ژنان پێشەنگی فیستیڤاڵی پایزەن

یەکەمین فیستیڤاڵی پایزەی تایبەت بە بەرهەمە خۆماڵیەکانی پێنجوێن کرایەوە، ژنان تێیدا باڵادەستی و تواناکانی خۆیان سەلماندووە، وەک پشگیرییەک بۆ گرنگیدانی زیاتر بە کاری ژنان و بەرهەمە خۆماڵییەکان دەیبینن.

 

هەوار محەمەد

شارەزوور- یەکەمین ڤیستیڤاڵی پایزە بۆ نیشاندانی بەرهەمە خۆماڵییەکان و کاری دەستی ژنان لە پارکی لازۆی قەزای پێنجوێن کرایەوە، هاوڵاتیان لە ناوچە جیاوازەکانی شارەزوور،هەورامان و سلێمانییەوە بۆ کڕینی بەرهەمە خۆماڵییەکان ڕوویان لە ڤیستیڤاڵەکە کردووە.

ئەم فیستیڤاڵە ماوەی دوو ڕۆژ ٢٣-٢٤/ ٩ بەردەوام دەبێت، لە کاتژمێر ١٠ بەیانی بۆ ١٠ شەو کراوە دەبێت.

لەم ڤیستیڤاڵەدا نزیکەی ٥٠ باخەوان، خاوەن کارگە و ژنانی دەست ڕەنگین بەشدارن و بەرهەمە خۆماڵییەکانی وەک گوێز،هەنگوین، دۆشاوی شۆکە، دۆشاوی توو، خواردنە خۆماڵییەکان و کاری دەست ڕەنگینی ژنان نمایشکرابوون، زیاتر لە نیوەی بەشداربووانی فیستیڤاڵەکە ژنن.

 

سیڤا عەلی، ئەندامی دەستەی ڕێکخەر سەبارەت بە گرنگی و ئامانجی کردنەوەی ڤیستیڤاڵەکە دەڵێت "پێمان خۆشبوو لە پێنجوێیش وەک هەموو شارەکانیتر ڤیستیڤاڵ بۆ نیشاندانی بەرهەمە خۆماڵییەکان ئەنجام بدرێت، بە تایبەت ئەو بەرهەمانەی کە قەزای پێنجوێن پێی ناسراوە".

هاوکات ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ژنان بەشدارییەکی بەرچاویان لە پێشانگاکەدا هەیە، پێشوازییەکی گەرمیان لە فیستیڤاڵەکە کردووە و بەکاری جیاواز بەشدارییان کردووە.

 

سروە عابید، ژنێکی بەرهەمهێنی ناوچەی هەورامانە و دانیشتووی شاری هەڵەبجەی شەهیدە  بەرهەمەکانی ناوچەی هەورامانی وەک ڕوبە هەنار، دۆشاوی توو و سرکەی سێوی لە پێنجوێن نمایشدەکات، باس لەوەدەکات لە کاتی ئامادەکردنی بەرهەمەکانیدا ژنانی دیکە هاوکاری یەکتر دەکەن، پاڵپشتی لەیەک دەکەن ڕۆژەکانیان جگە لە کارکردن وەک سەیرانێکیش بەسەر دەبەن.

 

دوای ئامادەکردنی بەرهەمەکانیان، وەک سرووە باسی دەکات بە خێزانی بەرهەمەکان دەکەنە کیسەوە، دواتر دەینێرە بازاڕی شارەکان و تەنانەت بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستانیشی دەنێرن.

 

لە بارەی فراوانکردنی کارەکەیان و گرنگی کردنەوەی ڤیستیڤاڵەکانەوە دەڵێت "زۆرکات پێویستمان بە هاوکاری دەوروبەر یان کەسی دیکە دەبێت بۆ کارەکانما، بۆیە زۆرینەی کات هەلی کار بۆ ژنانی گەنج دەڕەخسێنین، لە پاش فیستیڤاڵەکانیش داواکاری لەسەر بەرهەمەکانمان زیاتر دەبێت".

 

مەنیجە مستەفا، ژنێکی دەستڕەنگینی ناوچەی سلێمانییە ئەو ڤیستیڤاڵەکان وەک هاوکارییەک دەبینێت بۆ ژنانی دەستڕەنگین و دەڵێت "ئێمە و هاوڵاتیانیانیش لێی سودمەند دەبین".

مەنیجە ئەوەش دەخاتەڕوو، مانگانە و هەفتانە لە هەر شارێكی کوردستان ڤیستیڤاڵ و پێشانگا سازبکرێت ژنانی دەستڕەنگین بەشداردەبن، داواش دەکات ڤیستیڤاڵەکان پەیوەست نەکرێن بە وەرزەکانەوە و بەردەوامی هەبێت، چونکە کاری دەستڕەنگینی کارێکە تایبەت نییە بە وەرزێکەوە و هەموو کات کەرەستەکانیان بەکاردەهێنرێت.

 

میهرەی محەمەد، دەستڕەنگینێکی دیکەیە، ئاماژەی بەوەکرد زۆر کاری هونەری دەستییان پێشکەشی ئامادەبووانی ڤیستیڤاڵەکە کردووە  لە هەمانکاتیش ئاشنا بوون بە زۆر بەرهەمی خۆماڵی کە هەندێکیان جێگەی سەرنجی بوون و پێشتر ئاشنای نەبوون.

 

بەشداربونی ڤیستیڤاڵەکە دەڵین ئەم جۆرە ڤیستیڤالانە دەتوانن هۆکاربن بۆ ناساندن و بە بازارکردنی بەرهەمەکانیان.

 

کانی خەلیل، دانیشتووی قەزای پێنجوێنە و هاتووە بۆ فیستیڤاڵەکە، ئاماژەی بەوەکرد لە ڤیستیڤاڵەدا کاری دەستی جوان و بەهەمی خۆماڵی نیشاندراوە و دەستخۆشی بۆ جوتیار و باخەوان و ژنانی دەست ڕەنگین هەبوو، داواشیکرد هەموو ساڵێک ئەم فیستیڤاڵە لە پێنجوێن بکرێتەوە و بەردەوامی هەبێت.