پڕۆژەیەک بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی لە سینەماوە

سینەما سالم و ناوەندی غەزەلنووس پڕۆژەیەکیان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لە ڕێگای سینەماوە ڕاگەیاندووە، کە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان یەکێک دەبێت لە بابەتەکانیان، هەفتانە فیلمەکان دژی توندوتیژی بێ بەرامبەر پەخشدەکرێت.

سینەما سالم  و ناوەندی غەزەلنووس پڕۆژەیەکیان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لە ڕێگای سینەماوە ڕاگەیاندووە، کە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان یەکێک دەبێت لە بابەتەکانیان، هەفتانە فیلمەکان دژی توندوتیژی بێ بەرامبەر پەخشدەکرێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی - ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە پەڕەی فەرمی سینەما سالم پڕۆژەیەکی ناوەندی غەزەلنووس و سینەما سالمی بە ناوی "سینەما دژ بە توندوتیژی" ڕاگەیاند، پرۆژەیەکە بۆ گەیاندنی پەیامی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئاینی، مەزهەبی  و دژی مافەکانی مرۆڤ و ژنان.

 

سینەما سالم بڵاویکردووتەوە، "ئایدیای سەرەکی ئەو فیلمانە نیشاندانی ئەو فەزا ترسناکەیە کە هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی تاک ڕەهەند و دەمارگیر دەتوانێت چەنێک ژیان لە مانا راستەقینەکانی دابماڵێت و چ وێرانەیەک لە سەر زەوەی بخوڵقێنێت، هەر بەم هۆیانە و لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسایەتی و هەست کردن بە مەترسییەکانی تەشەنەکردنی ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە لە فەزای کولتووری و ژیانی ڕۆژانەی ئێمەدا و لە سۆنگەی باوەڕبوون بەوەی کە سینەما دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاو دژ بەم شێوە بیرکردنەوە ببینێت، تێڕوانین بۆ دونیا بگۆڕێت و جۆرێکی تر لە بیرکردنەوە بەرهەمبهێنێت".

 

پڕۆژەکە پێکدێت لە نمایشکردنی ئەو فلیمانەی کە دژی توندوتیژین و بەرەنگاری ئەو فکرە توندڕەوییە دەبنەوە، هەفتەی جارێک فیلمێک بە ژێرنووسی کوردی بێ بەرامبەر نمایش دەکرێت لەگەڵیشیدا ئەو وتارانەی لەبارەی فیلمەکەوە نوسراون وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی، فیلمەکان لە وڵاتێکی دیاریکراو نییە، هەر فیلمێک لە وڵاتێک بەرهەمهێندراوە.

 

ڕەوەز حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری سینەما سالم بە نوژنهای ڕاگەیاند، کە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بەشێکی زۆری پڕۆژەکە پێکدەهێنێت، هەروەها باس دۆخی ژن لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان و بۆکۆحرام دەکات.

 

هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە ئەم پڕۆژەیەوە لەو سۆنگەیەوەیە، کە کاتێک باسی توندوتیژییەکان دەکرێت تەنها لە چوارچێوەی قسەکردندایە، بەڵام کاتێك لە سینەما دەبیندرێت خەڵک بە چاوی خۆی هەست بە توندوتیژییەکان دەکات، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کات و ڕۆژی بڵاوکردنەوەی فیلمەکان بۆ پڕۆژەکە دەستپێبکات.

 

ت.پ