سەیدسادق، پێشانگای کاری دەستی ژنان کرایەوە

لە پێشەنگاکەدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی دەستڕەنگینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شاری سلێمانی، هەڵەبجە، شارەزوور و سەیدسادق بەشداریان کردووە.

 

مژدە ئومێد

شارەزوور- ئەمڕۆ پێشەنگای کاری دەستی ژنان بە بەسەرپرشتی ڕێکخراوی کوردیۆ لە شارۆچکەی سەیدسادق و بە بەشداری نزیکەی ٤٠ ژن کرایەوە، پێشەنگاکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و مەبەستی زیاتر ناساندنی کاری دەستی ژنان و ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی و بیانی ژنانە.

 

جگە لە کاری دەستی ژنان، ژنانی نووسەر، ڕۆژنامەنووس و توێژەکانی دیکەش بەشدارن، ژنانی بەشداربوو باسیان لەوەکرد کارەکانیان لە ماڵەوە دروستدەکەن، بەڵام نایەنەوێت لە چوارچێوەی ماڵدا بمێننەوە، بۆیە بەشداری پێشەنگاکان دەکەن کە ڕێگەیەکی باشە بۆ زیاتر ناساندنی بەرهەمەکانیان.

 

 

شەوبۆ محەمەد، دەستڕەنگین و نووسەر، بۆ ئاژانسەکەمان دوا و وتی: ‌لە چەند پێشانگایەکدا بەشداریم کردووە، خەڵاتی ڕێزلێنانم وەرگرتەوە لەسەر ئیشەکانم، شەوبۆ پێی باشە کە ژنان تەنها لە ماڵەوە نەبن و بەشداری پێشەنگا و بۆنەکان بکەن تا بەرهەمەکانیان زیاتر بناسرێت، دەشڵێت: کارکردن لە ماڵەوە و زۆر لە ماڵەوە بوون ژنان تووشی نەخۆشی دەروونی دەکات بۆیە لە ماڵ مەمێننەوە".

 

فێنک جەلیلی، دەستڕەنگین و ڕۆژنامەنووسە، لە سلێمانیەوە هاتووە و دووەم جاریەتی بەشداری پێشەنگای کردووە بە کارە دەستیەکانی، دەڵێت: وەک ژنێکی دەستڕەنگین لە سەندیکای کرێکاران بە سەرپەرشتی خاتوو لەیلا لە گروپێکی سەد کەسیدا کاردەکەن، ئەو ژنانە ملوانکە و بازن و جلوبەرگ دەچنن و سابوونی سروشتی دروستدەکەن، فێنک کارکردنی ژنان بە گرنگ دەبینێت و وەک سەرچاوەیەکی بژێوی ژیان پێناسەی دەکات، ئاماژەی بەوەشدا "کارکردن سودی زۆری هەیە، هەم بژێوی ژیانمان دابین دەکەین و هەم زانیارییەکان دەگەیەنین".

 

لە پێشەنگاکەدا کارە دەستییەکانی ژنان و خواردنی کوردی نمایشکران، پێشەنگاکەش لە بەردەم ڕێکخراوی کوردیو لە شارۆچکەی سەیدسادق بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

 

ت.پ