یادەوەرییەکانی ئەسفەهان، ئاوێتەی هونەر و مێژوو

ئەسفەهان یەکێکە لە بەناوبانگترین و خۆشەویستترین شارە گەشتیارییەکانی ئێران، بە تایبەت لە ڕۆژانی نەورۆزدا ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری ئێرانی و بیانی ڕووی تێدەکەن، هونەری نەریتی، تەلارسازی ئیسلامی بێوێنەی بینا مێژووییەکانی ئەم شارە لە زۆر بەشی جیهاندا بەناوبانگە.

 

سارا ئورمیە

شاری ئەسفەهان دەکەوێتە بەشی ناوەندی ئێران لەو دەشتانەی هاوتەریبە لەگەڵ ڕووباری زەینەدە، یەکێکە لە شارە هەرە جوانەکانی جیهان، بەهۆی هەبوونی مێژووی دێرینی و چەندین شوێنەواری سەرنجڕاکێش، بە وتەی نووسەری فەرەنسی، ئاندرێ مالراک، تەنیا فلۆرانس و پەکینگ دەتوانرێت بە ئەسفەهان بەراوورد بکرێت.

شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەسفەهان بریتین لە کۆکردنەوەی باشترین نموونەکانی بیناسازی هەزار ساڵ پێش ئێستا و زیاتر، چۆنایەتی و چەندایەتی ئەو جۆرە کارە هونەریانە زۆرە و خاوەن چەندین هونەری تەلارسازییە، لە نێو شوێنەوارە مێژووییەکانیدا دەکرێت چەندین جۆری جیاوازی کاشی کاری، گەچ کاری، نەخشی سەر دیوار و خۆشنووسی ببینرێت.

 

ئەسفەهان شوێنی چەندین هونەری ناوازەیە کە لە سەرانسەری جیهاندا خاوەن ناوبانگێکی تایبەتە، وەک: زر چنین (جۆرێک لە ڕاخەری تایبەتە)، چنین و نەخشی تایبەت، چنینی تایبەتی پولەکە لەسەر قوماش، چنینی ئەتەمین، هەروەها چەنین هونەری دیکە.

بەهەمان شێوە ئەسفەهان خاوەنی چەندین پیشەسازییە وەک: نەخشی سەر گۆزە و کەرەستە جوانکارییەکانی ناو ماڵ، کاشی کاری، قەلەم کاری (هەڵکۆڵینی نەخشی کەرەستە جوانکارییەکان و قوماشی جوانکاری)، چنین و کێشانی تابلۆی میناتۆر، نەخشی مینا، زێڕ و زیوی ئەسفەهان لە تەواوی جیهاندا بەناوبانگە.

 

شیرینییەکانی شاری ئەسفەهان

مەیدانی نەخشی جیهان یەکێکە لە باشترین شوێنەکانی ئەسفەهان بۆ کڕینی هەموو جۆرە یادەوەرییەکی ناوەزە و تایبەت لە کاری دەستی، هەروەها لە خواردن و خواردنەوە، لەوانە: گەزۆ، پۆلکی، نەبات، هەنگووین، برشتۆک، شیرینی نان برنج، کرکی، شەکر گوێز، سوهان بە هەنگوین.

گەزۆی ئەسفەهانی: یەکێکە لە شیرینیە بەناوبانگ و بەتام و چێژەکانی ئێران، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٤٥٠ ساڵ پێش ئێستا بۆ سەردەمی سەفەوییەکان، خەڵکی ئەسفەهان لە گەزەنگبین دروستی دەکەن.

پۆلکی: یەکێکی ترە لە شیرینیە بە ناوبانگەکانی شاری ئەسفەهان، بە چەندین تامی جیاواز دروست دەکریت، وەک: زەعفەرانی، فستق، کونجی، لیمۆ، زەنجەفیل، گویزی هندی، بە ئاو و هێل و دارچینی و چەندین کەرەستەی دیکە درووست دەکرێت.

نەبات: ڕەنگە تا ئێستا وامانزانیبێت نەبات یادەوەرییەکی تایبەتە بە مەشهەد، بەڵام نەبات یەکێکی ترە لە جۆرەکانی شیرینی ئەسفەهان کە بە چەندین تامی جیاواز درووست دەکرێت، دارچینی، نەعنا، زەعفەران، زیرە، لیمۆ و تەرخون، لەلایەن پێشەوەرەکانی ئێرانەوە بەرهەم دەهێنرێت و دەفرۆشرێت بە چەندین شێوازی جیاواز.

هەنگوین: یەکێکە لە باشترین و پەسەندترین هەنگوینی ئێران، کە گەشتیاران وەک یادەوەرییەکی تایبەت دەیکڕن، جۆرەها هەنگوین بە تامێکی خۆش وەک هەنگوینی زەرد و هەنگوینی ئەکڕێکت لە کۆگاکانی ئیسفەهان هەن.

برشتۆک: ئەم شیرینییە بە ئاردی گەنم و ئاردی نۆک و ڕۆنی ڕەق و هاڕاوەی هێل و سپێنەی هێلکە و فستقێکی وردکراو ئامادە دەکرێت و تامی ناوازەی هەیە.

شیرینی کرکی: یەکێکی ترە لە شیرینیە بەتام و بەناوبانگەکانی ئەسفەهان و پێکهاتووە لە ئاردی گەنم، شەکر، ڕۆنی ئاژەڵ، هێلکە، هاڕاوەی هێل و زەعفەران.

گوێز بە شەکر: یەکێکە لە خۆشترین شیرینییەکانی میوە لە ئێران، یەکێکە لە بەناوبانگترین یادەوەرییەکانی ئەم شارە، کە بە میوەی وەک هەرمێ، هەڵوژە، قەیسی، هەنجیر، لەگەڵ ناواخنی گوێز و شەکر دروست دەکرێت.

 

کارە دەستییەکانی ئەسفەهان

کارە دەستییەکانی ئەم شارە ناوبانگێکی جیهانی هەیە و بینەرانی سەرسام دەکات، نەخشی مینا کە لەسەر گۆزە و قاپ دەنەخشێنرێت و هەروەها نەخشی چنراوی سەر قوماشەکان هەر لە مێژەوە ناوبانگێکی جیهانیان هەیە.

مینا کاری: سەرەتای پەیدابوونی نەخشی مینا تایبەتە بە ئەسفەهان، دەست ڕەنگینەکان چەندین کەرەستەی پێدەڕازێننەوە، وەک: ئاڵتوون، زیو، مس، برۆنز، هەروەها جوانییەکی تایبەت دەدات بە هونەری گڵکاری و کارە دەستییە چنراوەکان.

خاتم کاری: هونەرێکی دیکەیە لە یادەوەرییەکانی ئەسفەهان، هونەرمەندانی ئەسفەهان ئەم هونەرە دروست دەکەن بە دانانی پارچە داری بچووک پێکەوە و دروستکردنی شێوەی ئەندازەیی جوان، ئێسکی وشتر و ئەسپ و کانزای زێڕ و زیو و ئەلەمنیۆم و مس و دار و تەختە، کە لە تەواو بووندا ئەم ماددانە بەکاردەهێنرێت.

قەلەم کاری: هەڵکۆڵین لەسەر قوماش هونەرێکی دیکەی دێرینی کاری دەستی خەڵکی ئەسفەهانە، لەم هونەرەدا ئەو قوماشانەی کە لە کەتان دروست کراون بە یارمەتی قاڵبە تەختەکان کە ئامادەن بۆ ڕەنگ کردن (ڕەنگەکان لە ڕووەکی تەقلیدییەوە دەست دەکەون)، پاشان لێدەدرێن.

زرباف: قوماشی زرباف جۆرێکی ترە لە قوماشی نەریتی کە لە لیستی یادەورییەکانی ئەسفەهان دادەنرێت و زۆر بەنرخن و لە ئاوریشم دروست دەکرێن و ڕەنگاو ڕەنگن، ئاڵتوون و زیو لە پێکهاتەی ئەم قوماشە بە نرخەدا هەیە.

ملیلە کاری: هونەرێکی جوان و بەنرخ و زۆر ناسکە کە بە مس و زێڕ و زیو بەرهەم دەهێنرێت و ناوبانگێکی باشی هەیە، یەکێکە لە پڕ فرۆشترین کارە دەستییەکان لە ئەسفەهاندا، هونەرمەندانی ئەسفەهان کار لەسەر چەندین کەرەستەی زێڕ و زیو دەکەن وەک: ملوانکە و گوارە، هەروەها لەگەڵ چەندین کەرەستەی ڕازاوەدا وەک: مەنجەڵ و چەندین جوانکاری دیکەی ناو ماڵ.

بەرهەم هێنانی کاشی: کاشی نەخشدار و ڕەنگاو ڕەنگ یەکێکە لە کۆنترین جۆرەکانی کاشی لە ئەسفەهاندا، زۆرکات ئەو کاشیانە بەکاردەهێندرێن بۆ ڕازاندنەوە و لە نووسینی ناوە ڕزگاربووەکان لە سەردەمی سەلجوق لە شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەسفەهان، دروستکردنی کاشی ئێستا بەشێکە لە هونەر و پیشە تەقلیدییەکانی ئەسفەهان و هەموو جۆرە کاشییەکی حەوت ڕەنگی و مۆزاییک و قاپی کاشی و گۆزە و هتد لەم شارەدا بەدی دەکرێت.

مسگەری: لەگەڵ هەموو کارە دەستییەکان و کاڵای ناسک و شاکارەکانی ئەسفەهان مسی ئەم شارەش ناوبانگێکی تایبەتی هەیە، کە مێژووی ئەم کارە دەستییە بۆ ٥٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

پیرۆزەیی: یەکێکی تر لە کارە دەستی و یادەوەرییەکانی ئەسفەهان هونەرێکی کەلەپوورییە، کە لە ئێستادا لەلایەن چەند پیشەوەرێکەوە پراکتیزە دەکرێت، هونەرمەندان خشڵ و قاپ و پەرداخ و پرژێن و گوڵدان بە بەردی بچکۆلەی پیرۆزەیی لە شێوەی مۆزایک دەڕازێننەوە، ئەم هونەرە لەسەر مس و زیو و بڕۆنز ئەنجام دەدرێت، نرخەکەی بەپێی ئەو کێش و کانزا و قەبارە و قاڵبانەیە کە لەسەر بەرهەمەکە دروست دەکرێن.

هەڵکۆڵین: یەکێکی ترە لە پیشە بەناوبانگەکانی ئەسفەهان، بە یارمەتی چەکوش و قەڵەم کاڵای بەنرخ بەرهەم دەهێنن وەک گۆزە و سندووق بە قەڵەمکاری و هەڵکۆڵین لەسەر مس کانزا و زێڕ و زیو.

 

ت.پ