یەکەم ڕۆمانی گرافیکی ژنێک بڵاوکرایەوە

لە مەراسیمێکی تایبەتدا یەکەمین پەرتووکی ڕۆز محەمەد خرایە ڕوو، کە ڕۆمانێکی گرافیکییە و باس لە یەکەم گەشتی خۆی بۆ بەغدا دەکات، ناوی پەرتووکەکەی هەڵقوڵای ناخی خۆی و جوگرافیای شارەکەیە.

لە مەراسیمێکی تایبەتدا یەکەمین پەرتووکی ڕۆز محەمەد خرایە ڕوو، کە ڕۆمانێکی گرافیکییە و باس لە یەکەم گەشتی خۆی بۆ بەغدا دەکات، ناوی پەرتووکەکەی هەڵقوڵای ناخی خۆی و جوگرافیای شارەکەیە.

سلێمانی

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆلی خاک لە شاری سلێمانی، ڕۆز محەمەد یەکەمین پەرتووکی خۆی لە جۆری ڕۆمانی گرافیکی بە ناوی "لە نێوان دوو ڕووبار" لە مەراسیمێکدا ناساند و بڵاوکردەووە.

 

پەرتووکەکە لە نزیکی ٢٠٠ لاپەڕە پێکهاتووە، بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی نوسراوە. بەشێکی زۆر لە پەرتووکەکە گرافیکەکان پڕیان کردووەتەوە، کە گوزارشتە لە کەشوهەوا و ئەو ڕووداوانەی بەسەر ڕۆزدا لە یەکەمین گەشتیدا بە تەنها بۆ بەغدا بەسەریدا هاتووە، هەوڵیداوە لە چەند دێڕێکی کورتدا باسی ئەو دۆخە بکات.

 

ڕۆز لە ٢٠١٩ لەدوای گەڕانەوەی لە بەغدا ئەو هەست و ڕووداوانەی لە  تیانووسی یادەوەرییەکانیدا نوسیوەتەوە، دواتر لە ساڵی ٢٠٢٠ وەک پڕۆژەیەک پێشکەشی سپارک سپۆتی عێراقی کردووە، ئەوانیش پەسەندیان کردووە، ماوەی نزیکی دوو ساڵ کاریان لە پڕۆژەکەدا کردووە.

 

ڕۆز محەمەد لە لێدوانێکی تایبەت بە نوژنها ئاماژەی بە ناوی ڕۆمانەکەی کرد، کە مەبەست لێی شاری بەغدا و وڵاتی عێراقە، کە خاکی میزۆپۆتامیا دەگرێتەوە، پێی دەوترێت وڵاتی نێوان دوو ڕووبار، هاوکات گوزارشتیش لە هەستەکانی ڕۆز دەکات لەنێو ئەو دۆخەی تێیدا بووە لە بڕیاردان و بڕیارنەدان و ژیانی خۆیدا. ئەم پەرتووکە یەکەمین بەرهەمی پەرتووکی ڕۆز محەمەدە، کە هەوڵیداوە ئەو ڕووداوانەی لە شارێکدا ڕووبەڕووی بووەتەوە بیماتە چیرۆکێک، بە شێوازی گرافیکی گوزارشتی لێبکات، کە هونەرێکە کەمتر لەنێو نوسەراندا بەکاردێت، ئەو هەوڵیداوە جیاوازتر کاربکات.

 

 پەرتووکەکە ڕەنگی پایز و زەرد بەسەریدا زاڵە، وەک ڕۆز دەڵێت لە کاتی چوونی بۆ بەغدا هاوین و گەرما بووە و دنیا زەرد بووە، هەر لەبەر ئەوە ئەو ڕەنگە لە یادەوەریدا ماوەتەوە و لە گرافیکەکاندا ڕەنگیداوەتەوە.