ژنان زیاتر لە نیوەی فیستیڤاڵی زستانە پێکدێنن

فیستیڤاڵی زستانە تایبەت بە بەرهەمی دەستی و خۆماڵی زیاتر لە نیوەی لە ژن پێکهاتووە، کوردانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارن.

فیستیڤاڵی زستانە تایبەت بە بەرهەمی دەستی و خۆماڵی زیاتر لە نیوەی لە ژن پێکهاتووە، کوردانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارن.

سلێمانی

 

ماوەی دوو ڕۆژە فیستیڤاڵی زستانە لە کارگەی جگەرەکەی شاری سلێمانی کراوەتەوە، تێیدا چەندین جۆر بەرهەمی خۆماڵی و کاری دەستی نمایشکراوە، بەرهەمی دەرەکیش هەیە.

 

لە فیستیڤاڵەکەدا کاری دەستی، ئیکسسوارات، خواردنی کوردەواری، جلوبەرگی کوردی چنراو، شیرینی، خواردن و هەنگوین هەیە، هاوڵاتیان بە بەردەوامی دێنە فیستیڤاڵەکە و تامی خواردنەکان دەکەن، بەشێکی زۆری بەرهەمەکانیش داشکاندنی تایبەتیان بۆ کراوە.

 

ساکار حەمەکەریم، یەکێک لە ڕێکخەرانی فیستیڤاڵەکەیە، دەڵێت لە ڕووی ماددیەوە ئەم فیستیڤاڵانە سودێکی زۆری پێناگەیەنێت، بەڵام لەگەڵ هەر فیستیڤاڵێکدا ژمارەیەک خەڵکی زیاتر دەناسێت دواتر دەبنە هاوڕێی.

 

ساکار حەمەکەریم جەخت لەوەدەکاتەوە، هەمیشە گرنگیەکی تایبەت بە ژنان دەدەن، بەردەوام هاوکاری ژنان دەکەن، لە کۆی ٦٠ جێگای فرۆشتن، ٣٠ ژنانە، جگە لەوانیش ٣٠ کارمەندی ژن هەن لە جێگا فرۆشتنەکانی دیکەدا هەیە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ژنان بەشدارن.

 

شیراز حەسەن، یەکێکە لە ژنانی بەشداربوو، ئاماژەی بەوەدا کە دەتوانێت لە ڕێگای ئەم فیستیڤاڵ و کارانەوە بەهرەکانی خۆیان نمایش بکەن و کەلتوری کوردیش بە زیندووی دەهێڵنەوە، دەڵێت: ماوەی دوو ساڵە خەریکی ئەم کارەیە، هەوڵیداوە لە کارەکانیدا بە کەرەستەی کوالێتی بەرز بەکاربهێنت و ویژدانی خۆی ئاسوودە بکات.

 

ساڤۆ سەرباز، منداڵێکی ٨ ساڵە زۆر دڵخۆشە بە بوونی ئەم فیستیڤاڵە، هیوا دەخوازێت ئەم فیستیڤاڵانە بەردەوامبێت، چونکە چەندین کاڵای لێیە کە لە بازاڕ نەیبینووە.

 

فیستیڤاڵەکە لە ١ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، تا ٧ مانگ لە کارگەی جگەرەکە، لە کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ تا ١٠ شەو بەردەوام دەبێت.

 

ت.پ