ئەو هۆنراوانەی لە زیندان لەسەر زەرف نوسی کردی بە پەرتووک

ڕۆژنامەنووس دڵبرین تورگوت پەرتووکێکی شیعریی بە ناوی "دڵ برین" بۆ ئەو هۆنراوانەی چاپ کرد کە لە زیندان لەسەر زەرف نوسیبووی.

 

مەدینە مەمەد ئۆغڵو

ئیلح-  دڵبرین تورگوت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کتێبەکەی نوسیوە، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧دا دەستگیرکرا بۆ ماوەی پێنج ساڵ زیندانی کرا و لەو کاتەدا چەندین پێشێلکاری و ستەمی مافی مرۆڤی بەخۆوە بینی، دڵبرین لە ساڵی ٢٠١٩  بەشداری لە مانگرتن لە خواردن لە زیندانەکاندا کرد و پێنج مانگ بەردەوام بوو لە مانگرتن و ئەزموونەکانی لە زیندان بە هۆنراوە نوسی و دواتر کردیە پەرتووک.

 

هۆنراوەکانی لەسەر زەرف نوسیوە

دڵبرین تورگوت ئاماژەی بەوەدا کە  پەرتووکی هۆنراوەیی ٧٧ لاپەڕەیی بە ناونیشانی"دڵ برین"  لەو هۆنراوانەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە زیندان لەسەر ئەو زەرفانە نوسیویەتی کە لە دەرەوەی زیندان بۆیان براوە، دڵبرین ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی ئەو فشارەی کە لە زیندانی تارسوس کراوە نەیتوانیوە هۆنراوەکی لەسەر کاغەزێک بنوسێت و وتی: "دەرفەتەکان لە دەرەوە کەمتر بوون و دەیانتوانی دەست بەسەر پەرتووک و هۆنراوەکاندا بگرن، بۆیە لەسەر زەرف دەمنوسی و کاتێک بۆ پشکنین دەگەڕان دەمخستە ناو پێڵاوەکانم تا نەیبینن".

 

دەشلێت: "ئەوەی لە کاتی مانگرتنەکەدا ڕوویدا زۆر قورس بوو، بڕیارم دا هەست و بیرەوەرییەکانی خۆم کە لەسەر ئەو زەرفانەیە بەجێنەهێڵم بەم شێوەیە، بۆیە پەرتووکەکەم بڵاوکردەوە، من زیاتر هۆنراوەم لەسەر بابەتی مانگرتن لە خواردن نوسیوە، بەڵام لە هۆنراوەکانمدا سۆزێک هەیە بۆ خێزان و سروشت، زۆر دڵخۆشم کە هاوڕێکانم لە زیندان دەتوانن پەرتووکەکە بخوێننەوە".

 

دڵبرین تورگوت، لە کۆتاییدا تیشکی خستە سەر زیادبوونی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکانداو ئاماژەی بەوەکرد سەرەڕای فشارەکان زیندانییەکان وریان بەرزە.