ژنان لە ماڵەکانی داڵدەدانی شاری سلێمانی ئامادەی خۆیان بۆ ٨ی مارس دەربڕی

٨ی مارس ئومێدی ژنانی ناو ماڵەکانی داڵدەدانی سلێمانییە و بەو یادەوە پێشانگایەکی تایبەت بە کارە دەستیەکانیان کردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 ئەمڕۆ لە یادی ڕۆژی جیهانی ژندا، ژنانی ناو ماڵەکانی داڵدەدان پێشانگایەکیان بۆ کارە دەستیەکانیان بە هاوکاری ڕێکخراوی  un womemکردەوە، پێشانگاکە لە هۆڵی ئازاد شەوقی لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ٣ی پاش نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت، کە تێیدا نمایشی کارە دەستییەکانیان دەکرێت و تواناکانی ئەو ژنانە دەخرێتە ڕوو.

لە پێشانگاکەدا نزیکەی ٣٠ کەس بەشداری تێدا کردووە، بە بەرهەمەکانی خەیاتی، کاری دەستی، چنین و جوانکاری خانمان.

 

٨ی مارس چی دەگەیەنێت بۆ ئەو ژنانە؟

شیلان عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری ماڵی داڵدەدانی ژنان ئاماژە بەوە دەکات ٨ی مارس بۆ ئەو ژنانە تایبەتە هەست دەکەن ڕۆژێک هەیە کە یادی ژنان بکرێتەوە تیایدا و مافەکانیان بە دی بێت، ئێمە زۆر پشگیری ئەو ژنانەین بە چەندین خولی خەیاتی و دەست ڕەنگینی پاڵپشتیمان لێکردوون، هەروەها توندوتیژی بووەتە بەشێک لە ژیان و ئێمە هەوڵ دەدەین کێشەکانیان بۆ چاک بکەین".

 

هۆنیا جەلال، وەک مامۆستایەک و ڕاهێنەرێکی ماڵی داڵدەدانی ژنان سەبارەت بە پێشانگاکە دەڵێت "هەوڵم داوە زۆرترین کاری دەستیان فێر بکەم، ژنانەکان زۆربەیان کاری دەستی و خەیاتی دەکەن و خۆیان بەهرەیان زۆر تێدایە و کردنەوەی ئەم پێشانگایانە هۆکارە بۆ دەرخستنی تواناکانی ئەوان، گرنگە ژنان ئامادە بن لە شوێنی پەخشکردنی کارەکانیان بەڵام بەداخەوە ناتوانن خۆیان ئامادە بن بە هۆی کۆمەڵگەوە".

 

ژیار جەلال بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە لێدوانێکیدا بۆ ژنها ئاماژەی بەوەدا کارە دەستییەکان هی ژنانی ماڵی داڵدەدانی ژنان و ژنانی گەنجە لە خانەی نەوجەوانان، ئەم پێشەنگایانەش دەبنە پشتیوانییەکی ماددی بۆ ئەو کەسانە، هەروەها دەشڵێت: "ئەو ژنانەی لە ناو شەڵتر و خانەکاندان گرنگی زۆر بە لایەنی دەروونیان دەدرێت و وەکو تاکیش بە هەند وەردەگیرێن".

 

ت.پ