ژنان لە ڕێگەی گۆرانییەوە ئازار و خۆشی خۆیان دەردەبڕن

ژنانی تونس ڕایانگەیاند کە بە درێژایی مێژوو ژنان ڕوویان لە گۆرانی کردووە بۆ دەربڕینی هەست و ئازارەکانیان، لە سەردەمەکانی ڕابردوودا گۆرانی ڕێگەیەک بووە بۆ ئەوەی ژنان خۆشی و ئازارەکانیان دەرببڕن و ئەمەش تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- میراسی گۆرانی جێگەیەکی تایبەتی هەیە بۆ ژنان، بەو پێیەی گۆرانی بوون بە "ژینگەی پارێزراو" کە تێیدا دەتوانن هەستەکانی خۆیان دەرببڕن دوور لە سنوورە کۆمەڵایەتییەکان و بەبێ ترس لە دەسەڵاتی پیاو یان کۆمەڵگە.

 

"گۆرانییەکە دەربڕینی ژن بوو"

سەوسەن ڕەتیبی کە بە گوێگرتن لە گۆرانییە کۆنەکان گەورە بووە، گۆرانییەکانی لە دایک و باوکیەوە بە میراس گرتووە، ئەم گۆرانیانە نوێنەرایەتی میراسێکی کولتووری دەکەن کە لەلایەن ژنانی گوندەکەوە پارێزراون، لە ئێستادا سەوسەن گۆرانی دەڵێت کە چیرۆکی خۆشەویستی و ئازار و خۆشی و ژیان دەگێڕێتەوە، وتی: لە کۆندا گۆرانی ڕێگەیەک بووە بۆ ئەوەی ژنان خۆیان دەرببڕن، ژنان لە بەکارهێنانیدا داهێنەر بوون، گۆرانییە نەریتییەکان نەک هەر شادی نەبوون، دەربڕینی ئازار و مەینەتیەکانی ژنانیان لە کۆمەڵگەیەکدا کە سنووردارکردنیان بەسەردا سەپاندبوو. ژنان لە قبوڵکردنی شێوازی ژیانی خۆیان سنووردار بوون و پیاوان دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەبوو، هەر بەو هۆیەشەوە ڕوویان لە هونەر کرد و لە ڕێگەی گۆرانییەوە ئازارەکانیان دەردەبڕی، هەروەها پەیامەکەیان گەیاندە کۆمەڵگە.

 

"کلتوور و مێژووی دایکانتان بە زیندووی بهێڵنەوە"

ڕوونی کردەوە کە هەر لە گەنجیەوە گوێی لەو گۆرانیانە گرتووە و لەبیری بووە کە ژنان لە کاتی کارکردندا دەیڵێنەوە، هەروەها لە واتای ئەوان تێگەیشت تا باشتر دەریببڕێت و وتی: ئەمڕۆ لە فێستیڤاڵ و ئاهەنگەکاندا ئەو گۆرانییە فۆلکلۆریانە دەڵێمەوە، گۆرانی دەنگی ژنانە، بۆ پاراستنی کولتوور و چیرۆکی دایکانمان، دەبێت گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان بە زیندووی بهێڵینەوە.

"لە منداڵییەوە پارێزگاریم لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان کردووە"

تەبەر حوسنی کە تا ئێستاش گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان بە قسەکانی دەپارێزێت، هەستەکانی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: کاتێک بچووک بووم، کۆچەری بووین، هەمیشە شوێنمان دەگۆڕی، لەگەڵ دایکم دەچووینە کێڵگەکان و چاوم بە ژنەکان دەکەوت، ژنەکان پێکەوە گۆرانی فۆلکلۆریان دەوت، بە وردی گوێم لێدەگرتن و لەبەرم دەکردن، ئێستاش ئەو گۆرانییە فۆلکلۆریانە دەڵێمەوە کە لە ئاهەنگی هاوسەرگیری و ئاهەنگەکانی خێزاندا دەیانوت.

"بۆ دەربڕینی هەستەکانیان گۆرانییان دەوتەوە"

هەروەها سەوار قاهیری خۆشەویستی خۆی بۆ گۆرانیە فۆلکلۆرییەکان و لێکدانەوەکانیان بەم شێوەیە دەربڕی: من زۆر حەزم لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانە و تا ئێستاش لێیان دەکۆڵمەوە، بە درێژایی مێژوو، ژنان گونجاوترین ڕێگایان بۆ دەربڕینی هەستەکانیان دۆزیوەتەوە، کە لە ڕێگەی گۆرانییەوەیە، ژنان بۆ دەربڕینی ئازارەکانیان دەنگیان بەرز دەکردەوە، لە ڕابردوودا دەنگیان کز بوو، هەستەکانیان لە ڕێگەی ئەو گۆرانییە خەمناکەوە دەردەبڕدرا، نەوەکانی دیکەی فێرکرد کە شایەتحاڵی ئەو ئازارە بن کە لە ژیاندا تووشی بوون.