سنە، بڵاوکردنەوەی پەرتوکی "عاشقەکەی من ژنی هەبوو"

مەراسیمی بڵاوکردنەوەی پەرتوکی "عاشقەکەی من ژنی هەبوو" لە نووسینی ڤیدا قادری لە قاوەخانەی کتێب لە شاری سنە بەڕێوەچوو، لە مەراسیمەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی پەرتوکی و ئێستا و چیرۆکنووسین و پێگەی ژن لە ئەدەبدا.

 

هیما راد

سنە- خاترە محەمەدی، یەکێک لە بەشداربووان و شارەزای بواری ئەدەبی، لە مەراسیمەکەدا باسی لە گرنگی گێڕانەوەی چیرۆک کرد و دەڵێت: کاتێک ناوی چیرۆک دێتە ئاراوە، بیرمان بۆ لای شیعر و چیرۆک و شانۆ و... دەچێت، کاتێک وشەکان کۆدەبنەوە چیرۆک شێوە دەگرێت، هەر کە بکەر و کردار بەدوای یەکدا بێن، گێرانەوەیەک دروستدەبێت، دونیا پڕە لە گێڕانەوە، ئەگەر گێڕانەوە نەبوایە دونیا یەک ڕەنگ و تێگەشتنەکان یەک دەبوون، بەڵام گێڕانەوە یارمەتی تێگەشتنمان لە جیهان پێدەدات.

 

ڤیدا قادری لە پەرتوکی "عاشقەکەی من ژنی هەبوو" چیرۆکی ژنێک لە کۆمەڵگادا دەگێڕێتەوە کە خەمی ڕۆژانەی خۆی لە کۆمەڵگەیەکی ژنکوژی و پیاوسالاریدا هەیە، بەو گێڕانەوەیەشی ئامانجییەتی تیشک بخاتە سەر دۆخی ژنان، ئێمەش ڕووبەڕووی نووسەرێک دەبینەوە کە دژ بە هەموو نۆرمە دژە ژنەکان و یاسایە.

 

"لە ئەدەبدا ڕۆڵی لاوەکی بە ژنان دراوە"

هەر لە درێژەی مەراسیمەکەدا نینا کەریمی، بەشداربوو، دەربارەی پاڵەوانی چیرۆکەکەی ڤیدا و بوونی ژن بە هەموو ژنایەتی و هەموو جەستەیەوە دەڵێت: ئێمە ڕووبەڕووی دوو تێروانین دەبینەوە، کە ئەوانیش ڕوانینی ئیرۆتیکیی و ئەوی تریان جەستەی مێینەیە، وەک دەزانین بابەتی بەرجەستەبوون لە ئەدەبی ژندا دەگەڕێتەوە بۆ چەمکی جێندەر، چونکە ڕەگەز چەمکێکە کە کۆمەڵگا پیاوسالارەکان لەسەری بنیادنراون و دواتر ڕێکخراون و کردەوەکانمان شەرعییەت بە بیری پیاوسالاری و سێکسی ئێمە دەدات، بۆیە ئەو ڕۆڵانەی کە بە ژنان بەخشراون لاوەکی و پەراوێزن و ژنەکەش لە ڕێگەی ناسینەوەی جەستەوە بەردەوام ئاگایی لە جەستەی خۆیەتی و هەرگیز ناتوانێت خۆی لە بیربکات و ئەمەش بۆ ئەو ئاسایی نییە.

 

ڤیدا قادری، نوسەری پەرتوکەکە، سەبارەت بە پەرتوکی "عاشقه‌که‌ی من ژنی هه‌بوو" دەڵێت: ماوەی ٦-٧ ساڵە کاری وەرگێڕ و نووسەری دەکەم، ئەم پەرتوکەم لە ١٠ چیرۆک پێکهاتووە کە زۆربەیان چیرۆکی گێڕدراوەی مێینەن، یەک چیرۆکیان باس لە پیاو دەکات، نازانم تا چەند لە پیاو نزیک بوومەتەوە ئەمە دەبێت خوێنەر بڕیاری ئەوە بدات.

 

ڤیدا قادری لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: چیرۆکەکانم باس لە کێشەی کۆمەڵایەتی و بەتایبەت ژنان دەکەن، جگە لەم پەرتوکەم، چوار پەرتوکی دیکەم لە فارسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

 

ت.پ