بەشداری ژنان لەناو دنیای سینەمای کوردیدا

چیرۆکی مەم و زین لەلایەن دەرهێنەری کورد ئیمیت ئیلاجی کراوە بە فیلم و بەهۆی ئەوەی لە باکووری کوردستاندا بووە، نەتوانراوە زمانی فیلمەکە کوردی بێت، ئەمە و چەندان نمونەی دیکە هەن کە فیلمە کوردیەکان بە زمانی وڵاتانی داگیرکاری کوردستان بەرهەم هێنراون.

سلێمانی

 

سەرباری بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان و ئاستەنگییەکانی کارکردن لە بواری هونەردا بەڵام هونەرمەندانی کورد هەمیشە هەوڵیان داوە کە بەرهەمی کوردی لە بواری سینەما و درامادا بخەنە بەر دیدی بینەر و چەندەها نمونەی هونەریمان هەیە لە چوار پارچەی کوردستان، لە باکووری کوردستان ساڵی ١٩٩١ فیلمی مەم و زین بەرهەم هێنراوە لە دەرهێنانی ده‌رهێنه‌ری بەڕەگەز کورد ئیمیت ئیلاجی، فیلمەکە باس لە چیرۆکی ئەوینداری نێوان کوڕێک بە ناوی مەم و کچێک بە ناوی زین دەکات، بەڵام بەھۆی قەدەغە بوونی بەکارھێنانی کوردی لەو سەردەمەدا بە زمانی تورکی بەرهەم هێنراوە، ئەم فیلمە بە نیشاندانی ئێوارەیەکی نەورۆزەوە دەستپێدەکات کە پیرە پیاوێکی کورد خەریکە چیرۆکی مەم و زین دەگێڕەتەوە بۆ لاوانی گوندەکە.

 

ساڵانی ٢٠٠٠، ساڵی گەشانەوەی فیلم و درامای کوردی

لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠ وە تا ئەمڕۆ کۆمەڵێک دراما و فیلمی سینەمای لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەرهەم هاتون، ساڵی ٢٠٠٢ فیلمی گێژاو بەرهەمهێنراوە لە دەرهێنانی هاوڕێ مستەفا، فیلمەکە باس لە کارەساتی ڕەوی کورد دەکات بۆ یۆنان، تاڤگە محەمەد، سابات محەمەد و هاژە عوسمان کۆمەڵێکن لەو ژنانەی لە فیلمەکدا بەشدارن، هەر هەمان ساڵ فیلمی ژیان بەرهەمهێنراوە، ماوەی فیلمەکە ١٢٠ خولەکە و کاری دەرهێنان و سیناریۆی لەلایەن جانۆ ڕۆژبەیانی بۆ کراوە، چیرۆکی فیلمەکە باس لە کوڕێک ئەکات بە ناوی دیاری کە دەگەڕێتەوە بۆ شاری هەڵەبجە ئەمەش لەدوای پێنج ساڵ لە پڕۆسەی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە، هەریەک لە پڕشەنگ بەرزنجی، دەریا قادر، ڕووبار ئەحمەد، تارا عەبدولڕەحمان، شەهلە محەمەد، پەروین شازادە، گوڵێ حەمە، نەشمیل محەمەد، گوڵێ حەسەن، ئیمرە محەمەد وەک ئەکتەری ژن ڕۆڵیان بینیوە.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی ٢٠٠٤ فیلمی کیسەڵەکان دەفڕن لە دەرهێنانی بەهمەنی قوبادی هەیە، فیلمەکە باس لە ژیان دەکات لە سەردەمی جەنگ و ژیانی منداڵان لەسەر سنورەکان و تراژیدیای زۆر قوڵی ژنی تێدایە و کچێکی بچووک ڕۆڵ دەبینێت کە دەستدرێژی دەکرێتە سەر، نیوەمانگ فیلمێکی دیکەی بەھمەن قوبادییە و بەرھەمی ساڵی ٢٠٠٦ە، فیلمەکە باس لە موزیک ژەنێک دەکات بەناوی مامۆ، بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتێک لەگەڵ کوڕەکانیدا دەچێت بۆ عێراق، لە گەشتەکەیاندا ڕووبەڕووی چەندین گرفت و سەختی دەبنەوە، هەردوو ئەکتەری بەڕەگەز فارس ھدیە تەھرانی، گوڵشیفتە فەراھانی وەک ئەکتەری ژن لەم فیلمەدا بەشدارن .

 

ساڵی  ٢٠٠٧ فیلمی ژانی گەل بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی جەمیل ڕۆستەم لە باشووری کوردستان، چیرۆکی فیلمەکە لەسەر بنەمای ڕۆمانی ژانی گەلی ئیبراهیم ئەحمەدە، کە باس لە کوڕێک دەکات بە ناوی جوامێر کاتێک خێزانەکەی کاڵێ دووگیانە و ژانی ھەیە، جوامێر دەچێت مامانێک بھێنێت تا مناڵەکەیان ببێت، بەڵام بەڕێکەوت دەکەوێتە ناو خۆپیشاندانێکی کوردەکانەوە کە داوای ئاشتی و برایەتی لە نێوان کورد و عەرەب دەکەن، هەریەک لە  ڕێناس وریا، ژیان ئیبراھیم، سۆلاڤ محەممەد غەریب  وەک ئەکتەری ژن ڕۆڵیان بینیوە.

 

ساڵی ٢٠٠٧ فیلمی دۆڵ بەرهەمهینرا لە دەرهینانی هونەر سەلیم، ئەم فیلمە باس لە دابەشکردنی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەی کورد دەکات و ڕووداوەکانی فیلمەکەش لە سێگۆشەی سنوری نێوان تورکیا و عێراق و ئێران ڕوو دەدات، فیلمەکە ڕەخنەگرتنێکی دیارە لە سیاسەتی کەمالیستی تورکیا بەرامبەر بە کوردانی باکوور، ئەکتەران ئۆلکر، سیبل دوغولسار ئەردۆغان وەک ئەکتەری ژن بەشدارن.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی ٢٠١٠ هەردوو فیلمی (ماندوو) و (کوێستانی قەندیل) بەرهەمهێنران، ماندوو لە دەرهێنانی ئیبراهیم سەعیدی خەڵکی شاری مهابادە، چیرۆکی فیلمەکە باس لە بەسەرهاتی بنەماڵەیەکی ئاوارەی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات پەنایان بردۆتە بەر کوردستانی باشوور لای عێراق و دوای ٢٨ ساڵ ئاوارەیی و هەڵوەدایی دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، فیلمەکە بە زمانی کوردی و عەرەبیە، ژمارەیەک ئەکتەری ئێرانی و کوردی بەشدارن، ڕۆژان محەمەد جەزا، خاتوون غەدیر شەمران  وەک ژنە ئەکتەری کورد بەشدارن، فیلمی کوێستانی قەندیل-یش لە دەرهێنانی تەها کەریمی بەرهەمهێنرا، چیرۆکی خۆشەویستی سێ فەقێی مرگەوتێکە کە لە ژیان و خۆشەویستی ئەوانەوە دەچێتە ناو ژیانی دەیان دایکی ڕۆڵە ون بووی كورد،  تورك، عەرەب و فارس لە ناوچەیەکی وەک کوێستانی قەندیل، باسی پێكەوە ژیان و بەریەککەوتنی پەیوەندیەكانی چوار نەتەوەی دراوسێی دەكات، شەهین ئەمینی، لەمیاء حسەین بەشداریان تێدا کردووە.

 

ساڵی ٢٠١١ فیلمی شوێنێک بۆ یاری بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی شەوکەت ئەمین کورکی، فیلمەکە باس لە چیرۆکی ٣٠٠ خێزانی کورد دەکات کە لە یاریگای تۆپی پێی کەرکووک لە بن ڕەشماڵ دەژین، ڕۆژان حەمە جەزا تێیدا بەشدارە.

 

٢٠١٢ فیلمی هێلانە سوتاوەکان بەرهەمهێنراوە لە دەرهێنانی شهرام مسلخی بەڕەگەز کورد، چیرۆکی فیلمەکە لە ڕووداوێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە و زمانی فیلمەکە کوردی –فارسیە، دەربارەی کوڕێکە بە ناوی عەلی کە بەهۆی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە ئاوارەی وڵاتی ئێران دەبێت و دوای ساڵانێکی زۆر دەگەڕێتەوە هەڵەبجە و بڕیار دەدات بە دوای خێزانەکەیدا بگەڕێت، بەشداربووانی ئەم فیلمە ژیان ئیبراهیم خەیات، شەهێن جەمال، هەژان هێرش و کۆمەڵێک ئەکتەری دیکەن.

 

ساڵی ٢٠١٢ لە دەرهێنانی سەردار خەلیل فیلمی هیوا بەرهەمهێنراوە، چیرۆکی فیلمەکە باس لە چەند ڕۆژێكی پێش ڕاپەڕینەكەی خەڵكی كوردستان دەكات لە ساڵی ١٩٩١ دا، هەریەک لە  ژیان ئیبراهیم، سۆلین دڵپاك وەک ئەکتەری ژن بەشدارن.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی ٢٠١٤ فیلمی مەردان بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی بەتین قوبادی برای بچوکی دەرهێنەری کورد بەهمەنی قوبادی، چیرۆکی فیلمەکە باس لە سەردەمی منداڵی پۆلیسێك دەكات كە تووشی چەندین ڕووداوی ناخۆش هاتووە، دواتر تووشی خەمۆكی و تەنیایی دەبێت و لەچیاكانی كوردستاندا بە دوای پیاوێكی ونبوودا دەگەڕێت، هێلانە عەبدوڵڵا "هێڵی لۆڤ"، ئازەر قوبادی، بێریتان یلدیزتان وەک ئەکتەری ژن ڕۆڵیان بینیوە.

 

لە باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ فیلمی بیرەوریەکانی سەر بەرد بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی ئەمین شەوکی کورکی یە،  سیناریۆکەی فیلمێکە لە ناو فیلمێکدا، باس لە گروپێکی سینەمایی دەکەن کە دەیانەوێت فیلمێکی سینەمایی لە بارەی ئەنفال بەرهەمبهێنن، لەناو فیلمەکەشدا چەندین ڕووداوی کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی دروستدەبن، شەیما مەلایی، دیمەن زەندی ڕۆڵیان تێدا بینیوە.

 

ساڵی ٢٠١٥ فیلمی عاشقەکان بە پێوە دەمرن بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی شەهرامی مەسلەخی کە بەڕەگەز کوردە و خەڵکی شاری هەڵەبجەیە، زمانی فیلمەکە کوردی-فارسیە، چیرۆكی‌ فیلمه‌كه‌ باس له‌ڕۆژنامه‌نوسێك ده‌كات به‌ناوی‌ ڕه‌زا كه‌ هیوا ئه‌دۆزێته‌وه، ‌ ئه‌و سه‌ربازه‌ی‌ له ‌جه‌نگی‌ عێراقدا ڕزگاری‌ كردووه، ئەم فیلمە ‌‌دیدگایەکی جیاواز بۆ جەنگ و وێنەی دوژمن پیشان دەدات، هونەرمەندانی ژن سروش سیحەت، سۆلین دڵپاك، چریكە عەبەڕەش، عەسەل هێرش بەشداربوون تیایدا.

 

‌ ساڵی ٢٠١٥ فیلمی مایکرۆفۆن بەرهەمهێنرا لە دەرهێنانی کەریمۆک، فیلمەکە باس لە لە دەڕبڕینی حەزەکانی منداڵێکی کورد دەکات، لەڕێگەی مایکرۆفۆنی مزگەوتەوە باسی خولیاکانی خۆی دەکات و گۆرانی دەڵێت، مایکرۆفۆن دەستبردنە بۆ هەندێ بابەتی پەیوەست بە کۆمەڵگەوە و ڕەخنە لە چەند دابونەریتێکی کۆمەڵایەتی دەگرێت، سۆلاڤ شەیدا وەک ژنە ئەکتەرێکی دیاری ناو فیلمەکە بەشدارە، لە ٢٠١٦شدا فیلمی شەوی حیساب لەلایەن هونەرمەند حسێن سێودین کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، بیرۆكەی ئەم فیلمە لەبەشی شەوی حسابی ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەكانی بەختیار عەلی وەرگیراوە، ئاوارە ستار، دەوەن نەوزاد و ئاشنا عومەر ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە.

 

هەمان ساڵ فیلمی چیرۆکی ئەوینداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمهاتووە لە دەرهێنانی ئەحمەد ڕەمەزانزاد، فیلمەكە تایبەتە بە كارەساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و باس لە چیرۆکی ئەوینداری نێوان وێنەگرێکی ئێرانی و کچێکی کوردی جەنگزەدە دەکات لە کاتی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا، شیلان ڕەحمانی وەک ئەکتەری ژن ڕۆڵی سەرەکی بینیوە.

 

ساڵی ٢٠١٩ فیلمی نرخی ئازادی لە دەرهێنانی جەمیل سەرمەستی بەرهەمهێنرا، فیلمەکە وێنەیەک لە خەبات و خۆڕاگریی نەتەوەیەک و مێژوویەک لە قارەمانێتی و قوربانیدانی گەلێک بۆ ئازادی پیشان دەدات، ئەکتەرە ژنەکانی وەک ئەوین غوڵامی، سۆما ناسری، ئەفسانە ئاقابەیگپوور، نەرگس سەجادی، نیشتیمان عەزیزیان، نەسرین ئوفتادە، دڵنیا خودایی، هێشوو عومەر، سایە خالید و مەهین قوربانی ڕۆڵیان بینیوە .

 

لە باکووری کوردستان ساڵی ٢٠١٩ فیلمی لە پێناو ئازادی بەرهەمهێنرا بە شێوەزاری کرمانجی ژووروو و لە دەرهێنانی ئەرسین چەلەک-ە، ناوەرۆکی فیلمەکە باسی تێکۆشان و خۆڕاگری و بەرخۆدانی ١٠٠ ڕۆژەی گەلی کورد لە شارۆچکەی سووری پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان دەکات بە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان ڕووبەرووی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بوونەتەوە له‌ ساڵی ٢٠١٦دا.

 

لە ساڵی ٢٠٢٠‌ كورته‌ فیلمی به‌فری گه‌رم-ی ده‌رهێنه‌ر عه‌دنان عوسمان بەرهەمهێنرا بە ڕۆڵ گێڕانی نیگار عوسمان وەک ئەکتەری سەرەکی، فیلمەکە باس له‌و تراژیدیا پڕ له ‌مه‌رگه‌ساتانه‌ی سه‌رده‌می داعش ده‌کات‌ چۆن ژن و پیاو و منداڵێك له‌تاو خۆ رزگاركردن له‌مه‌رگ و تاوانكاران ڕاده‌كه‌ن و ڕوو له‌ناوچه‌یەكی شاخاوی پڕ له‌به‌فرو به‌سته‌ڵه‌كی ‌مین ڕێژكراو ده‌كه‌ن،  بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه‌ به‌ره‌و شوێنێكی ئارام بچن.

 

سینەمای مۆدێرن لە کوردستاندا و ڕۆڵی ژنی کورد وەک جەنگاوەر و قارەمانی فیلمەکان

له‌دوای ساڵانی ٢٠٠٠ وە دەرفەت‌ بۆ كورد ره‌خسا ده‌نگ و ره‌نگی خۆیان له‌سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما بڵاو بكه‌نه‌وه‌، بۆ ئەوەش فیلمگه‌لێك به‌رهه‌م هاتن ژیانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و داخوازییه‌كانی كوردیان نیشان ده‌دا و کاریان له‌سه‌ر وشیاری نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرد، هەروەها وێنه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی كوردستانیان نیشانی هه‌موو جیهان دا.

 

لە باشووری کوردستان سینەما بەگشتی لەدوای ساڵانی ٢٠٠٠ کانەوە پیشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە ڕووی بەشداریکردنی ئەکتەری ژن لە فیلمە سینەمایەکاندا، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت ئیتر سەردەمی پاڵەوانێتی نێرینەکان کۆتای هاتبێت بەڵکو هێشتا پیاوەکان پاڵەوانن و ڕۆڵی سەرەکیان هەیە و زۆربەی ئەکتەرە ژنەکانیش دەورێکی لاوەکی و ئاساییان پێدەدرێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چیرۆکنووس و سیناریۆی فیلمەکان زیاتر پیاون و لە دیدی پیاوەوە پاڵەوانی فیلمەکە دیاری دەکرێت، وێنای ژن پێشتر لە چیرۆکەکەدا دەنەخشێندرێت و دواتر دەکەوێتە سەر دنیای بینینی دەرهێنەرەکان و ئەوسا ڕۆڵ بینینی ئەکتەرەکان.

 

پیاوەکان بۆیە پاڵەوانی چیرۆکەکانن چونکە زۆرینەی نوسەرەکانیش خۆیانن، دەرهێنەرەکانیش زۆرینە پیاون و لە ڕوی ڕەوشی کۆمەڵایەتیەوە زۆرینە پیاو زاڵە بەسەریدا گەرنا ژن پاڵەوانی ڕاستەقینەی ژیانە و گەر سینەما وێنەی ژیان بێت دەبێت پاڵەوانەکانی ژن بن، بۆئه‌وه‌ی ژن له‌ سینه‌ما و درامای كوردیدا جێگە و پێگه‌ی خۆی هه‌بێت و دیار بێت، ده‌بێت سه‌ره‌تا له‌و سێبه‌ربوونه‌ی ده‌ربچێت و پاشکۆی پیاو نەبن بەڵکو خۆی گێڕه‌ره‌وه‌ی چێژ و ئازار و ناڕەحەتیەکانی بێت و کار بۆ دابینکردنی ئەرک و مافی یەکسان بکات، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ پیاوێك هه‌بێت بتوانێت وه‌ك خۆی بیگێڕێته‌وه‌ و هەستی پێبکات و بیبینێت.

 

  لەم سەردەمەی ئێستاماندا و لە کوردستان کۆمەڵێک دەرهێنەری ژن هەن لەگەڵ ئەوەی هەوڵی جوان و بۆچونی جوانیان بەرچاو دەکەوێت، بەڵام هێشتا هۆشیاری فیلمسازانی کورد لە ئاست ئەو هەموو بێ ڕێزی و ڕەوشی نالەباری ژناندا نییە کە بەرامبەر ژنان دەکریت لە کۆمەڵگەدا وهێشتا دەرهێنەرە ژنەکان لەباسکردنی کێشەکانی ژنان دەسڵەمێنەوە، فلیمسازان پێویستە لەوە تێبگەن کارکردن لەسەر کێشەی ژنان کارکردنە لەسەر خودی ژیان، چونکە ژن یەکێکە لە ڕەگەزە سەرەکی و کاریگەریەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و پێویستە ئەرک و ئیرادەی خۆی لە ناو فیلمەکاندا پیشان بدات، چونکە ژن لە ناو سینەمادا بونەوەرێکی زیندووە، سینەما بەبێ ژن مردووە، پێویستە بە گشتی کێشەی ژن بە کێشەی کۆمەڵگە بزانرێت، هەروەها بەرجەستە کردنی ئەم کێشە و گرفتانەی ژنان لە فیلم و سینەمادا گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە سینەما وەک هونەرێکی سەردەم، توانای گەورەترین گوزارشت کردنی هەیە، ئەم هونەرە کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر هەست و هزری بینەر دروست دەکات بەبێ جیاوازی زمان و ئاستی هۆشیاری تاکەکان .

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەو ڕێگریانەی کە هەبوون بەرامبەر فیلیمسازە کوردەکان بەڵام چەند فیلمێک بە ناوەڕۆکی کوردی و زمانی کوردی بەرهەم هاتوون، لە ڤیستیڤاڵە جیهانیەکاندا بەشداریان کردووە و خەڵاتی جیهانیان بەدەستهێناوە، لەڕووی بەشداریکردنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ وەک ئەکتەر چ وەک دەرهێنەر لە کارە هونەریەکان تا ڕادەیەک کەمە، هەربۆیە بەهۆی سیاسەتەکانی ئێرانەوە زۆربەی ژنە ئەکتەرەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە فیلمە فارسیەکاندا ڕۆڵدەگێڕن، وەک شیلا خوداداد، شەبنەم قۆلی خانی، شۆهرە سوڵتانی، نیوشا زەیخەمی، مریەم بوبانی، مینو شەریفی و زۆری تر.

 

لە باکووری کوردستانیش لە فیلم و دراماکاندا بە گشتی دەرهێنەرە تورکەکان ڕۆڵی کەسانی خراپ و كەسی تاوانبار دەدەنە ئەو ئەکتەرانەی بەڕەگەز كوردن، وا نیشان دەدەن كە كورد دڕندە و نەفامن، لەناو كورد گەلێك بیرمەند و پرۆفیسۆر و خاوەن بڕوانامە هەن، بەڵام ئەوان تەنیا لایەنە خراپەكان دەخەنە ئەستۆی كورد.

 

ئەوەی پێگەی ژن یاخود مێینەی لە فیلم و درامای کوردیدا لاواز کردووە، پیشاندانی ئەو نیگا و وێنەیە کە پیاوی کورد بۆ ژن هەیەتی، بەگشتی لە فیلمەکاندا ژن یان دەبێت ڕۆڵی دایکێک ببینێت ئاگاداری پەروەردە و بەخێوکردنی مناڵەکانیەتی یاخود لە چێشتخانەدا خەریکی خواردن دروستکردن بێت، وەیان ڕۆڵی کچێک ببینێت کە خێزانەکەی ڕێگرە لە گەیشتن بە خۆشەویستەکەی یان کاراکتەری ژن ئەرکی گریان و لاواندنەوە بێت بۆ پرسە تراژیدیەکان، چونکە لە بنەڕەتدا کلتورێک هەیە کە پاڵەوانی فیلمەکان پیاو بن و گێڕەرەوەی و نوسەرەکانیشی هەر پیاو بن، ژنیش وەک ئامڕازێک بۆ ڕازاندنەوە و ڕەنگاوڕەنگ کردنی فیلمەکان بەکاردێن یاخود تەنها ئەو ڕۆڵە لاوەکیانە ببینێت و ببێتە کەسی دووەم و سێیەم، ئەمەش بەشێکی بۆ کەمتەرخەمی ژنان خۆیان دەگەڕێتەوە و بەشداری نەکردنی چالاکانەیان لە فیلم و دراماکاندا .

 

پێشتر سینەمای کوردی خەسڵەتێکی شۆڕشگێڕانەی هەبووە بەڵام ئەم فیلمە نوێیانەی کە ئێستا هەن تا ڕادەیەک لە کەش و هەوای سروشتی گوندەوە دورکەوتۆتەوە و جۆرێک لە سینەمای شاریان پێکهێناوە، ئەم نەوەیەی ئێستا چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت دەستکاری زۆر لەو بڕوا جێگیرانە بکات کە پێشتر دەربارەی تواناکانی ژن هەبوون، لە ئێستادا بە پێچەوانەی ڕابردوو کۆمەڵگەی کوردی  تاڕادەیەک لەو داخراوبوونەی دەرچووە و ژنان بەربەستە کۆمەڵەیەتیەکانیان تێپەڕاندووە، بەڵام هێشتا دەسەڵاتە هونەریەکان لەلای ژن نین ولە فیلمەکاندا ژن و پیاو لە بەرامبەر یەکدا هەمان ڕۆڵ و کاریگەریان نییە، لە ئێستادا بەشێک لە ژنان وەک ئەکتەر و دەرهێنەر و کاری تەکنیک ڕۆڵیان هەیە و بەشدارن لە فیلمەکاندا لەگەڵ ئەوەی هەنگاو نراوە بەڵام هێشتا بەپێی پێویست نین و کارەکتەرە سەرەکیەکان لەلای پیاون و هێشتا نەیانتوانیوە ڕوانین و دیدگای ژن لە فیلمەکادا بەڕوونی پیشان بدەن.