سیرامیک، شیعر و پەیکەر لە گڵجۆشێکی مھاباددا

مھاباد جمال، لە کارێکی ھونەریدا بە گلی خاکی کوردستان مۆنۆمێنتێکی گڵجۆش بۆ گۆرانی شاعیر دروستدەکات، لەپێناو دروستکردنی کارە ھونەریەکەدا سەدان کاتژمێر بێداربووە.

مھاباد جمال، لە کارێکی ھونەریدا بە گلی خاکی کوردستان مۆنۆمێنتێکی گڵجۆش بۆ گۆرانی شاعیر دروستدەکات، لەپێناو دروستکردنی کارە ھونەریەکەدا سەدان کاتژمێر بێداربووە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- مھاباد جەمالی شێوەکار سەرقاڵی ئامادەکاری و تەواوکردنی پارچەکانی کارێکی ھونەریی بوو کاتێک ئاژانسی نوژنها چووە سەردانی، کە دروستکردنی پڕۆژەی "مۆنۆمێنتی گڵجۆشی گۆران"ە، ڕۆژانە زۆرینەی کاتەکانی بە دروستکردنی پڕۆژەکەیەوە بەسەر دەبرد، لە بەیانیەکی زووەوە تا شەو خەریکی دروستکردن و بۆیەکردنی پارچەکان بوو.

وەک باسی دەکات ئەم پڕۆژەیە بە گڵی خاکی کوردستان دروست دەکات، شعر، پەیکەر و سیرامیکی لە یەک پڕۆژەدا کۆکردووەتەوە، دەیەوێت کاری جیاوازتر ئەنجامبدات، دەڵێت "ماوەی زیاتر لە ساڵێکە خەریکی ئەم کارەم، پێش سەردەمی کۆرۆنا دەستم بە پڕۆژەکە کردووە، زۆرینەی کات شەوان درەنگ دەچوومە ماڵەوە، یاخود دەمامەوە".

باسی دەکرد، بۆ ھەر کارێک پێویستە باکگراوندێکی زۆری ڕۆشنبیری ھەبێت، بۆیە بۆ ھەر پارچە شعرێک و کارێکی ھونەری چەندین سەرچاوەی جیاواز گەڕاوە، تا کرچوکاڵی بە کارە ھونەریەکانەوە دیارنەبێت، بەگڵی نیشتیمانەکەشی مێژووەکەی بنوسێتەوە.

پاش زیاتر لە ساڵێک و ماندووبوون پاشنیوەڕۆی دوێنێ، لە مەراسیمێکی تایبەتدا و بەبەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە ھونەرمەندان مۆنۆمێنتەکەی بە ناوی "مۆنۆمێنتی گڵجۆشی گۆران" لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی کردەووە.

 

مۆنۆمێنتەکە پێکھاتووە لە ٤٥ پارچە و پەیکەر، لەسەر پارچەکان شیعری گۆرانی شاعیر نوسراوە و ڕەنگکراوە.

مھاباد جەمال بۆ نوژنھا دوا کە دڵخۆشە بە کردنەوەی پڕۆژەکەی، دەشڵێت "بەگڵی نیشتیمانەکەم مێژووم نوسیوەتەوە"، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات پیرۆزبای و پێشوازی گەرمی ھاوڵاتیان لە کارە ھونەریەکە ماندوو بوونەکانی بیربردووەتەوە دەڵێت "پایزیان بۆ کردمە بەھار".

 

ت.پ