تابلۆکان بە ڕەنگ و دەزوو دەنەخشێنێت

مودان ئیبراهیمی ٢٥ ساڵ، تابلۆکان بە پەنجەکانی و بە دەزوو و ڕەنگ دەڕازێنێتەوە، مودان تابلۆکانیشی بە کاری تایبەت پێناسە دەکات.

 

عەبیر محەمەد

قامیشلۆ- چنین، هونەری نەخشاندن لەسەر جلوبەرگ و قوماش، کە بە دەرزی و دەزووی ڕەنگاوڕەنگ دەچنرێت، کە جوانییەکی بێ وێنە دەبەخشێتە پارچەکە، کە قەبارەی جیاوازی هەیە، چنین یەکێکە لە کارە دەستییە هەرە کۆنەکانی ژنان، کە لە شارستانییەتە کۆنەکانەوە بەکارهاتووە و تا ئێستا بەردەوامە، مودان ئیبراهیم دانیشتووی شاری قامیشلۆ و ٢٥ ساڵە، ئەو گەنجە دەست ڕەنگینە بە شێوازی نوێ تابلۆ و پارچە قوماشەکان دەنەخشێنێت.

 

مودان دەربارەی کاری هونەر و خولیاکانی وتی: "لە منداڵییەوە حەز بە وێنەکێشان دەکەم، ماوەی ساڵیکیشە کاری چنین دەکەم، ڕێگەی ئۆنلاینەوە فێربووم و پارچەکان دەنەخشێنم، من ئەمە بۆ دڵخۆشی خۆم دەکەم، وە ئەم کارە لە شاەکەی مندا کەمە، بۆیە لە سەرەتاوە زۆر کەس پشتیوانیان لێکردم، لە هەمووشیان زیاتر هاوڕێیەکم بوو، ئەوەشی منی بەردەوام کرد لەسەر چنین تایبەتی و جیاوازی کارەکە بوو".

 

"پرۆژەکەم بازرگانی نییە"

مودان ئەم کارە بۆ خولیاکانی خۆی دەکات و نەیکردووە بە کارێکی بازرگانی بۆخۆی، دەشڵێت: من زۆر زەحمەت دەبینم لە دۆزینەوەی پێداویستی و کەرەستەکانی وەک بابەت و چوارچێوە و تابلۆ و ڕەنگەکانی وێنەکێشان، چونکە ئامرازە پێویستەکان لێرە بەردەست نین، دەبێت لە ئەوروپاوە بیانهێنم و ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت تا دەگاتە دەستم، پێداویستییەکانیش بە دۆلار دەکڕدرێن و وادەکات کە نرخی تابلۆکانیش زۆر بن.

 

مودان باسی لەوەشکرد کە هەندێک کەس ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن، بەڵام تا ئەو شوێنەی کە پێی بکرێت هاوکاری خەڵک دەکات لە کەمی نرخدا، ئەمەش هەندێک جار زیانی ماددی لێدەدات بەڵام مودان دڵخۆشە بە دڵخۆشی خەڵک، کارەکەشی نەکردووە بە بازرگانی، تەنها لەبەر حەز و خولیاکانی خۆی بۆ وێنە و چنین کاردەکات.

 

"ئارەزووم ئەوەیە تابلۆکانم لە پێشانگاکەدا پێشکەش بکەم"

مودان گوتی لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشانگای خۆی دەکاتەوە: "بە پێی مۆدێلەکان کاردەکەم، دەبێت بزانیت چۆن ئامرازەکان هەڵبژێریت بۆ ئەوەی بە تێپەڕبوونی کات تێکنەچێت، بە پێی خواستی خەڵک مۆدێل دروستدەکەم و هەوڵ دەدەم تێکەڵەیەک لە نێوان وێنەکێشان و دیکۆردا دروست بکەم تا جوانییەکی جیاواز بە تابلۆکە ببەخشم".

 

ئەو هونەرمەندە هیواخوازە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا پێشانگایەک بکاتەوە و تابلۆکانی پێشکەش بکات تا ژنانی دیکەی گەنج لێوەی فێرببن.

ت.پ