ئازارەکانی ژنێک لە کورتە فیلمێکدا

کورتە فیلمێک کە گوزارشت لە ئازارەکانی ناو ژنانی گەنج دەکات دوای ئەوەی تەمەنیان دەبێتە ١٨ ساڵ و خانەی بێ سەرپەرشتان بەجێدەهێڵن، ئازارەکانی ژنان بوونەتە چیرۆکی سەرەکی ئەو کورتە فیلمە، هەوڵدراوە وێنای ڕاستەقینەی ئازایەتی ژن نیشانبدرێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لە ڕێگای کورتە فیلمێکەوە ئازارەکانی ژنانی گەنج نیشاندەدەرێت، کە پاش دەرچوونیان لە خانەی بێسەرپەرشتان ڕووبەڕووی کۆمەڵگا، سیستم و چەندین کێشەی جۆراوجۆر دەبنەوە.

 

کورتە فیلمی "١٨-١٩" لەلایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بە هاوکاری ڕێکخراوی NPA نەرویجی بەرهەمدەهێندرێت، چیرۆکەکان لە ژیانی ڕاستەقینەوە وەرگیراون، ماوەی فیلمەکە نزیکی ١٥ خولەکە، پێنج ئەکتەری سەرەکی و ٣٥ ئەکتەری لاوەکی تێیدا بەشدارە.

 

ماوەی وێنەگرتنی کورتە فیلمەکە چوار ڕۆژ بووە، ڕۆژە حەسەن بەرهەمهێنەر، دەرهێنەر و سیناریستی فیلمەکەیە، دیمەنەکان لە سلێمانی وێنە گیراون و لە ئێستادا کاری بەرهەمهێنانی کورتە فیلمەکە لە قۆناغی دوای بەرهەمهێناندایە و کاری مۆنتاژ و میوزیکی بۆ دەکرێت.

 

ڕۆژە حەسەن، دەرهێنەری کورتە فیلمەکە، هەوڵدەدات لە ڕێگای ئەو کورتە فیلمەوە دۆخی ئەو ژنە گەنجانە نیشان بدات کە لە دوای ١٨ ساڵیەوە دەبێت لە خانەی بێسەرپەرشتان دەربچن، بە تەنها و بێ پاڵپشتن و هیچ کەسیان نییە و ڕووبەڕووی کۆمەڵگا و کەلتور دەبنەوە، بەڵام چیرۆکەکانیان و ژیانیان پەراوێزخراوە، "بیرۆکەی ئەم ئیشە لەو چیرۆکە پەراوێزخراوانەیە کە ئێمە نایبینین، بۆ ئێمە گرنگە بیان نووسینەوە تا بەشێوەیەکی جیاوازتر نیشانی خەڵکی بدەین"

 

ئامانج لە دەرهێنان و بڵاوکردنەوەی ئەو فیلمە دوو لایەنەیە، یەکەم ئازارەکانی ئەوان نیشان دەدات و هاوسۆزییەک لەگەڵ بینەرەکان لەبارەی ژیانی ئەو ژنە گەنجانە دروست دەکرێت، دووەم لایەنە بەرپرسیارەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

 

بەشێکی ئەو فیلم، دراما و کورتە فیلمانەی کە هەن وێنای ژن بەشێوەیەکی نەشیاو دەخەنە پێشچاوی بینەر، ڕۆژە حەسەن هۆکاری ئەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی ژن لە پرۆسەی بەرهەمهێنان، دەرهێنان و سیناریۆی فیلمدا، کە لە زۆرینەی کاتەکاندا تەنها پیاون، ئەوانیش لەوانەیە گرنگی بە چۆنیەتی نیشاندانی ژن نەدەن، تەنها پیاوان دەکەنە قارەمان.

 

"ئیتر ئیشی ئێمەیە کە بتوانین ئەو چیرۆکانە بنوسینەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی پێشتر هەبووە، ئێمە وێنە ڕاستەقینەکان نیشان دەدەین، چونکە چەندەها چیرۆکی ڕاستەقینە هەیە کە نەخراونەتەڕوو، ئێمە وەکو ژن بینینێکی دیکەمان لە فیلمەکاندا هەیە".

 

نیشاندانی ژنان بە شێوەکی جیاواز کە چۆن ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان دەبێتەوە وایکردووە، کە سیا جەزا ڕۆڵی سەرەکی لە کورتە فیلمەکەدا پەسەند بکات، دەڵێت "ئەوەی زۆر سەرنج ڕاکێشە لام ئەوەیە، کە وێنەی کارەکتەرێکی لاواز نیشان نەدراوە، وێنەی کاراکتەرێکی ئازا نیشاندراوە، کە ڕووبەڕووی ژیان دەبێتەوە و خۆی دەسەلمێنێت".

 

سیا جەزا، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، کە فیلمەکە پەیامێکی هەیە، دەستدەخاتە سەر خاڵە ڕەشەکان، کارێکی قورس بوو بەڵام چێژێکی تایبەتی هەبووە، "ئەو ڕۆڵ بینینە معاناتی سەدان منداڵ نیشان دەدەیت، ڕەنگە زۆربەمان بیرمان لەوە نەکردبێتەوە دوای ١٨ ساڵی ئیتر ژیان لەو خانەیەدا تەواو، لە کاتێکدا ١٨ ساڵی تەمەنێک نییە کەسێک بتوانێت بە ئاسانی لەسەر پێی خۆی بوەستێت".

 

کورتە فیلمەکە ڕەخنە لە سیستم دەگرێت

ئەو دەخوازێت، کە سەرکەوتنی کورتە فیلمەکە لە ئاستی ماندووبوونی ئەواندابێت و پەیامەکە بگاتە بینەر و دەسەڵات، چونکە پێی وایە ئەو سیستمە هەڵەیە، کە دوای ١٨ ساڵ ئیتر دەبێت ئەو کەسە لە خانەی بێسەرپەرشتان نەمێنێت، لە کاتێکدا بێ خێزان و کەسوکارە، "ئەم کورتە فیلمە ڕەخنە لە دەسەڵات، سیستم، کەلتور و کۆمەڵگا دەگرێت"، بەگرنگیشی دەزانێت لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە کاری زیاتر لەسەر ئەو پرسە بکرێت.

 

هێشتا پرۆسەی بەرهەمهێنانی کورتە فیلمەکە کۆتای نەهاتووە، بەڵام دەرهێنەری کورتە فیلمەکە جەخت لەوەدەکاتەوە، کە هەوڵدەدەن بەشێوەیەکی فراوان و لە سینەماوە سەرەتا کورتە فیلمەکە نمایش بکەن، دواتر زۆرترین خەڵک بینەری کورتە فیلمەکە ببێت.

 

ت.پ