بەخشان لە ڕێگەی پەرتووکەکانیەوە چیرۆکی ژنان لە زیندانەوە پیشانی کۆمەڵگە دەدات

پەخشان وەکو ژنێک نووسینی کردووە بە ڕێگەیەک بۆ ئەوەی ئازاری ژنانی ناو چاکسازی پیشانی کۆمەڵگە بدات و بۆ ئەو مەبەستەش دوو پەرتووکی نووسیوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان لە کۆمەڵگەدا زوڵمیان لێ دەکرێت و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، بەشێک لە ژنانی کوردیش لە ڕێگەی کارەکانی خۆیانەوە و بەتایبەتی لە ڕێگەی نووسینەوە دەیانەوێت ئازارەکانی ژنان بە کۆمەڵگە بگەیەنن، بۆ ئەوەی ژنان هۆشیار ببنەوە و بزانن کە زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریتی کۆن چەندێک کاریگەری لەسەر ژیانی ژنان دروستکردووە.

 

چیرۆکی پەرتووکەکانی پەخشان لە زاری کەسەکان خۆیانەوە وەرگیراوە

پەخشان محەمەد، ژنە فەرمانبەرێکی دادگای سلێمانییە و لەگەڵیشیدا خولیای نووسینی هەیە و پەرتووک دەنووسێت، لە ساڵانی نەوەدەکاندا بابەتی زۆری دەنووسی و بڵاوی دەکردەوە، لە ئێستاشدا هەرچەندە هەلومەرجی کەمترە بۆ نووسین، بەڵام هەر لێی دانەبڕاوە و لە ساڵی ٢٠٢٠ پەرتووکێکی بە ناوی "لە هەگبەی کۆمەڵگەوە" بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی ئەم پەرتووکەی دەنگدانەوەیەکی باشی دەبێت، دووبارە دەست بە نووسینی پەرتووکێکی تر دەکات بە ناوی "سپێدەیەکی تاریک" و لە ٩ی ئابی ئەمساڵدا مەراسیمی بڵاوکردنەوەی بۆ دەکات.

 

پەرتووکەکانی ئەم نووسەرە باسی چیرۆکی ژنانی ناو دادگا و چاکسازی سلێمانی دەکات، کە لە زاری ژنەکان خۆیانەوە وەریگرتووە، کە بە هەر دۆخێک بێت لەو شوێنەن و سزا دەدرێن، چیرۆکەکان بە خەیاڵی نووسەر نەنووسراون، بەڵکو ڕاستین و ڕاستینەی کۆمەڵگەی کوردین، نووسەر بۆ ئەوەی چیرۆکەکان وەکو خۆی بگەیەنێت چەندین جار خۆی ڕۆشتووەتە ناو چاکسازیەکانەوە و قسەی لەگەڵ ژنەکان کردووە، هەرچەندە زۆر ماندووی کردووە، بەڵام هەر کۆڵی نەداوە لە گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا.

 

ئامانجی نووسەر هۆشیارکردنەوەی ژنانە

پەخشان محەمەد کاتێک بۆ کاری ڕێکخراوەیی سەردانی چاکسازی دەکرد و سیمیناری پێشکەش دەکرد. بینینی دۆخی ئەو ژنانە بێتاقەتی دەکرد، بۆیە وای لێکرد چیرۆکەکانیان بکات بە پەرتووکێک و بە ناوی "سپێدەیەکی تاریک" بڵاوی بکاتەوە، ئامانجی نووسەر لە نووسینی ئەم پەرتووکە هۆشیارکردنەوەی ژنانە بەرامبەر تاوانەکان و سزاکەیان. بۆ ئەوەی بزانن لە چاکسازیدا چی دەگوزەرێت، هەر وەک خۆی دەڵێت: لە ئێستادا بەشێک لە خێزانەکان هەڵدەوەوشێنەوە و کێشەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە، بۆیە کێشەکان زیاتر ڕووبەرووی ژنان دەبنەوە.

 

پەخشان وەکو ژنێکی نووسەر لە مێژووی نووسینی خۆیدا تا ئێستا ئەو بابەتانە دەنووسێت کە پەیوەندی بە ژنەوە هەیە، چونکە لە ئازارەکانی ژن تێدەگات و دەیەوێت ئەو ئازار و توندوتیژیانە بگەیەنێت، کە لە کۆمەڵگەدا بەرامبەر ژنان دەکرێت، دەشڵێت: ژنانی کورد هەروەکو وڵاتانی تر دەتوانن بە باشی بنووسن و نووسەری بە توانامان هەیە، بەڵام هەندێکیان ئەو هەلومەرجەیان بۆ نەڕەخساوە کە لە بوارەکەی خۆیاندا بنووسن.

 

دابونەریت هۆکارێکە بۆ کوشتنی ژنان

چیرۆکەکانی ناو پەرتووکی "سپێدەیەکی تاریک" هەموویان ئازاربەخشن، یەکێک لەو چیرۆکانەی زۆر کاریگەری لە نووسەر کردووە لە پەرتووکەکەدا، ناوی "مەرگی ئاو"ە، کە زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریتی کۆن دەردەخات لە کۆمەڵگەکەماندا، کاتێک کچێک بە زۆر بە شوو دەدەن و دواتر لەبەر قسەی کۆمەڵگە لەلایەن باوک و مام و براکانیەوە دەکوژرێت.

 

پەخشان ئەو دوو پەرتووکەی نووسیویەتی بەخشیویەتی بە خوێنەران و لەناو داداگا و پەرتووکخانەکانی شاردا دانراوە بۆ ئەوەی هەمووی دەستی پێبگات و بیخوێنێتەوە، لە پلانیدا هەیە لە داهاتوودا کار بۆ منداڵانی سەر شەقام بکات و پەرتووکێک لەسەر چاکسازی نەوجەوانان بنووسێت و دۆخی ئەوان و ئازارەکانیان بە کۆمەڵگە بگەیەنێت، ئەم نووسەرە دەڵێت: هەرکەس دەتوانێت لە ڕێگەی خۆیەوە سوود بە کۆمەڵگە بگەیەنێت.