ئازارەکانی ژن لە شانۆیەکدا دەهۆنێتەوە

شیلان عەبدوڵا، ئەکتەری دیاری کورد لە شانۆییەکدا ئازارەکانی ژنان دەهۆنێتەوە و بۆ بینەرەکانی نمایش دەکات، دەشڵێت بینینی ئازارەکانی ژنان وایکردووە باشتر ئەو ڕۆڵە بگێڕم.


ناوەندی هەواڵ
 
 
شیلان عەبدوڵا، ئەکتەری دیاری باشوری کوردستانە، لە ڕۆژی ١٥ تا ١٩ مانگ شانۆییەک دەبارەی ئازارەکانی ژن لە کۆمەڵگای کوردیدا بە ناوی "ئەی لاواز کە ناوت ژنە" لە هۆڵی پشتیوان بەدەوی لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی نمایش دەکات.
 
ئەم شانۆییە، شانۆییەکی مۆنۆدرامیی مەرگەساتە، لەلایەن میسال غازی، نوسەری عێراقی نوسراوە، نەهرۆ مەلا محەمەد دەرهێنانی بۆ دەکات، باس لە ئازاری ژنێک دەکات کە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەو پیاوە دەکات کە خۆشی دەوێت، لە ڕێگای خەونەکانییەوە باس لە ئازارەکانی ژن دەکات، دەیەوێت ئەو پەیامە بە بینەر بدات کە ژنان چ ئازاریکیان هەیە و ستەمیان لێدەکرێت.
 
شیلان ماوەی نزیکەی دوو مانگە پڕۆڤە دەکات، هیوا دەخوازێت زۆرترین ژن و پیاو بێن و سەیری شانۆییەکە بکەن، وەک خۆشی دەڵێت، چیرۆکی کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر ژنان بە بێتاوانی، هاندانێکی زۆر بووە بۆ ئەوەی بە نواندنێکی ڕاستەقینە ئازارەکانی ژن بگەیەنێتە بینەر.
 
باس لەوەش دەکات، دەبێت ژنان خۆیان مافی خۆیان بەدەست بهێنن، هەنگاو بنێن بۆ سەرکەوتن یەکەم هەنگاوی سەرکەوتنیش متمانە بەخۆبوونە، دەڵێت "من لەگەڵ خۆم بینەرەکان دەبەمە سەر تەختی شانۆ و ئازارەکانی خۆم وەک ژنێک نمایش دەکەم".
 
ئەگەرچی ئەو ستافە ماوەیەکی زۆرە بەردەوام پڕۆڤە دەکەن، شیلانیش هیوا دەخوازێت بینەریکی زۆرییان هەبێت، بەڵام وەک شانۆکارێکیش باس لەوە دەکات کە ئێستا کاری شانۆیی زۆر کەمە، ئەمەش لەبەر نەبوونی بودجە بۆ ئامادەکردن و نمایشکردنی شانۆ.
 
شیلان عەبدوڵا، لە ساڵی ١٩٩٩ کاری هونەری دەکات، نزیکەی ٥٠ کاری هونەری هەیە، لە ئێستاشدا ئەندامی "ناوەندی تاف بۆ کاری هونەری"یە، ئامادەکاری دەکات بۆ نمایشکردنی شانۆیی "ئەی لاواز کە ناوت ژنە".
 
شانۆیی "ئەی لاواز کە ناوت ژنە" لە ڕۆژانی ١٥-١٩ی ئەم مانگه لە کاتژمێر ٤ی ئێوارە لە هۆڵی پشتیوانی بەدەوی لە تەلاری هونەر نمایش دەکرێت.
 
ت.پ