وێنەکێشێک، نەبوونی دەستەکانی نابنە بەربەست لە بەردەم بەهرەکانیدا

وێنای ژیانت بکە کە لەسەر تابلۆی وێنەکێشان ڕەنگ دەداتەوە بەهۆی لێوەکانتەوە، قورسە، وانییە؟، ژیانی ئەم ژنە هونەرمەندە فیلم نییە، بەڵکو ڕاستییەکە کە بەسەر هەموو کۆسپ و تەگەرەکانی ژیانیدا سەردەکەوێت، ئەو توانای بەکارهێنانی دەستی نییە بەڵام بە بەکارهێنانی لێوەکانی وێنە دەکات.

 

زهور ئەلمەشرقی

تونس- بێگومان ئێمە بە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە لە دوای سەیرکردنی فیلمی "پێی چەپی من" سەیری هونەری وێنەکێشانمان کردووە، فیلمەکە چیرۆکی کوڕێک دەگێرتەوە، کە توانای پیاسە و قسەکردنی نییە بەڵکو قاچی چەپی بۆ وێنەکێشانی بەکاردەهێنێت.

 

نیگارکێشی تونسی نەجات بامی دەستی کرد بە وێنەکێشان لەسەر دیواری ماڵەکەی بە بەکارهێنانی دەمی کاتێک تەمەنی چوار ساڵان بوو، پاش لەدایکبوونی ئەترۆفی ماسولکەی سپینی هەبوو، لەو کاتەوە نەیتوانی دەستی بەکاربهێنیت بەڵام ئەو دەزانێت چۆن بەرەنگاری هەموو کۆسپەکان ببێتەوە.

 

تابلۆکانی لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نمایش کراوە و مەدالیای ڕێزلێنانی پێبەخشراوە با چیرۆکەکەی لە خۆیەوە ببیستین: "من سەرەتا فڵچەیەکم هەڵگرت کاتێک کچێکی چوار ساڵان بووم، ڕۆژێکیان بە بەکارهێنانی لێوەکانم دیوارەکانی ماڵەکەمانم بۆیاخ کرد، لەو کاتەوە خەونێکی گەورەم هەیە حەزم لە ڕەنگەکان بوو وێنەکێشان بۆ من خەونێکە کە خۆمی تیادەبینمەوە".

 

"وێنەکێشان چەکێکە کە ڕێگەم پێدەدات خۆم بسەلمێنم"

نەجات بامەری باسی لەوەکرد کە دایک و باوکی هەرگیز بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان ناکەن، وتی: "بەبێ ماندووبوون و ئاستەنگی سەرکەوتن بەدەست ناهێنرێت، دایک و باوکم هەر لە منداڵییەوە  هەمان مامەڵەی خوشک و براکانمیان لەگەڵدا کردووم، من هیچکات هەستم بە جیاوازی نێوان خۆم و خوشک و براکانم نەکردووە، بێگومان من جیاوازم، بەڵام زاڵبووم بەسەر هەموو ئەو بەربەستانەی کە لە دەرەوەی ماڵ ڕووبەڕووی دەبوومەوە، وەک هەموو ئەو ژنانەی کەمئەندامن و لە کۆمەڵگای پیاوسالاریی دەژین، دەتوانم فڵچەیەک ببەم، رەنگەکان بە دەمم  تێکەڵ بکەم تابلۆ بووە بە چەکێک کە ڕێگەم پێدەدات خۆم بسەلمێنم".

 

"خێزانەکەی باوەڕیان بە خەونەکەی هەیە"

نەجات بامەری هەمیشە باوەڕی بەخەونەکەی بووە، گرنگترین شت ئەوەیە کە خێزانەکەی هەمیشە باوەڕیان پێی بووە و بەم شێوەیە باسی کرد: "خێزانەکەم هەمیشە هاوکار و پشتیوانییان دەکردم و باوەڕیان بە تواناکانم و خەونەکەی من هەبوو، وەک من باوەڕم پێهێناوە، تەنها شتێک کە پێویستم پێیەتی کاتێک دەست دەکەم بە وێنەکێشانی کەرەستەکانم ئەوەیە خێزانەکەم لە نزیکم بن، کاتێک هەوڵدەدەم لە ماڵەوە بە تەنیا وێنە بکێشم، هەندێک جار کەرەستەکانم فڕێ دەدەم چونکە ناتوانم خۆم دەستم پێیان بگات، بەڵام دووبارە وێنەدەکێشمەوە بە دڵنیایەوە، من هەندێک جار خانووەکە پەرش و بڵاودەکەمەوە، بارودۆخی ژیان بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە وڵاتەکەم زۆر سەختە".

 

هیچ وشەیەک نییە وەک هەژار، لاواز، مەحاڵ، قورس لە ژیاندا !

نەجات پێی وتین کە هیچ وشەیەک نییە وەک هەژار، لاواز، مەحاڵ و قورس لە ژیاندا "پێم وایە دەبێت بەسەر هەموو ئەو زەحمەتی و کێشانەی کە رووبەڕووم دەبنەوە زاڵ ببم، هەوڵ دەدەم جیهانێکی ئەرێنی بنەخشێنم، حەز ناکەم کە خەمێک دیاربێت، من ژنێکی بەهێزم و هەرگیز پێویستم بە میهرەبانی نییە، وێنەکێشان ژیانە بۆ من سەرچاوەی بوون و هزر و بەختەوەریی منە، کاتێک منداڵ بووم شتەکانم لە دنیای خەیاڵدا دەکێشا وەک سەرچاوەی دەربڕینی پەرۆشی و نیگەرانیم کاتێک گەورە بووم، هەوڵم دەدا تابلۆکانم ڕەنگبکەمەوە و بیسەلمێنم کە نەبوونی ئەندامێکی جەستە نە ڕێگرە و نە کەموکوڕتییە".

 

"حەز ناکەم تابلۆکانم بفرۆشێت"

نەجات تابلۆکانی وەک منداڵەکانی تەماشا دەکات، دەڵێت: "تابلۆکانم وەک منداڵەکانم وایە"، نەجات کە گەشتی زۆرێک لە وڵاتانی وەک جەزائیر و میسر و تورکیا دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناچار بوو هەندێک لە تابلۆکانی بفرۆشێت: "زۆر هەستم بە دڵتەنگی کرد بۆ فرۆشتنیان، هەروەها بۆ پێشانگایەک چووم بۆ فەرەنسا".

 

ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن دامەزراوەی ئافرێنەرانی عەرەب لە میسر دکتۆرای فەخری بە نەجات بەخشرا، هەروەها لەلایەن سەرۆکایەتی تونسەوە بە بۆنەی ٨ی مارسی ٢٠١٩ ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە مەدالیای ڕێزلێنانی پێبەخشرا.

 

"پەیامی نەجات بۆ ژنانی سەرتاسەری جیهان"

نەجات پەیامی خۆی دەگەیەنێت بە ژنانی سەرتاسەری جیهان و دەڵێت: "سەرەتا بوونی خۆت بۆ خۆت بسەلمێنە، چونکە سەرەتا ژنێکی سەرکەوتوو دەبێت خۆی بزانێت و چۆن سنووری خۆی بشکێنێت و خۆی خۆشبوێت، ئەوەی دەتەوێت بیکە، بە زەحمەتەوە کار بکە و ئارام بگرە، ئەگەر باوەڕتان  بەم جۆرە بێت بێگومان دەتوانن سەربکەون".

ت.پ