سێ خوشک هەوڵی پاراستنی کولتووری هونەری دەدەن

سێ خوشک کە لە پەنابەریدا گەورەبوون بە ناوەکانی غوربەت، هێلین و لۆرین، لەوکاتەی چاویان بەڕووی ژیاندا دەکەنەوە لە کامپی پەنابەرانی مەخموور بوون، دەخوێنن و سەرقاڵی کولتووری هونەریین.

ئاڤاشین هێلین

 

مەخموور-کاتێک خەڵک بە شەقامەکانی کامپی پەنابەرانی مەخمووردا دەڕۆن، تووشی چەندین چیرۆکی بە ئازار و سەرنجڕاکێش دەبن، هەموو کامپێک چیرۆکێکی جیاوازی هەیە، لەسەرڕووخساری هەر دایکێک، ئازارە قووڵەکانی حەسرەتی خاکەکانیان بە ڕوونی دیارە و هیوای داهاتوویەکی ئازاد لە چاویاندا دەدرەوشێتەوە، هەر منداڵ و گەنجێکی ناو کامپەکە زۆر لە تەمەنی خۆی گەورەتر دەژی، بەڵام ئاواش بەڵێنی ئەوەیان داوە بەرخۆدان بکەن.

 

غوربەت، هێلین و لۆرین لەوکاتەی چاویان بەڕووی ژیاندا کردووەتەوە لە کامپی پەنابەرانی مەخموور بوون و گەورەبوون، بەڵام لە ئێستادا دەخوێنن و لە ژیانی پەنابەریدا سەرقاڵی هونەرن، ئەو سێ خوشکە هێشتا لەدایک نەبوون، باپیریان مەحمود عەفارۆف لە کۆمەڵکوژییەکەی هەولێر لە ساڵی١٩٩٧  کوژرا، کە تێیدا دەیان قارەمانی گەلی کورد بە دەستی پەدەکە کوژران، جگە لەوەش عوسمان ئارزو باوکیان لە ساڵی ٢٠١٧ لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورک گیانی لەدەستدا و غوربەت هەولێری ئامۆزایان لە ساڵی ١٩٩٩دا لە چیای ئازاد گیانی  لەدەستدا.

 

سێ خوشکەکە بە چیرۆکی خەبات و تێکۆشان گەورە دەبن

بەم شێوەیە لۆرین، هێلین و غوربەت لەگەڵ دایک و داپیرەیان گەورەبوون، ئەو سێ خوشکە، بۆ ئەوەی بتوانن باپیریان بناسن کە هەرگیز چاویان پێیان نەکەوتووە، بە وردی گوێ لە خێزانەکەیان دەگرن و ڕۆژانە پرسیار لەبارەی ژیان و خەبات و تایبەتمەندییەکانیان دەکەن، لە داپیرەیانەوە فێری ئەزموونی پەنابەران و خۆڕاگری و دڵخۆشی و ئازار و ئەزموونی ژیان بوون، فێری ئارامی و تێگەیشتن و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی خۆیان بە هەموو شێوەیەک بوون، لە دایکیانەوە فێری هێز و متمانە بەخۆبوون و خۆشەویستی ژیان بوون کە بووەتە یەکەم مامۆستایان و نزیکترین هاوڕێیان.

 

غوربەتی تەمەن ١٣ ساڵ، هێلین تەمەن ١٢ ساڵ و لۆرینی تەمەن ٨ ساڵ، هەرسێکیان لە پشووی هاوینەدا دەچنە ناوەندی ستێرا زێڕین و ئەکادیمیای شەهید سەرحەد، لەوێ فێری ژەنینی ئامێری مۆسیقا دەبن.

 

"باوکم وای لێکردم ئامێری مۆسیقام خۆشبوێت"

غوربەت، بەهۆی ئەوەی گەورەترینی ئەو سێ خوشکەیە، هەروەها ڕێبەری هەردوو خوشکەکەیەتی، ئاماژەی بەوەکرد، خۆشەویستی خۆی بۆ ئامێری مۆسیقا لە باوکییەوە وەرگرتووە و وتی: کاتێک باوکم لەدەستدا، من منداڵ بووم لەگەڵ دایکم و داپیرەم گەورە بووم، پێش شەهیدبوونی باوکم هەمیشە ئامێری دەژەند و گۆرانی بۆ دەوتم، هەندێک جار باوکم ئامێرەکەی دەژەند و پێکەوە گۆرانیمان دەوت، لەو کاتەدا خۆشەویستیم بۆ ئامێرەکە دروستبوو بەڵام بەهۆی تەمەنمەوە نەمتوانی ئامێرەکە بژەنم هەر بۆیە ئێستا سێ ساڵە لە پشووی قوتابخانەدا دەچمە ستێرا زێڕین و فێری ژەنینی مۆسیقا دەبم، ئەمساڵ لە ئەکادیمیای شەهید سەرحەد دەستم بە پەروەردە کرد.

 

لە درێژەی قسەکانیداغوربەت حەسرەتی خۆی بۆ باوکی بەم شێوەیە دەربڕی وتی: خوشکی بچووکم باوکمی نەبینی، بۆیە ئەو حەسرەت لە دڵماندا مابووەوە هەمیشە هەوڵ دەدەین بە پرسیارکردن باوک و باپیرەی شەهیدمان بناسین، خەسڵەتیان چی بوو، لە پێناو چیدا خەباتیان دەکرد و چەندین پرسیاری تر، وەڵامی ئەم پرسیارانە لەلایەن دایک و داپیرەمانەوە وەردەگرین، ئێمەش شوێنکەوتووی ئەوانین.

 

"دەمەوێت مامۆستا بم و هەموو منداڵان پەروەردە بکەم"

 

لەکۆتایی قسەکانیدا،غوربەت خەونەکانی خۆی بۆ ئایندە دەربڕی و وتی: ئەوەی فێری دەبم، دەمەوێت فێری منداڵ و گەنجانی دەوروبەرم بکەم و ببمە مامۆستایەک کە بتوانێت لە داهاتوودا هەموو منداڵانی کامپەکە پەروەردە بکەم، ئێمەهەلی گەورەمان هەیە بۆ پەرەپێدانی کامپەکەمان لە هەموو ڕوویەکەوە، داوا لە هەموو منداڵان و گەنجانی کورد دەکەم بۆ زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی هونەری کوردی، بەشداری چالاکیی هونەری بکەن.

 

"من لە ژێر کاریگەری خوشکەکەمدا بووم"

هێلین باسی لەوەکرد، کاتێک خوشکەکەی بینیووە بە جۆش و خرۆشەوە ئامێرەکە دەژەنێت، زۆر سەرسام بووە و ویستویەتی فێربێت و وتی: کاتێک دەچمە پەروەردە دڵخۆش دەبم چونکە خەڵک زۆرن لەوێ و هەموویان دەیانەوێت ئامێرەکان فێربن، لە ماڵەوە چونکە ئێمە سێ کەس ئامێری مۆسیقا دەژەنین، ژاوەژاوێکی زۆر دروست دەبێت، ئەمەش خۆشی و دڵخۆشییەکی جیاواز بە ئێمە و خێزانەکەمان دەبەخشێت ئاواتی من ئەوەیە کەهەرسێکمان پێکەوە زیاتر گەشە بکەین و لە داهاتوودا ببینە مامۆستا.

 

"هونەر قورسی ژیانمان بیردەباتەوە"

لۆرین کە بچووکترین منداڵی ناو ماڵەکەیە، لەلایەن خێزانەکەی و دەوروبەرەکەیەوە و لەلایەن هەموو کەسێکی ناو کامپەکەوە زۆر خۆشەویستە، لۆرین کاتێک خوشکەکانی قسەیان دەکرد و باسی ژیانی خۆیانیان دەکرد بە جۆش و خرۆش و ئارەزووی زۆرەوە وتی: منیش قسە دەکەم.

 

کاتێک لە خوێندن دەگەڕێتەوە، دەچێتە لای دایکی و داپیرەی تا ئەوەی فێری بووە پیشانیان بدات، وتی: دوای ئەوەی دوو خوشکەکەمم بینی کە ئامێری مۆسیقا دەژەنن، منیش دەستم پێکرد ئەو شتانەی فێری دەبم فێری دایکم و داپیرەمی دەکەم، لە ستێرا زێڕین کاتێکی خۆش بەسەر دەبەین لەگەڵ مامۆستا و هاوڕێکانمان و ئەو سەختیانەی ژیان لەبیر دەکەین کە بەسەرماندا دێت.