یەکەمین چالاکی مۆزەخانەی هەوری بە ناوی حەوتەوانە بەڕێوەچوو

بە مەبەستی زیندووکردنەوەی مێژووی ژنانی کورد و دەرخستنی تواناکانی ژنانی گەنج، پێشانگایەک ڕێکخرا و تیایدا چەندین چالاکی جۆربەجۆر نمایشکران، کە هەموویان ئامانج لێیان نیشاندانی بەهرەی ژنانە.

ناوەندی هەواڵ

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، یەکەمین چالاکی مۆزەخانەی هەوری کە کردنەوەی پێشانگایەک بوو بە ناوی حەوتەوانە بەڕێوەچوو، تێیدا مێژووی ژنانی کۆنی کورد و نەتەوەکانی دیکە نمایشکران.

 

پێشانگاکەدا نمایشکردنی جلوبەرگ، دروستکردنی وێنە، کاری دەستی، کێشانی وێنەی ژنانی بە توانای کورد و جیهانیان لەخۆگرتبوو، ئامانجیش لێی دەرخستن و زیندووکردنەوەی توانای ژنان بوو لە مێژوودا، هەروەها بەهرەی ژنانی گەنج لە ڕۆژگاری ئێستادا خرایە بەرچاو، کە پێویستە هەمیشە ژنان بە تواناکانیان ببنە جێگەی شانازی کۆمەڵگە.

 

بەهار عبدول ڕحمان، دامەزرێنەری پڕۆژەی هەوری و ڕێکخەری پێشانگاکە تایبەت بە ژنها وتی: "یەکەمین چالاکییە کە ڕێکمان خستووە بۆ نیشاندان و زیندووکردنەوەی مێژووی ژنان، ئەمەش یەکەمین چالاکی نابێت بەڵکو چەندین چالاکی دیکە ئەنجام دەدەین لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و عێراقدا".

 

بەهار باس لە وشەی حەوتەوانە دەکات کە لە چیەوە هاتووە و دەڵێت: "حەوتەوانە مەبەست لێی هەسارەکانە واتە ژنانیش وەک هەسارەکان بەنرخن"، ئەوەشی خستەڕوو ئەم مۆزەخانەیە تەنها بۆ نیشاندانی مێژوو نییە، ئامانجمان دەرخستنی چیرۆکی ئەو ژنانەشە.

 

 

لە پێشانگاکەدا کتێبەکانی هۆنەر کەژاڵ ئیبراهیم خدر وەک یەکێک لە ژنە هۆنەر و نوسەرەکانی کورد بە میوانان ئاشنا بکرێت.

 

ژنانی وێنەکێش وێنەی تایبەتیان دەکێشا

نوا و سیڤا دوو ژنی بەشداربووی پێشانگاکەن کە بە کێشانی وێنە بەشداریان کردبوو، هەر لە کاتی پێشانگاکەدا وێنەیان دەکێشا، نوا مەحمود خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانە و ئەوەی ڕوون کردەوە کە بەشداری کردووە لە چالاکییەکەدا بە مەبەستی کێشانی وێنەی ژنە قارەمانەکان و زیندوو کردنەوەیان کە لە ئێستادا لەبیر کراون، هەروەها دەڵێت "نزیکەی چوار ساڵە خوێندکارم و کاری وێنەکێشان دەکەم، بۆ ئەمڕۆش وێنەی خانزادی سۆران دەکێشم".

 

سیڤا هاوڕێ بەهەمان شێوە خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانە و تایبەت بە ژنها دەڵێت: "ئامانج لەم پێشانگایە دەرخستنی جوانی ژنانە لە ڕێگەی تواناکانیانەوە".

سیڤا هەر لە منداڵیەوە خەریکی کاری وێنەکێشانە و وەک خولیا و حەزی خۆی وێنە دەکێشێت، تایبەت بەم پێشانگایەش وێنەی ژنێکی ناوچەی سۆرانی کێشا بە ناوی غزەر کە ئامێرێکی میوزیکی لە باوەشدایە و پارێزگاری لێدەکات.

 

نمایشی جل و بەرگ بەشێکی دیکەی پێشانگاکە بوو.

لە پێشانگاکەدا جلوبەرگی کوردی ناوچە جیاجیاکان نمایش دەکرا، هێڤی عەبدوڵا ژنێکە وەک نمایشکارێک یەکێک لە جلە کوردیەکانی لەبەرکردووە و نمایشی دەکات، هێڤی دەڵێت: "جلەکانی من تایبەتە بە دەڤەری بادینان کە لە کۆندا بۆ کاریی ڕۆژانە بەکاریان هێناوە"، دەشڵێت وەک خۆبەخشێک بەشداری کردووە و پێی باشە جلی کوردی ڕەسەنی خۆی پێوە بمێنێت و نوێکاری مۆدێرنی تێدا نەکرێت.

 

کاری دەستی پێشانگاکەی ڕازاندبۆوە

سۆزە محەمەد دەرچوی پەیمانگایە و لەوکاتەی بێ هیوا بووە لە دەستکەوتنی کار لە بوارەکەی خۆیدا بڕیاریداوە کاری دەستی بکات، سۆزە دەڵێت "کارەکانی من زیاتر کلتورین و زیاتر کارم کردووە لەسەر کلتوری کوردی، هەروەها کار لەسەر مێخەک، سمڵ و قاوە دەکەم"، باسی لەوەشکرد سەرەتا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە سەرنجی کاری دەستی داوە و فێر بووە بەڵام لە ئێستادا دروستکردنی کاری دەستی بووەتە هۆکارێک بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیانی، دەشڵێت خەڵکی ئێستا زۆر گرنگی بە کلتور و کەرەستە مێژووییەکان دەدەن هەر بۆیە کارەکانمیان لا جوانە.

 

ت.پ