ئاوێزان نوری: ژنان دەتوانن لە شیعردا زیاتر ڕەنگی خۆیان نیشانبدەن

ڕێکخراوی کوردیو لە شارۆچکەی سەیدسادق کۆڕێکی شیعری بۆ هەردوو شاعیر ئاوێزان نوری و عومەر سەید ڕێکخست.

شارەزوور

 

ئێوارەی دوێنێ ڕێکخراوی کوردیو لە شارۆچکەی سەیدسادق کۆڕێکی شیعری بۆ شاعیران ئاوێزان نوری و عومەر سەید، بە بەشداری ئەدەب دۆستان ڕێکخست.

 

لە کۆڕە شیعرییەکەدا چەند بەرهەمێکی شاعیران پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، ئاوێزان نوری لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بەوەدا کە کەمی ژن لە کایەی شیعر و ئەدەبدا بە ڕوونی دەبینرێت و وتی: ژن هەمیشە ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە سەرجەم کایە و ڕەنگەکاندا، ئەوە کۆمەڵگەیە دەرفەت بە ژن نادات و پێیوایە گەر ئازادی بە ژن بدرێت لە سنور دەردەچێت، ئەمە پێچەوانەکەی ڕاستە، ئەو سەلیقە و توانایەی کە لەلای ژنان هەیە بە دەگمەن لای پیاو هەیە، پێویستە ژن ئەو بەربەستانە بشکێنێت، تا پیرۆزی خۆی بپارێزێت و خۆی ببێت بە خاوەنی خۆی نەک کەسی دیکە ببنە خاوەنی ژنان.

 

لە ڕووی دەربڕینەوە لە شیعردا ئەو شاعیرە دەڵێت: ئەو وشانەی ژن دەینووسێت تەواو جیاوازە لە وشە و دەربڕینی پیاو، زمانی شیعری پیاو و ژن جیاوازن، گەرچی بە ڕووکەش جیانەکراوەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا جیاوازن، چونکە ئەو ئازادیە ڕەهایەی لەمنداڵیەوە بە پیاوان دراوە نەدراوە بە ژنان، ژنان ئەو ئازار و سەختی و ڕێگری و دەردەسەریانە دەنووسنەوە کە پێیدا تێپەڕیوون بۆیە نووسینی ژنان باسکردنی خودی ژنە و پێویستە هەمیشە هەبێت.

 

شیعر مێژوویەکی کۆنی هەیە، سەرەڕای بەربەستەکانی بەردەم ژنان، بەڵام هەمیشە لە سەردەمە جیاوازەکاندا ژنانی شاعیر مۆری خۆیان لە مێژووی شیعر داوە و لەو ڕێگەوە ژنبوونی خۆیانیان نووسیوەتەوە.