"ئامانجمە فیلمە کوردییەکان وەربگێڕمە سەر زمانی دیکە و بە جیهانییان بکەم"

 ژنێکی گەنج تواناکانی خۆی لە وەرگێڕانی فیلمدا کۆدەکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت فیلمە کوردییەکانیش وەربگێڕێتە سەر زمانە جیهانییەکان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ساڵانە لە وڵاتی جیاوازەوە فیلم بەرهەم دەهێنرێت، ئەم فیلمانە وەردەگێڕدرێنە سەر زمانە جیاوازەکان، لە ئێستادا چەندین ماڵپەڕ و سایت هەن فیلم لە زمانەکانی دیکەوە وەردەگێڕنە سەر زمانی کوردی، چەندین گەنج لەو بوارەدا کار دەکەن و ژنانی گەنجیش ئاستێکی باڵایان تۆمار کردووە، چەندین ژنی گەنج هەن لەو بوارەدا خۆیان دۆزیوەتەوە و توانیویانە سەرکەوتن بەدەست بهێنن، لیزا ڕزگار نمونەی یەکێکە لەو ژنە گەنجانە، لە پاڵ خوێندنەکەی دەستی کردووە بە کاری وەرگێڕان و خاوەنی چەندین فیلمی وەرگێڕدراوی تایبەت بە خۆیەتی.

 

"خولیای بۆ وەرگێڕان وایکرد دەست بکەم بەو کارە"

لیزا ڕزگار، خوێندکاری کۆلێژی یاسایە لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەڵام ماوەی چوار ساڵە سەرقاڵی کاری وەرگێڕانە، لە ئێستاشدا سەرپەرشتیاری یەکێک لە ماڵپەڕەکانی وەرگێڕانی فیلمە، لیزا باس لە شێوازی دەستپێکردن بە وەرگێڕان دەکات و ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ تەواوبوونی پۆلی ١٢ دەستی کردووە بە کاری وەرگێڕان، هۆکارەکەشی ئەوەبووە ئەوکات بێ کار بووە و خولیای ئەوەی هەبووە کارێک بکات.

 

لیزا لەو تەمەنەوە زمانەکەی لەو ئاستەدا بووە بتوانێت وەرگێڕانی فیلم بکات، بەڵام خودی خۆی حەزی لە وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ بووە لە بری ئەوەی فیلم وەرگێڕ بکات، بەڵام بەهۆی حەزی بۆ تەماشاکردنی فیلم، دەست دەکات بە وەرگێڕانیش، دەڵێت: سەرەتا بۆ من قورس بوو، چونکە سەرەتای زانکۆم بوو، هەروەها کارەکەش ئەزموونێکی نوێ بوو بۆم، بەڵام تووانیم بەسەر زەحمەتییەکاندا سەربکەوم و بگەمە ئەم ئاستەی ئێستام.

 

"لە خۆبەخشییە گەیشتم بە ئامانجەکانم"

لیزا باس لەوە دەکات، وەک هەموو گەنجێک کە دەست دەداتە کارێک و بۆی تازەیە نەیتوانیوە جێدەستی خۆی بەتەواوەتی دەربخات، بۆیە بڕیاری داوە سەرەتا بە کاری خۆبەخشی دەستپێبکات و ماوەی سێ ساڵ کاری خۆبەخشی کردووە، فیلمی وەرگێڕاوە و ئەزموونی کۆکردووەتەوە، خۆی فێری زمانی جیاواز کردووە، ئەمەش وایکردووە لە ئێستادا بتوانێت کاری وەرگێڕانەکەی وەک سەرچاوەیەکی دارای بۆ خۆی دابین بکات.

 

لیزا لە سەرەتای دەستپێکردنی بە کاری وەرگێڕان، تەنها دوو زمانی دەزانی، ئەوانیش عەرەبی و ئینگلیزی، بەڵام لە ماوەی کاری خۆبەشیدا توانیویەتی چەندین زمانی وەک فارسی و تورکی بزانێت لەگەڵ شێوەزارە جیاوازەکانی زمانی کوردی.

 

"زانینی زمان بنچینەی وەرگێڕانە بەتایبەت شێوەزارە جیاوازەکانی زمانی کوردی"

لیزا ڕزگار باس لە بوون بە سەرپەرشتیاری و گەیشتن بەو ئاستە دەکات و دەڵێت: "هەبوونی متمانە و توانای کەسەکان، دەیانگەیەنێتە ئامانجی خۆیان وەک چۆن منیش بە هەوڵ و ماندووبوونەکانم گەیشتمە ئامانجەکەی خۆم"، لە سەرەتاوە وەک هەر وەرگێڕێکی ئاسایی دەستی پێکردووە و بە ماوەیەکی زۆر فیلمێکی وەرگێڕ کردووە، بەڵام لە ئێستادا ئاستەکەی گەیشتووەتە ئەوەی بە ماوەی تەنها یەک ڕۆژ فیلمێک وەربگێڕێت یاخود چەند کاتژمێرێک بەتایبەت فیلمە نوێکان.

 

لیزا یەکێکە لە وەرگێڕانی فیلمی "کۆبانێ" کە باس لە شەڕی دژی داعش و بەرخۆدانی ژنانی شەڕڤان دەکات، ئاماژەی بەوەدا، زانینی زمان گرنگە بۆ کەسێک کە کاری وەرگێڕان بکات، چونکە سەرەتا زانینی زمانەکەیە دواتر داڕشتنەوە و ڕێکخستنی وشەکانە، کاتێک کەسێک وەرگێران دەکات، ئەوەندەی پێویستە ئینگلیزیەکە بزانێت ئەوەندەش گرنگە شارەزایی لە زمانی کوردی و شێوەزارە جیاوازەکانیدا هەبێت، دەوڵەمەند بێت بە زمانەوانی کوردی، بۆ ئەوەی بتوانێت پەیامی ڕاستی فیلمەکە بگەیەنێت، دەشڵێت: گرنگە وەرگێڕ شێوەزارەکانی دیکەی کوردی بزانێت، وەرگێڕی فیلمەکانیان بکات، بۆ ئەوەی پارچە جیاوازەکانی کوردستان ئاگاداری مێژوو و ڕووداوی یەکتر بن، لە ڕێی فیلمەوە هەموو ئەو کولتوور و پەیامانە بگاتە ناوچە جیاوازەکان تا بزانرێت هەر پارچەیەک چ تایبەتمەندیەکی خۆی هەیە.

 

"ئامانجمە فیلمی کوردی لە ڕێی وەرگێڕانەکانمەوە بە جیهانی بکەم"

لە کۆتایدا لیزا ڕزگار باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی جۆری فیلمەکان کرد و ڕوونیکردەوە، وەرگێڕ پێویستە بزانێت چ فیلمێک هەڵدەبژێرێت لە ڕووی ناوەڕۆک و ئەو دیمەنانەی فیلمەکەی لەخۆگرتووە، بۆ ئەوەی فیلمێک بێت سود بە کۆمەڵگە بگەیەنێت، نەک ببێتە هۆکار بۆ تێکدانی دەروونی گەنجان و بینەرانی، هەروەها وەک خودی خۆی پێی باشە دیمەنە نەرێنی و نەشیاوەکان لا ببرێت، بۆ ئەوەی تا کار نەکاتە سەر کۆمەڵگە و بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپی نەبات.

 

هەروەها باسی لەوەشکرد، لە سەرەتای دەستپێکردنیەوە خێزانەکەی پاڵپشتیان کردووە، بەڵام وەک هەر ژنێکی دیکە قسەی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی بووەتەوە، بەتایبەت کە ژنێکە و لەو تەمەنەوە دەستی کردووە بە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، وتی "ئامانجمە فیلم و بەرهەمە کوردییەکان وەرگێڕمە سەر زمانەکانی دیکە و جیهانیان بکەم".