ڕۆژی جلی کوردی لە کەلار بە چالاکی هونەری یادکرایەوە

ئەمڕۆ لە پەیمانگای تەکنیکی کەلار، بە بۆنەی ڕۆژی جلی کوردییەوە بە چالاکی هونەریی یادی ئەو ڕۆژە کرایەوە و ژنانی گەنج و گەنجان بە جلوبەرگی کلتوری کوردییەوە بەشداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە پەیمانگای تەکنیکی کەلاری حکومی، لە کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و ڕیکخراوی ژیانەوەی گەنجان، ١٠ی ئازار ڕۆژی جلی کوردییان بە چەند چالاکییەکی هونەریی پیرۆزکرد.

 

سەرەتای چالاکییە کورتەیەک لەسەر مێژووی ڕێکخراوەکان پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، پاشان تیپی هەڵپەرکێی شاوانیی، چەند بەرهەمێکیان پێشکەشکرد، و بەشداربووان کە بریتی بوون لە مامۆستایان و خوێندکارانی پەیمانگاکە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی.

 

لە بەشێکی دیکەدا شانۆیی کۆڵبەر لەلایەن تیپی شانۆیی شەم پێشکەشکرا، ناوەڕۆکی شانۆییەکە باسی لە نەهامەتییەکانی کاری کۆڵبەری و کۆڵبەران دەکرد.

 

ڕۆژی ١٠ی ئازار بە ڕۆژی جلی کوردی لەلایەن پەرلەمانەوە دیاریکراوە، ساڵانە لەم ڕۆژەدا لە قوتابخانەکاندا چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت و خوێندکار و مامۆستا و فەرمانبەران جلی کوردییان لەبەردەکرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، یادی ئەم ڕۆژە نەکرایەوە، بۆ ئەمساڵیش لەچاو چەند ساڵی ڕابردوودا، هیچ ئامادەکارییەک نەکرابوو، لە زۆربەی قوتابخانە و دامودەزگاکانی حکومەتیشدا یادی ئەم ڕۆژە نەکرایەوە.

 

ت.پ