شانۆیی "دۆزەخێک بوو"

"دۆزەخێک بوو" شانۆگەریەک لە نووسینی گەزیزە عومەر، هەڵقوڵاو لە ئازارەکانی ژنانی شەنگالەوە بۆ جیهان کە ئازار و چیرۆکەکانی ژنانی شەنگال لەلایەن چوار ژنی هونەرمەندەوە نمایشکرا، گەزیزە عومەر دەڵێت: "ئەم نمایشە بۆ کەسانی خاوەن بڕیارە، تا دەنگیان بگاتە شوێنی بڕیاردان و لەوێوە پەیامێکی گەورە بە جیهان بگەیەنن".


سلێمانی

 

ئێوارەی ٩ی کانونی یەکەم لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی شانۆگەری "دۆزەخێک بوو" نمایشکرا، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان، هونەرمەدان و کەسانی دیار ئامادەی بینینی نمایشەکە بوون.

 

شانۆییەکە لەلایەن هەریەک لە هونەرمەندان گەزیزە عومەر، میدیا ڕەئوف و شیلان عەبدوڵا ڕۆڵیان دەگێڕا، نەوژین محەمەدیش کاری ئاوازی بۆ شانۆییەکە دەکرد و ماوەی نزیکی کاتژمێرێکی خایاند.

 

شانۆگەرییەکە باس لە ئازارەکانی ژنانی ڕزگاربووی دەستی داعش دەکات، کە لەژێر دەستی تیرۆرستانی داعشدا ڕووبەڕووی چەندین توندوتیژی، کڕین و فرۆشتن، دەستدرێژی و ئازاردان و ئەتککردن بوونەتەوە، کراونەتە کۆیلە، دواتر ڕایاننکردووە.

 

گەزیزە عومەر، نوسەری دەقە شانۆییەکە، لە ساڵی ٢٠١٦ ئەم دەقە شانۆییەی نوسیووە، ماوەی کەمتر لە ١٥ ڕۆژ پرۆڤەیان بۆ شانۆگەرییەکە کردووە، هەوڵیانداوە لە ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پێشکەشی بکەن.

 

گەزیزە عومەر بە ژنهای ڕاگەیاند، نووسینی ئەو دەقە دەرئەنجامی هەموو ئەو چیرۆک و ڕووداوانەیە لەبارەی ژنانی شەنگالەوە بیستوویەتی، کە کاریگەری لەسەر دەروونی هەبووە، بۆیە هەوڵیداوە ئەو پەیامە لە ڕێگای هونەرەکەیەوە بگەیەنێت، کە وەک پڕیفۆڕمانسێک نمایش دەکرێت.

 

 

گەزیزە دەڵێت "ئەگەر ژن مرۆڤە ئەبێت بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟، ئەگەر بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ ئەکریت کێ پارێزگاری لەم ژنانە دەکات؟، ئەمە جگە لەوەی پرسێکی نەتەوەییە، پرسێکی زۆر زۆر جیهانییە".