تابلۆکانی بووەتە ڕەوێنەرەوەی خەمەکانی

لە ڕۆژە سەختەکانی ژیانیدا بە وێنەکێشان ئاشنا بوو، بووە هاوڕێی ڕێگا سەختەکان و ڕەوێنەرەوەی خەمەکانی، فاتمە شەقلاوەیی بۆ یەکەمجار پێشانگاییەکی هونەری شێوەکاری لە سلێمانی کردەووە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- فاتمە شەقڵاوەیی ژنێک لەگەڵ جوڵاندن و هەڵگرتنی هەر ڕەنگێکدا بە فڵچەکەی خەمێکی دەڕەوییەوە و سەختی شەهیدبوونی براکەی و لە زیندان بوونی براکەی دیکەی پێدەڕەواندەووە.

فاتمە لە ساڵی ١٩٩٣ دەستی کردووە بە کاری وێنەکێشان، ئەگەرچی مامۆستایە، بەهرەیەکی تایبەتی بە وێنەکێشان هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی ئەکادیمی هونەری نەخوێندووە، تا ئێستاش زیاتر لە ٨٠٠ وێنەی کێشاوە، لە زۆرینەی کارەکانیشیدا بۆیەی زەیتی بەکاردەهێنێت.

 

فاتمە ئێستا لە چەندین پێشانگای ناوخۆ و دەرەوەدا بەشداری کردووە، ئەمە سێیەمین پێشانگای تایبەت بە خۆیەتی، یەکەمین پێشانگایەتی لە شاری سلێمانی کردوویەتییەوە، وێنەکانی ناو پێشانگاکەی گوزارشت لە سروشت و ژن دەکات، ڕۆژانی ٣١ی ئاب و ١ی ئەیلول لە مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنە سوورەکە لە کاتژمێر ٤ بۆ ٧ ئێوارە بەردەوام دەبێت.

تابلۆکانی فاتمە لە ساڵانی نەوەدەکاندا زیاتر باسی لە دۆخی سەختی سیاسی و هەستی نیشتیمان پەروەری تێدابووە، بەڵام ئێستا دەیەوێت لایەنە جوانەکانی ژیان و لایەنە ئەرێنییەکانی ژن نیشانبدات، کاری هونەری وەک هاوڕێیەکی ڕۆحی دەبینێت.

 

فاتمە ماوەی چەند ساڵێک بەهۆی دۆخی کۆمەڵایەتی لە خستنەڕووی کارەکانی دوور دەکەوێتەوە، تەنها وێنەکان بۆ خۆی دەکێشێت، بەڵام جارێکی دیکە دەست دەکاتەوە بە کاری هونەری، ئێستاش پێشانگایەکی کردووەتەوە، دەڵێت "زۆر دڵخۆشم کە بەرهەمی ماندوو بوونەکانم دەبینم، هەر کارێکم چیرۆکێکی لەپشتەوە".

 

فاتمە لە تابلۆکانیدا زیاتر گرنگی تایبەتی بە ژن داوە، دەڵێت "لەبەر ئەوەی خۆم ژنم، ژن زیاتر لە ئێش و ئازارەکانی ژن تێدەگات، بۆیە حەزم کردووە هەموو لایەنەکانی ژن لە تابلۆکاندا نیشانبدەم".

هاوژین حەمە ڕەشید، ڕۆژنامەنووسە و هاوڕێی فاتمە شەقلاوەییە، هاتووە بۆ بۆ سەردانی پێشانگای هاوڕێکەیی، پێی وایە بۆ تێگەیشتن لە هەر تابلۆیەکی هونەری دەبێت ئەو کەسە لە تابلۆکە تێبگات، پێشانگاکەش لایەنە جوان و ئەرێنییەکەی ژن نیشان دەدات.

ت.پ