خەتی عەرەبی... حەز و خولیای ژنانی تونس کە لە نێوان جوانی و ڕەسەنێتیدا کۆدەبێتەوە
ژنانی تونس ئەوەیان سەلماند کە خەتی عەرەبی تەنها پیتێکی ڕەق نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە گوزارشت لە ڕۆح و ناسنامەی دەکات و پردێکە کە دەیگەڕێنێتەوە بۆ ڕابردووی مەزنی خۆی بۆ ئەوەی داهاتووی خۆی بە متمانە و داهێنانێکی زۆرەوە دروست بکات.
ئیخلاس حەمروونی
تونس ـ لە گۆشەیەکی هێمنی یانەی کولتووری لە سلێمان لە شاری نابل، لەو شوێنەی کە تیشکی پەنجەرەکان تاریکی هۆڵەکە دەبڕێت، فاتمە مەقدینی لەبەردەم پەڕەیەکی سپیدا دانیشتبوو و پێنوسەکەی لەنێوان پەنجەکانیدا هەڵگرتبوو و بە هێمنی و سەرنجێکی زۆرەوە پیتە جوانەکانی دەکێشا، وەک ئەوەی ساتێکی هاوشێوەی ژیانی پێشووی بژیبێتەوە.
بەشدارییەکەی فاتمە مەقدینی لە یانەی خەتی عەرەبیدا تەنها بەشداریکردنێکی کاتی نەبوو، بەڵکو گەڕانەوە بوو بۆ ڕابردوویەکی دوور، بۆ تەمەنی چوار ساڵی کاتێک یەکەم پیتەکانی فێر بوو. ئەمڕۆ، دوای زیاتر لە ٧٠ ساڵ، ئەم ژنە تەمەن ٧٥ ساڵییە دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ئەو هونەرەی کە هۆشیاریی دروست کرد، دەگەڕێتەوە بۆ خەتی عەرەبی کە هەمیشە ئاوێنەی ناسنامە و درێژبووەوەی ڕۆحی بووە.
ئەمە ساتێکە کە کاتێکی درێژ کورت دەکاتەوە، واتای خۆبەستنەوە بە ریشەکانەوە بەرجەستە دەکات لە سەردەمێکدا کە ژیان تێیدا خێرا دەبێت و وردەکارییە جوانەکان نامێنن. لەوێ، لە هۆڵی یانەی خەتی عەرەبی کە چیرۆکی ژنان لەخۆ دەگرێت، گەشتێکی نوێ دەست پێدەکات، یان لەوانەیە تەواوکەری گەشتێک بێت کە حەفت دەیە پێش ئێستا دەستی پێکردبوو.

٧٠ ساڵ جیای دەکاتەوە لە یەکەم پیتەکانی
فاتمە مەقدینی ڕوونیکردەوە، لە منداڵیدا و لە تەمەنی چوار ساڵییەوە خەتی عەرەبی خوێندووە، لە دوای ئەوەش چۆتە قۆناغی سەرەتایی و زمانی عەرەبی و فەرەنسی خوێندووە، هەروەها گەڕاوەتەوە بۆ مەشقکردن بە خەتی عەرەبی لە یانەیەکی تایبەتدا بۆ ئەوەی لە گەشتی تەمەنیدا بگڕێتەوە بۆ تەمەنی چوار ساڵی.
لە لایەکی ترەوە، لە نزیک فاتمە مەقدینییەوە، دوو قوتابی پۆلی پۆلی ئامادەیی بەشی ئەدەبی دانیشتبوون، یەکێکیان سیرین شووشی بوو، کە باسی لە حەز و خولیای خۆی بۆ زمانی عەرەبی کرد و هەڵبژاردنی خەتی عەرەبی بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەیەوە کە بە کولتووری تونسەوە هەیەتی، وتی: خەتی عەرەبی کولتوور و هونەر و مێژووە، بە ڕەگەز و جوانییەکەی جیا دەکرێتەوە، جەختیش لەسەر سەرسوڕمانی خۆی کرد بەم چالاکییە و سوربوونی خۆی لەسەر بەردەوامبوون تایبە بە فێربوونی سەرجەم پیتەکانی خەتی عەرەبی تا فێربوونی تەواویان.
پێی وایە پەیوەندیی ژن بە خەتی عەرەبییەوە شتێکی سروشتی دیار دەکات، بەو پێیەی ئەم هونەرە کولتوور و جوانی و ڕەوشت پێکەوە کۆدەکاتەوە، کە ئەمانە توخمگەلێکن لەگەڵ سروشتی ژن و گرنگیدانی بە جوانی و وردەکارییەکان دەگونجێن، هەروەها پێی وایە کە لەوانەیە ژن سەرکەوتووتر بێت لە ڕاهێنانی خەتی عەرەبی و شارەزابوون تیایدا، بەهۆی گرنگیدانی بە سیستەم و وردبینی و جوانی و ڕازاندنەوە، ئەمانەش ئەو توخمانەن کە یارمەتی دەدەن بۆ داهێنان لە دروستکردن و کێشانی پیتەکان بە پەنجەکانی.
سیرین شووشی داوا لە منداڵانی کچ دەکات کە ڕوو لە یانەی خەتی عەرەبی بکەن، بەشداری بکەن لە زیندووکردنەوەی ئەم هونەرە کە کەشێکی گرنگ لە کولتوور و مێژووی تونس پێکدەهێنێت، هەروەها هاندەریان دەدات بۆ بەردەوامبوون لەم بوارەدا و کارکردن بۆ پەرەپێدانی لێهاتووییەکانیان و شارەزابوون تیایدا.
ئایە مەخلووفی، کە ئەویش قوتابییە لە بەشی ئەدەبی، ڕوونیکردەوە، کە بەشداری کردووە لە چالاکی خەتی عەرەبیدا بەهۆی ئەوەی کە لەو هونەرەدا هەستی بە ڕەوشتبەرزی و جوانی کردووە وەک هونەرێک کە داهێنان و ڕەسەناتی پێکەوە کۆکردووەتەوە، پێی وایە خەتی عەرەبی لە وردەکارییەکانیدا لە ژن دەچێت، لایەنێکی گرنگی تایبەتمەندییەکانی کولتووری تونس نیشان دەدات، سەڕای جیاوازی شێوازەکانی، لەوانە خەتی ڕوقعە و خەتی قەیرەوانی و خەتی دیوانی.
و دوای ئەوەی لەم یانەیەدا حەزوخولیای خۆی دۆزییەوە، هاندەری هەموو کەسێکە کە ئارەزووی پەیوەندیکردن بەم جۆرە چالاکییانە و تایبەتمەندبوون لە خەتی عەرەبی دەکات، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم هونەرە ڕێگە بە مرۆڤ دەدات چێژ وەربگرێت و لایەنی نوێی کولتوور و مێژووەکەی بناسێت.

دۆزینەوەی دواکەوتوو و حەز و خولیای نوێبووەوە
زەینەب بوسەڵاح ئاماژەی بەوەشکرد، کە یەکەم بەشداریی لە یانەی خەتدا، ئامادەبوونی تەنها یەک خول، بەس بوو بۆ ڕاکێشانی بۆ ئەم بوارە و پاڵنانی بۆ بەردەوامبوون لە فێربوون بە ئامانجی فێربوونی تەواوی ئەم هونەرە.
پێی وایە خەتی عەرەبی تایبەتمەندییەکی جوانی و ڕۆحی تایبەتی هەیە، ئەوەش وای کردووە کە لای هەندێک لە ژنان بگۆڕنبۆ حەزێک یان پیشەیەکی هونەری، لە ڕێگەی دروستکردنی تابلۆ بە خەتی عەرەبی کە هەڵدەواسرێن بە دیوارەکاندا یان بەکاردەهێنرێن بۆ رازاندنەوەی ماڵەکان، لای ئەوەوە، جوانی و نەرمونیانی ژنی تونس لەگەڵ جوانی خەتی عەرەبی و وردبینییەکەیدا یەکدەگرنەوە، خاڵی هاوبەش و تەواوکەری لەنێوانیاندا دەبینێت، هیوادارە کە ژنانی تونس بایەخێکی زیاتر بەم هونەرە بدەن، هەر بوارێکیان هەبێت.
حەز و خولیای هونەری و درێژبوونەوەی ناسنامەی کولتووری
لە نێوان فاتمە و سیرین و ئایە و زەینەب و ژنان و منداڵانی کچی تری بەشداربوو لە یانەی خەتی عەرەبیدا، مامۆستا نەوال جەمالی، سەرپەرشتیاری یانەکە لە شاری سلێمان، بە چالاکی بەنێو ئامادەبوواندا دەجووڵێتەوە و ڕوونکردنەوەیان پێشکەش دەکات سەبارەت بە مێژووی ئەم هونەرە و بنەماکانی و وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە.
مامۆستا نەوال جەمالی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای پەیوەندیی خۆی بە خەتی عەرەبییەوە لە ساڵانی ڕابردوودا، کاتێک دەستی کرد بە فێرکردن لە کۆمەڵەی تونس بۆ هونەرەکانی خەت باشترکر دن، پاشان لە کۆمەڵەی زەیتوونە بۆ زانست و زانیاری. و گرنگی بە جۆرە جیاوازەکانی داوە، بەتایبەت خەتی ڕوقعە و دووبارەکردنەوە، لەپاڵ جۆرەکانی تری خەتدا، کە هاندەر بوو بۆ گەڕان بەدوای ئەم هونەرەدا و قووڵبوونەوە لە ڕەهەندە شارستانی و جوانییەکانیدا.
ڕوونیکردەوە، کە پەیوەندییەکەی بە خەتی عەرەبییەوە لەبەر ئەوەیە کە بەشێکە لە یادەوەری کولتووری و شارستانی عەرەبی، وتی: ئارەزووی بۆ فێربوونی و قووڵبوونەوە تێیدا لەبەر ئەوەش بووە کە قوتابخانەکانی جیاوازن، هەر خەتێک تایبەتمەندی و مێژوو و کولتووری خۆی هەیە، هەروەها هەر سەردەمێک و کۆمەڵێک لە گەلان شێوازی دیاریکراویان لە خەتەکان پەسەند کردووە بۆ ئەوەی گوزارشت لە شارستانییەتەکەیان بکەن و تایبەتمەندی کولتووری خۆیان جێگیر بکەن.
سەبارەت بە جۆرەکانی خەتی عەرەبی، ئاماژە بە زۆری و جیاوازی ئەرکەکانی دەکات، لەوانە خەتی دیوانی کە پەیوەندی هەبووە بە نوسینی دیوانەکانەوە، خەتی ڕوقعە کە لە نوسینە ڕۆژانەکاندا بڵاو بووەوە، خەتی توغرا کە پەیوەندی بە واژۆی سوڵتانەکانەوە هەبووە، لەپاڵ دیوانی جەلی کە بەکارهاتووە بۆ ڕازاندنەوەی نوسینی دیوانەکان، خەتی ئەندەلوسی کە پەیوەندی بە نوسینەکانەوە هەبووە لە ئەندەلوسیا، سەبارەت بە تونس، وتی: بە خەتی قەیرەوانی جیا دەکرێتەوە کە قورئان و دەستنووسە کۆنەکانی پێ نووسراوە، لە کاتێکدا خەتی کوفی بە یەکێک لە دیارترین ئەو خەتانە دادەنرێت کە پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە.
پێی وایە خەتی عەرەبی ئەمڕۆ لە قۆناغێکدا دەژی لە نێوان پاراستن و نوێگەریدا؛ کەسانێک هەن کە سورن لەسەر فێربوونی و پاراستنی لە شێوازە کۆنەکەیدا، لە کاتێکدا کەسانێکی تر هەوڵ دەدەن بۆ پەرەپێدانی و بەکارهێنانی لە بوارە نوێیەکاندا، بەتایبەت ئەوانەی بازرگانین، لە ڕێگەی مامەڵەکردن لەگەڵیدا وەک ماددەیەکی سەرەتایی هونەری و دووبارە چارەسەرکردنی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەمی و ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد.
سەبارەت بە ئامادەبوونی ژن لە یانەکان و وۆرک شۆپەکانی خەتی عەرەبیدا، پێی وایە کە ژنان ڕوویەکی زۆر دەكەنە فێربوونی ئەم هونەرە بەهۆی ئەوەی بە جوانییەکەی جیادەکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی پێویستی بە ئارامگرتن و تێڕامان و وردبینی و شارەزایی هەیە، پێی وایە ئەم تایبەتمەندییانە لە ڕوانگەی ئەوەوە لەگەڵ هەندێک لایەنی سروشتی ژندا یەکدەگرنەوە، ئەوەش وای لێدەکات زیاتر ڕوو بکاتە فێربوونی خەت و شارەزابوون تیایدا و هەندێک جار بەکارهێنانی لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانە ڕازاندنەوەی جلوبەرگی ژنان، بۆ ئەوەی تایبەتمەندییەکی جوانی دیار پێیان ببەخشێت.
مامۆستا نەوال جەمالی جەختی لەوە کردەوە، کە یانەی خەتی عەرەبی یەکێکە لە یانە گرنگەکان لە ناو ناوەندە کولتوورییەکاندا، بەو پێیەی ڕێگە بە بەشداربووان دەدات هونەرێک بدۆزنەوە کە جیاوازە لەو چالاکییانەی کە پێیان ڕاهاتوون، وەک ڕۆبۆتیک و سەما و وێنەکێشان، هەروەها ئەم هونەرە تایبەتمەندییەکی پەروەردەیی هەیە، چونکە تەنها سنووردار نییە بە لایەنی جوانییەوە، بەڵکو ئارامگرتن و چاوەڕوانی و هێمنی و وردبینی و شارەزایی فێر دەکات، ئەمانە بەهایەن کە جیاوازن لە سروشتی هەندێک لەو چالاکییانەی کە لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی ئەنجامی ئامادە و خێرا دامەزراون.
بەم شێوەیە، یانەی خەتی عەرەبی تەنها شوێنێک نییە بۆ فێربوونی نوسین و ڕازاندنەوە، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ مەیدانێک بۆ دۆزینەوەی بەشێک لە ناسنامەی کولتووری، و پەرەپێدانی ئارامگرتن و داهێنان، بەستنەوەی نەوە نوێکان بە هونەرێکەوە کە هەمیشە شایەت بووە بۆ گەشەسەندنی شارستانییەتی عەرەبی و ئیسلامی بە درێژایی سەردەمەکان.