سەمای ژیان، سەمایەک پێناسی ئازارەکانی ژنان

سەمای ژیان نوێترین بەرهەمی دەرهێنەری کورد ڤیان مایی'یە لە ئەڵمانیا بەرهەمهاتووە، دەرهێنەر ڤیان دەربارەی فیلمەکەی دەڵێت: هەوڵمداوە بەم فیلمە بێدەنگەم ئازارەکانی ژن و ژیان نیشان بدەم.

 

تەوار پێنجوێنی

ناوەندی هەواڵ- فیلمی بێدەنگی "سەمای ژیان" نوێترین بەرهەمی دەرهێنەری کوردی دانیشتووی دهۆک، ڤیان مایی'یە، فیلمەکە لە وڵاتی ئەڵمانیا کاری بەرهەمهێنانی بۆ هاتووە، هەریەک لە ئەکتەران شیرین قورەیشی و پاسار هەرکی ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە، کاستی بەرهەمهێنانی فیلمەکە لە چوار پارچەی کوردستان پێکهاتوون.

ڤیان مایی بۆ ئاژانسی ژنها دوا و ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێستادا کاری وێنەگرتنی فیلمەکە کۆتایی هاتووە و بەرهەمهێنانی کۆتایی فیلمەکە ماوە، دەشیەوێت چەند سپۆنسەرێک بۆ فیلمەکە ئامادەبکات تا بتوانن بەشداری فێستیڤاڵەکانی پێبکەن.

 

ڤیان ئاماژەی بەوەشدا کە فیلمی "سەمای ژیان" باس لە ژیان و ئازارەکانی ژن دەکات، فیلمێکی بێدەنگە و تەنها لە ڕێگەی سەماوە گوزارشت لە ژن دەکات، وەک خۆی دەڵێت: سەمای ژیان بابەتێکی گرنگە بە شێوازێکی نوێ، بە میوزیک و سەما چیرۆکێک نمایش دەکات، بە فکری ژن، ژیان، ئازادی".

 

ڤیان مایی وتیشی: "وڵاتی من" یەکێکی دیکەیە لەو سیناریۆیانەی ماوەی دوو ساڵە خەریکی نووسینیم، چیرۆکی ئەم فیلمەم لە ڕاستییەوە وەرگرتووە، کە چیرۆکی ژنێکەوە لە گوندێکدا دەژی و دووجار بووەتە قوربانی، یەکێکیان بەزۆر هاوسەرگیری پێکراوە و جارێکی دیکەش بە ناوی خۆشەویستییەوە بووەتە قوربانی تۆڵە سەندنەوە لە نێوان دوو بنەماڵەدا، لە ساڵانی داهاتوودا و بەپێی دەستەبەرکردنی پێویستییەکان کاری بەرهەمهێنانی بۆ دەکەین.

 

ت.پ