شانۆیی "تۆبەی ڕێوی" بەم زوانە نمایش دەکرێت

لە پێناو دڵخۆشکردنی منداڵانی ئاوارەی ناوچەی عەفرین و خەندە خستنە سەر لێویان، گروپێک کە ژمارەیان هەشت ژنە شانۆییەک بە ناوی "تۆبەی ڕێوی" بەم زوانە لە کامپی شەهبا نمایش دەکەن.

 

فەریدە زادە

شەهبا- شانۆی کۆمین، لە ناوەندی چاند و هونەری پارێزگای عەفرین، بە بەشداری هەشت ژنی گەنج کە ئاوارەبوون لە عەفرین شانۆییەک بە ناوی "تۆبەی ڕێوی"، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێکدەخات. ئەم شانۆییە بە گشتی بۆ هەمووانە و تایبەتە بە منداڵان، ئامانج لێی پەروەردەکردنی منداڵان و دڵخۆشکردنیانە لەو دۆخەی کە تێیدا دەژین، بڕیارە لە چەند هەفتەی ڕابردوو لە هەموو کامپ و گوندەکانی پارێزگای شەهبا نمایشبکرێت.

 

هەزاران ئاوارەی عەفرین لە دوای داگیرکردنی ناوچەکەیان لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە مانگی ئازاری ٢٠١٨ لە کامپەکانی شەهبا نیشتەجێن، شانۆ هەمیشە ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە گۆڕانکاری ئەو دۆخانەی لەناو کۆمەڵگەدا ڕوودەدات، بە بەرزکردنەوەی دیالۆگی کۆمەڵایەتی و تیشک خستنەسەر لایەنی جۆراوجۆر دەتوانێت چارەسەری گونجاو بۆ دۆخە نالەبارەکان بدۆزێتەوە.

شانۆیی "تۆبەی ڕێوی" لە دەرهێنانی ئەرسەلان شێخ حەسەنە، ئەو ژنانەی بەشداریان تێدا کردووە، پۆشاکی ئاژەڵیان پۆشیوە، هەرین محەمەد، بەشداربووی شانۆکە وتی: "چیرۆکی شانۆکە باس لە ڕێویەک دەکات، بە دەوری ئاژەڵەکانی دیکەدا دەخولێتەوە تا هەڵیان بخەڵەتێنێت"، ئاماژەی بەوەشکرد لەو کاتەی بەشداری کردووە لەو شانۆییەدا توانیویەتی لەوە تێبگات کە ئاژەڵانیش ڕۆحێک و ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە و ناکرێت پشتگوێ بخرێن.

 

شانۆکە ماوەی کەمتر لە مانگێک لە کامپەکانی شەهبا نمایش دەکرێت و لەو بارەیەوە هەرین وتی: "هیوادارین نمایشی شانۆییەکە بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت، ئەو فکرەیەی دەمانەوێت بیگەیەنین بە سەرکەوتووی ئەنجامی بدەین، چونکە ئامانجی شانۆییەکە تەواو گرنگە".

 

ئەڤین ڕیحانی، ئەو ژنە گەنجەیە کەلە شانۆییەکەدا ڕۆڵی ڕێویەکە دەبینێت، باسی لەوە کرد، ماوەی سێ مانگە خۆیان ئامادە دەکەن تا شانۆییەکی سەرکەوتوو پێشکەش بکەن.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لای هەمووان ناسراوە ڕێوی ئاژەڵێکی فێڵبازە، بۆیە ئێمە لە ڕێی ئەم شانۆییەوە مەبەستمان بوو منداڵان ئاشنای سیفاتی جۆربەجۆر بکەین و کەمێکیش بێت دڵیان خۆشبکەین".

 

ڕۆلیانا خەلیل، بەشداربوویەکی دیکەی شانۆییەکەیە و باسی لەوە کرد، بۆ جاری یەکەمە بەشداری لە شانۆییدا دەکات، سەرنجیشی خستە سەر یەکسانی و دادپەروەری لە نێوان ئاژەڵان و مرۆڤدا و وتی: "با هەموومان ڕێز لە ئاژەڵان بگرین و ئازاریان نەدەین".

 

ڕۆلیانا بە ڕۆڵی گوێدرێژ بەشداری لە شانۆییەکە کردووە، لەسەر ڕۆڵەکەی ئەو منداڵە باسی لەوە کرد سەرەتا بەو ڕۆڵ بینینە ڕازی نەبووە، ترساوە لەوەی ببێتە جێگای گاڵتەی هاوڕێکانی، بەڵام دوای تێگەیشتن لە ڕۆڵی ئاژەڵەکە بۆی دەرکەوتووە فۆڕمەکە گرنگ نییە بەڵکو گەیاندنی ناوەڕۆکی پەیامەکە گرنگە.

 

هەزاران ئاوارەی عەفرین لە دوای وێرانکردنی شارەکەیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیا، لە ژمارەیەک کامپی شەهبا، مەسلامییە، گوندەکانی تل شەعیر و ئەلحەدەس هەروەها گوندەکانی فەفین، حەسین، تەل سەوسەن، تەل قەراح و ئەهرەس و ناوچەکانی تل ڕەفعت، نوبل، زەهرا و کافێن نیشتەجێ بوون.

 

ت.پ