شانیا عەلی: هەرچەند کۆمەڵگە ڕێگری بکات واز لە ئامانجەکانم ناهێنم

گەنجێک بەهرەکانی خۆی لە دەفەکەی دەستیدا کۆدەکاتەوە، ڕیتمی ئامێرەکانی دەستی لە ناخیەوە هەڵدەقوڵێت، دەشڵێت: پێویستە ژنان دوای ئەو خولیایە بکەون کە لە ناخیان دایە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژنان بۆ خەون و خولیاکانیان بێ گوێدانە قسەی کۆمەڵگە و بەربەستەکانی بەردەمیان، هەوڵ دەدەن، گەنجان بە گشتی و ژنانی گەنج بە تایبەت لە ئێستادا پشتیان بە خۆیان بەستووە بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان، بەشێک لەو گەنجانە لە بواری هونەریدا خۆیان دۆزیوەتەوە و دەستیان داوەتە ئەو ئامێرانەی بوونەتە مۆرکی پیاوان، یەکێک لەوانەش دەفە.

 

شانیا عەلی ماوەی کەمتر لە ساڵێکە دەستی کردووە بە ژەنین و فێربوونی ئامێری دەف، بەڵام یەکێکە لە ژەنیارە باشەکان لەناو ژناندا، هەموو هێز و توانای خۆی کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە خولیاکەیدا سەرکەتوو بێت، بێ ئەوەی گوێ بداتە قسەی کۆمەڵگە، ئامانجیەتی لە ڕێی هونەرەکەیەوە گروپێکی ژنانە بنیاد بنێت و لە وڵاتە جیاوازەکان نمایش بکات.

 

"ئامێرە ڕیتمییەکان بە ئامێری پیاوان ناسراون، بەڵام ئێمە ئەو کولتوورە دەشکێنین"

شانیا عەلی، دەرچووی بەشی کۆمپیوتەر و ژەنیاری دەفە لە فێرگەی مەحوی، دەربارەی دەستپێکردنی بە فێربوونی دەف و ئامێرە ڕیتمییەکان ئاماژەی بەوەدا، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢وە دەستی کردووە بە فێربوونی دەف ژەنین دەڵێت: "حەزی خۆم بوو وە بە ڕێکەوت دەستم کرد بە ژەنینی دەف، چونکە ئامێرەکە ئامێرێکی ئاسان نییە و کاتی دەوێت".

 

دەف وەک ئامێرێکی ڕیتمی ئامێرێکی قورسە و پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە بۆ ڕاهێنان و فێربوون، بەڵام شانیا لە هەوڵەکانی نەوەستاوە تا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانێت بە باشترین شێواز دەف بژەنێت.

 

"ئەو ڕیتمانەی دەیژەنم هەڵقوڵاوی ناخی خۆمن"

شانیا باسی لەوەکرد، هێندە حەزی بە ژەنینی دەف دەکات تەواوی ڕیتمەکان لە ناخییەوە دەردەچن، هەست بەوە دەکات هەڵقوڵاوی ناخی خۆیەتی، ڕوونیکردەوە لەگەڵ دەستپێکردنی بە فێربوونی ژەنینی ئامێرێکی ڕیتمی وەک دەف، کە زیاتر باوە پیاوان بیژەنن و فێری ببن، شانیا لەلایەن خێزانەکەیەوە پاڵپشتی کراوە و بوونەتە هۆکارێک بۆ سەرکەوتنەکانی.

 

دەشڵێت: لە سەرەتادا هێندە ڕاهێنانم دەکرد تەنانەت ماڵیشەوەم بە دەنگی ڕاهێنانەکانم بێزار دەکرد، بەڵام هیچ کاتێک ناڕەزایەتیان دەرنەدەبڕی، بەڵکو پێیان دەوتم ئافەرم زۆر باش دەفەکە دەژەنیت، بۆیە هەبوونی خێزان و پاڵپشتییەکانیان گرنگن.

 

"بەردەوامم لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانمدا"

شانیای ژەنیار باس لە ئامانجەکانی خۆی دەکات، کە لە داهاتوودا ئامانجی ئەوەیە هێندە باش بێت لە ژەنینی دەفدا، بتوانێت ببێتە مامۆستایەکی باش، جگە لەوە ببێتە باشترین ژەنیاری دەف و کۆنسێرتی تایبەت بە خۆی بکاتەوە، هەروەها گروپێکی ژنانە بنیاد بنێت کە تەواوی گروپەکە ژەنیاری ئامێرە ڕیتمییەکان بن و بتوانن نەک تەنها لە ناوخۆیی کوردستان، بەڵکو لە دەرەوەی وڵاتیش کۆنسێرتی تایبەت بە خۆیان بکەنەوە.

 

شانیا ئاماژەی بە گرنگی هونەر کرد و وتی: پێویستە پەرە بە هونەرە جیاوازەکان بدرێت، بەتایبەت لەلایەن ژنانەوە، چونکە هونەر سەرەتای ژیانە، ژیان بە هونەرەوە جوانە و ئارامکەرەوەی ڕۆحە، بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان کەمترین گرنگی بە هونەر دراوە، لە کاتێکدا وڵاتانی دیکە گرنگی تەواوەتی بە هونەر دەدەن و هونەر تیایاندا پێشکەوتووە، هەرچەندە هونەرمەندی چالاک و باش هەن لە باشووری کوردستان.

 

لە کۆتایدا شانیا عەلی وتی: پێویستە ژنان گرنگی بە خەون و خولیاکانی خۆیان بدەن، گوێ بە قسەی کۆمەڵگە نەدەن کە ببێتە ڕێگر لەبەردەمیان، بەڵکو هەموو قسەکان بکەنە هۆکارێک بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجەکانیان.