولیایەتی خۆی تیا ببینێنەوە، دەشڵێت "سوپاس بۆخوا من لە خێزانێکی هونەرمەند هاتومە دنیاوە، ڕێگریان نەکردوم و بەردەوام زۆرهاوکارم بوون."

 

ئەم ژنە هونەرمەندە لە نێوان سینەما، دراما ، شانۆدا هونەری شانۆگەری هەڵدەبژێرێت و لەو بارەیەوە دەڵێت: "زۆر ئاسودەم بە شانۆ چونکە هەست بە بینەرەکانم و ترپەکانی دڵیان دەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا شانۆ قورسترە چونکە پێویستی بە تەندروستییەکی باش و دەنگێکی باشە تا بتوانی کۆتا کەسی ناو هۆڵەکە لێت تێبگات و گوێی لێت بێت".

 

قورسترین کارەکتەر لای ژیان ئیبراهیم ئەوکاتانەیە کە ڕۆڵی ژنێکی بە تەمەن دەبینێت چونکە پێیوایە پێویستی بە وزەیەکی زیاترە تا بتوانێت خۆی بەوجۆرە نیشان بدات و هەستەکان بە بینەر بگەیەنێت، .باسی لە درامای حەسەنە فەنیش کرد کە چۆن ڕۆڵی خاوەن پێداویستیەکی تایبەت دەبینێت و دەڵێت: " کارەکتەری شەبۆ و لە درامای حەسەنە فەنی یەکێکی دیکەیە لە نواندنە قورسەکان کە کارم تیا کردوە چونکە دەبوو بە بێدەنگی وبێ قسە بینەرەکانم تێبگەیەنم لە پەیامەکەم، ژیان ئیبراهیم دەشڵێت "توانیم بەو نواندنە پیشانی کەسانی تریش بەم کە ژیانی خاوەن پێداویستیەکی تایبەت چەن قورسە کاتێک ناتوانێت هەستەکانی دەربڕێت".

 

سەبارەت بە جیاوازی بینەرانی شانۆ لە ئێستاو لە ڕابردوودا، ژیان ئیبراهیم لە گەڵ ئاژانسی ژنها کەوتۆتە یادی ئەو کاتانە کە لە هۆڵی "بەدیعە دارتاش" شانۆگەریان پێشکەش دەکردو دەڵێت: "ئەوکاتە ئەوەندە بینەری شانۆگەری زۆر بوو کە دەرگاو پەنجەرەکانیان دەشکاند بۆ بینینی شانۆکان."

 

 ژیان ئیبراهیم ئامۆژگاری ئەو ژنانە دەکات کە سەرەتای دەستپێکردنی کاری هونەریانە و دەڵێت: " زۆر ئاگاداری کەسایەتی خۆیان بن چونکە ئەوان دەبنە کەسێکی بەرچاوی ناو کۆمەڵگە"، ئاماژەی بەوەشدا پێویستە لە یەکەم شکستیاندا دەست هەڵنەرگرن و لە هەڵەکانیان فێری ئەزموون بن و بەرەو سەرکەوتن بەردەوام هەوڵ بدەن.