سۆڤان سەروەت: دروستکردنی مۆم ئارامیم پێدەبەخشێت

هەبوونی مۆم ئارامی دەدات بە دڵ، ژنان زیاتر خولیای مۆمن، سۆڤانیش لەگەڵ ئەوەی حەز بە بوونی مۆم دەکات لە ماڵەکەیدا، دەستی کردووە بە دروستکردنی مۆمی جیاواز و لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە دەیانفرۆشێتەوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- هەبوونی مۆم ئارامیەک بە دەروون دەبەخشێت، هەر بۆیە سۆڤان سەروەت، دەرچوی کۆلێژی کشتوکاڵ و خوێندکاری بەشی دەرمانسازی، خولیای زۆری بۆ مۆم هەیە و وای کردووە دەستبکات بە دروستکردنی مۆم.

ماوەی ساڵێکە سۆڤان دەستی کردووە بە کاری دروستکردنی مۆم، بیرۆکەی دەستپێکردنی بەم کارە دەستڕەنگینیە، نەبوونی مۆمی جیاوازە لەناو بازاڕەکانی شاری سلێمانی، هەربۆیە بڕیار دەدات دەست بکات بە دروستکردنی مۆم بە جۆرێک جیاوازتربێت لەوانەی ناو بازاڕەکان و لەسەر خواستی هاوڵاتیان دروستی بکات.

کوردستان خاوەنی ئەو مادانەش نییە کە مۆمیان لێدروست دەکرێت

سۆڤان دەڵێت "ئەو مادانەی مۆمەکانی لێدروست دەکەم لە دەرەوەی وڵات دەیانهێنم، ماددەکان لەبازاڕی کوردستاندا نین، ئەو مۆمانەی کە دەشفرۆشرێن لە بازارەکاندا هەندێکیان زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و توشی هەناسەتەنگیان دەکات لە کاتێکدا دایاندەگیرسێنیت.

 

هەروەها وتیشی: زۆر لە هاوڵاتیان وا دەزانن مۆمی بازاڕ دەتوێنمەوە و بەکاری دەهێنمەوە، ئەگەر ئەو کارە بکەم ٪٥٠ مۆمەکە لەکیس دەچێت و دەبێت بە دوکەڵ، بۆیە مۆمی خاو دەکڕم و لەو ڕێگەیەوە هەندێک گۆڕانکاری لە مۆمەکاندا دەکەم.

ئەو مادانە چین سۆڤان بۆ دروستکردنی مۆم بەکاریان دەهێنێت؟

سۆڤانی دەستڕەنگین چەندین بۆنی جیاواز لە دروستکردنی مۆمەکانیدا بەکاردەهێنێت بە، وەک ڤانێلا، ڕۆس، لاڤێندەر، گوێزهندی، دارچینی و قاوە و چەندین بۆنی دیکە، بۆ ئەوەی ڕەنگی مۆمەکانیش جیاوز بن سۆڤان بە نزیکەی ١٢ ڕەنگ بەکاردەهێنێت، دەشڵێت "دیاریکردنی بۆن و ڕەنگ بە پێی خواستی هاوڵاتیانە".

 

باسیشی لەوەی کرد هاوڵاتیان لە ئێستادا، حەز بە مۆمی سەردەمی دەکەن حەز ناکەن سادە بێت، هەروەها زیاتر گەنجەکان خولیای بەکارهێنانی مۆمن و بە تایبەت ئەو مۆمانەی ڕەنگیان دانسقەن وەک پیرۆزەیی، خەنەیی و پڕتەقاڵی.

ئەو مادانەی کە مۆمەکانی لێدروست دەکات، سۆیا، پارافین و جێڵە، هەریەکێک لەم جۆرە جیاوازانە تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ نمونە، ماددەی سۆیا ڕەنگ دەکرێت و زیاتر مۆمە سپییەکان بەو مادەیە دروست دەکات، لەکاتی داگیرساندا دوکەڵ دروستناکات و زیانی بۆ ژینگە نییە، هەروەها ئەگەر مۆمێک بیەوێت دڕەنگتر بتوێتەوە بە ماددەی پارافین دروستی دەکات.

ژنان حەز بە بوونی مۆم دەکەن لەناو ماڵەکانیاندا

وەک سۆڤان ئاماژەی پێدا زیاتر ژنان گرنگی بە بوونی مۆم دەدەن لە ماڵدا، وتیشی دوو جۆر بەکارهێنەری مۆم هەن، جۆرێکیان تەنها وەک کەلوپەلی جوانکاری ماڵ بەکاری دەهێنن، ئەوی دیکەیان حەز بە داگیرساندنی دەکەن بۆ ئارامکردنەوەی دەروون و هەندێک کەسیش بۆ دیاری بەکاری دەهێنێت.

"بۆ دروستکردنی هەر مۆمێک ٤٨ کاتژمێرم پێویستە"

سۆڤان باسی لە ماندووبوونی کارەکەی کرد، کە دروستکردنی هەر مۆمێک ماوەیەکی درێژی پێدەچێت ئەویش ٤٨ کاتژمێرە، وتیشی "هەندێک مۆم هەیە زۆر وردەکاریی دەوێت لە دروستکردنیدا، بە تایبەت ئەو مۆمانەی بە گوڵی سروشتی دروست دەکرێن".

 

لە کۆتایدا باسی لە ئامانجی کارەکەی کرد کە دەیەوێت لە داهاتوودا فرۆشگایەکی تایبەت بە خۆی هەبێت، تایبەت بە دروستکردن و فرۆشتنی مۆم.

 

ت.پ