ژنانى هەڵەبجە مەراسیمە دێرینەکان نوێ دەکەنەوە

گروپی چێشتەقولە ماوەى ساڵێکە دروستبووە و لەسەرەتای دروست بوونیانەوە چەندین سەیران و ئاهەنگی بۆ ژنان و لەچک سپییەکان ڕێکخستووە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- چێشتەقولە چییە؟ کێن ئەوانەى چێشتەقولە دەکەن؟ کێن ئەوانەى ئەو مەراسیمەیان نوێ کردووەتەوە؟ لەم دۆسیەیەی ژنهادا دەیخەینە ڕوو.

سوران فەرەج کوێخا، یەکێکە لە دامەزرێنەرانى گروپی چێشتەقولێ و لە لێدوانێکی تایبەتى بۆ ئاژانسی ژنها وتى: بیرۆکەى ئەم کارەمان بیرۆکەى ژنێکە بەناوی نافیعە کە چەند ساڵێکە لە دەرەوەى هەڵەبجە ژیاوە و ئیستا گەڕاوەتەوە لە هەڵەبجە دەژی، چەندین جارە بە چالاکی هەمەجۆر کۆدەبینەوە و یارییە دێرینەکان زیندوو دەکەینەوە.

 

کۆرۆنا و بارودۆخی نوێی ژیان پاڵنەری بەردوامیدان بە چالاکییەکانە

سوران، ئەندامی دەستەى دامەزرێنەر، لە درێژەى قسەکانیدا باس لەوە دەکات، کە بارودۆخى کۆرۆنا ئێستا وایلێهاتووە خەڵک زۆر لە یەکتر دوورکەوتووەتەوە و ترسیان لە تووشبوون هەیە، گۆشەگیری ماڵەوەن، بۆ ئەوەی کەمێک لە کەشوهەواى ناوماڵ و کۆرۆنا دووربکەونەوە لە ژێر ڕێنماییە تەندروستییەکان و دوور دانیشتن لە یەکترەوە، ڕەچاوی بارودۆخەکە دەکەین تاوەکو ژنان کاتێکی خۆش بەسەر ببەن.

چێشتەقولە چییە؟؟

چێشتەقولە، یارییەکى منداڵانەى سەردەمى کۆنە، ئەم یارییە شێوازێکی هەرەوەزی هەبووە و بۆ چاندنى ڕۆحی هاوکاری و هەرەوەزی، بە کۆمەڵ چێشت لێدەنرێت، هەر منداڵێک بەشێك لە خواردن دەهێنێت و منداڵان لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە، سوران دەڵێت: "چەندینجار ئەو یارییەم کردووە، دەست و قاچم سوتاوە و مەنجەڵی خۆراکەکەمان پڕ لە دوکەڵ بووە، بەڵام تاموچێژی تایبەت بەخۆی هەبوو".

 

کۆبوونەوەی ژنان، قسە و گاڵتەوگەپ، هەڵپەڕکێ و گۆرانی وتن، ژنانی دڵخۆش کردووە و دەتوانن چەند کاتژمێرێکیان بە ئاسوودەیی بەسەر ببەن، ئەوەی زیندووکردنەوەی یاری چێشتەقولەی جوانتر کردووە، بەشداریکردنی ژنانی لەچک سپییە، هەروەها چەندین ژن بێ جیاوازی شار و عەشرەت وخێڵ لە کۆبوونەوەکەدا دەبن و دڵخۆشن بە کۆبوونەوەیان.

بەهار محەمەد، ژنێکی بەشداربووی چالاکییەکەیە، باس لەوە دەکات کە دووەم جارە بەشداری چێشتەقولە دەکات، خۆی بە دڵخۆش دەزانێت، دەشڵێت: " لە کۆندا چەندین ژنی ئازا و بەناوبانگ هەبوون، بەڵام بەهۆی ئەو کارەساتانەی بەسەر هەڵەبجەدا هاتووە، ئێستا دەرفەتێکە بۆ یەکتر ناسینەوە و گەشەی زیاتری ژنان".

جگە لە هەڵەبجەش، خەڵک و گروپ لە سلێمانیەوە دێنە هەڵەبجە و تیکەڵ بە گروپەکە دەبن، عەتیە عەبدول ڕەحمان، لە سلێمانیەوە هاتووە و گروپێکی گەشتی هەیە بە ناوی "گروپی عەتاو"، دڵخۆشە بە کۆبوونەوەی ژنان لە دەوری یەکتر، داوا لە ژنانیش دەکات کە بێنە دەرەوە تا گۆڕانکاری لە ژیانیان دا بکەن.

ئەم گروپە ماوەى ساڵێکە دامەزراوە، بە شێوەیەکى بێ لایەنانە و سەربەخۆیانە چوونە دەرەوە بۆ ژنان ساز دەکات، وابڕیارە بەردەوامیش بن لە چالاکییەکانیان تا ژنانی زیاتر بەشداری بکەن.

ت.پ