رۆمانی بمدەنە دەست لیزا لە نووسینی شادی کەریم بڵاوکرایەوە

لە مەراسیمێکدا ڕۆمانی بمدەنە دەستی لیزا، لە نووسینی شادی کەریم بڵاوکرایەوە، نووسەر وتیشی ڕۆمانەکەم بە ئازایی و ئازادییەوە نووسیوە سەرباری ئەو هێرشانەی کە لەلایەن دەسەڵات و کۆمەڵگەوە دەکرێتە سەرم.

سلێمانی

 

ئێوارەی دوێنی لە مەراسیمێکدا لە ناوەندی رۆشنبیری ڕەھەند و کتێبخانەی ڕۆمان لە شاری سلێمانی ڕۆمانی "بمدەنە دەست لیزا" لە نووسینی شادی کەریم بڵاوکرایەوە، لە مەراسیمەکەدا نووسەر ناوەڕۆکی پەرتوکەکەی خستەڕوو و وتی: ڕۆمانەکەم بەرهەمی سێ ساڵ ڕەنج و شەونخونییە، کە بەرەنجامی نووسینی چەند ڕۆمانێکی دیکەمە لە ساڵانی ڕابردوودا نووسیومە، لە کۆمەڵگای ئێمەدا قورسە ژنێک بتوانێت بنووسێت و ئازاد بێت، ترس لە دەسەڵات و کۆمەڵگەیە هەیە کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم هەنگاوەکانی ژنانی نووسەردا، بەڵام من چاونەرسانە و ئازادە ڕۆمانەکەمم نووسیوە.

 

شادی ئاماژەی بەوەشدا کە پەرتووکەی پێشکەش بە خوشکەکەی و ھاورێیەکی بە ناوی سایە کردووە.

 

"ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە و قوربانییەکانی ژنانم نیشانداوە"

لە لێدوانێکی تایبەتیشدا بۆ ئاژانسی ژنها، شادی وتی: بمدەنە دەست لیزا، ڕۆمانێکی کۆمەڵایەتییە لە دوو توێی ٣٠٧ لاپەڕەدا، باس لە ڕووداوەکانی ڕۆژ و سایکۆلۆژی تاک دەکات، هەوڵمداوە زیاتر تیشک بخەمە سەر سایکۆلۆژیای مرۆڤ و دەروونشیکاری بکەم بەرامبەر بەو ڕووداوانەی دەورووبەری و پاڵنەرەکانی و بیرکردنەوە ئەرێنی و نەرێنییەکان.

 

نووسەری وتیشی: لە ڕۆمانەکەدا باسم لە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا کردووە، ئاماژەم بەوەداوە کە ژنان چۆن و بۆچی دەبنە قوربانی دەستی ڕۆژگار و کۆمەڵگە، لیزا کە ئەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە، دەبێتە قوربانی دەستی ڕۆژگار و کۆمەڵگە، خێزان و دابونەریت، وە هیوادارم کە ڕۆمانەکەم لە داهاتوودا بکرێتە فیلم، چونکە دڵنیام دەنگدانەوەی باشی دەبێت.

 

"ئێمە توانیومانە ڕۆژە سەختەکان تێپەڕێنین"

لەم بارەیەوە سایە محەمەد، ھاورێی نووسەر، باسی لە هەوڵەکانی شادی کرد و وتی: پەرتوکەکە پێشکەش بە من و خوشکەکەی شادی کرا، دڵخۆشم بەوە و ئەوە دەیسەلمێنێت کە ئێمە توانیومانە ڕۆژە سەختەکان پێکەوە تێپەڕێنین و بگەین بەم ڕۆژانە.

 

وەک شادی ئاماژەی پێدا، داهاتیی پەرتووکە بۆ کاری خێرخوازی تەرخان دەکرێت و هەوڵ دەدەن هاوکاری منداڵانی بێ باوک بەکاربێت، لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا پەرتوکەکە پێشکەش بە خوێنەران کرا.

 

ت.پ