سێیەمین خولی پێشانگای نێودەڵەتی کتێب کۆتایی هات

زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس سەردانی پێشانگاکەیان کردووە، ١٥ وڵات بەشدارییان لە پێشانگاکەدا کردووە، هاوڵاتیانیش بوونی ئەم پێشانگایە بە هۆکارێک بۆ بەکەلتورکردنی خوێندنەوە دادەنێن.

سلێمانی

 

خولی سێیەمی پێشانگای نێودەڵەتی کتێب لە سلێمانی لە ١٨ ئەم مانگەوە بۆ ٢٧ مانگ بەردەوام بوو، لە ١٥ وڵاتی جیاوازەوە ناوەندەکانی چاپکردنی کتێب بەشداریان کردووە، کۆی گشتی زیاتر لە ٢٠٠ ناوەندی چاپکردن و کتێب فرۆشتن لە ناوخۆی و دەرەکی بەشدارییان کردووە.

 

لە پێشانگاکەدا نزیکی چوار ملیۆن کتێب بە ٣٨٠ هەزار ناونیشان بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی و تورکی بوونیان هەبووە، ڕۆژانەش سەدان قوتابخانە سەردانی پێشانگاکەیان کردووە.

 

لە کۆتا ڕۆژی پێشانگاکەدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕێکخەرانی پێشانگاکە ڕایانگەیاند کە نزیکەی ٪٩٠ هاوڵاتیان ڕازیبوون لە پێشانگاکە.

 

"پێشەنگاکە بۆ پێشکەوتنی لایەنی ڕۆشنبیری گرنگە"

هاوڵاتیان و سەردانیکەر بوونی ئەم پێشانگایە بە گرنگ دەزانن، لەنجە سەلام تەمەنی ٢٥ ساڵە، زیاتر حەز بە خوێندنەوەی ڕۆمان دەکات، دەڵێت پێشانگاکە لە ئاستی چاوەڕوانی فرۆشیاران و سەردانیکەرانی پێشانگاکە دایە.

 

خوێندنەوە بۆ گەنجانیش بە گرنگ دەزانێت، کە دەبێت بەشیک لە ژیان و یارمەتی پێشکەوتنی زیاتری لایەنی ڕۆشنبیری دەدات.

 

"کتێب خوێندنەوە چێژی جیاوازی هەیە"

لاڤە سەلام، سەردانیکەرێکی دیکەیە، دەڵێت ئەم پێشانگایە حەزی خوێندنەوە زیاتر دەکات، بە تایبەت لە ئێستادا کە زۆرینەی هاوڵاتیان وابەستەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مۆبایل بوون، "ڕاستە لە ڕێی گەڕانێکەوە دەتوانین ئەوەی دەمانەوێت دەستمان بکەوێت، بەڵام کتێب خوێندنەوە چێژێکی جیاوازی هەیە".

 

لە پێشانگاکەدا چەندین بەشی جیاواز هەیە، لەوانە چەندین ڕێکخراو کتێبیان دەبەخشی یان هاوکاریان بۆ منداڵان کۆدەکردنەوە، یەکێک لەوانيش پڕۆژەی "بەخشەرانی کتێب" بوو، کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ دامەزراوە، لەم پڕۆژەیەشدا هەم کتێبیان دەبەخشی و هەمیش کتێبیان وەردەگرت، لە ماوەی ئەم ١٠ ڕۆژەدا ڕۆژانە ٥٠ کتێبیان بەخشیووە، لە کۆتا ڕۆژیشدا ٧٠ کتێبیان بەخشیووە.

 

ڕەیان ئەسکەندەر خوێندکاری زانکۆ و ئەندامی پڕۆژەیەکە، دەڵێت لە زۆرینەی شاروشارۆچکەکان ناوەندیان هەیە، تا کەو کەسانەی توانای کتێب کڕینیان نییە، بتوانن بێن و کتێب بەدەستبهێنن، دەتوانن بیگەڕێننەوە یاخود هەڵیبگرن بۆ خۆیان، هاوکاری ئەو کەسانەشی کە کتێبیان زۆرە دەتوانن بیهێنن و لێرە بیبەخشن.

 

ت.پ