پێشەنگای شێوەکاری "هاوارەکانی ژێر خاک"

لە هۆڵی ئەمنە سورەکەی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی یاسا و ژیان بۆ هۆشیاری، پێشانگایەکی شێوەکارییان بە ناونیشانی "هاوارەکانی ژێر خاک" کردەوە.

سلێمانی

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەمنەسورەکەی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی یاسا و ژیان بۆ هۆشیاری، بە هەماهەنگی نوسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، بە دروشمی "ژن ژیانە" ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانیان بەرز ڕاگرت.

 

نقیب ڕاز فریاد، نوێنەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، "ئەرکی بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی هۆشیارکردنەوەی خێزان و ژنان و داکۆکیکردنە لە مافەکانیان لە ڕێگای تیم مۆبایل و هێڵی گەرمەوە".

 

نەقیب ڕاز، ئاماری ١٠ مانگی ئەمساڵی بەڕێوەبەرایەتییەکەی خستەڕوو، بەپێی ئامارەکان ٢هەزار و ٦٥٦ سکاڵا تۆمارکراوە، هەزار و ٧٣٢ سکاڵا لە لەلایەن ڕەگەزی مێ و ٩٠٠ سکاڵا لەلایەن ڕەگەزی نێرەوە بووە، ٢٤ سکاڵای دیکە مافی گشتی بووە.

 

لە بەشێکی مەراسیمەکەدا پێشانگایەکی شێوەکاری بە ناوی "هاوارەکانی ژێر خاک" لەلایەن شێوەکار "کیژان"ەوە کرایەوە کە ٢٠ تابلۆی تێدا نمایشکرابوو، باسی لە چیرۆکی ڕاستەقینەی ئەو ژنانە دەکرد کە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە.

 

کیژان، شێوەکار و خوێندکاری کۆلێژی گرافیک دیزاینە، باسی لەوەکرد چیرۆکی تابلۆکانی لە ڕۆژگار ئیبراهیم، پارێزەر، وەرگرتووە، وتیشی: "لە ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە نمایشکردنی کۆمەڵێک وێنەی شێوەکاری چیرۆکی ڕاستەقینەی ئەو ژنانە نیشان دەدەین کە بە ناوی شەرەف کوژراون یاخود توندوتیژیان بەرامبەر کراوە".

 

کیژان دەربارەی ٢٥ی تشرینی دووەم وتی "ئێمە لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاردا دەژین، ئەو کلتورانەی کۆمەڵگاکەمانی پێوە بەڕێدەچێت بووەتە هۆکار بۆ هەبوونی توندوتیژی زیاتر بەرامبەر ژنان، بەهۆیەوە چەندین ژن ڕۆژانە دەکوژرێن و دەسوتێنرێن، بۆیە پێویستە کۆمەڵگا بە گشتی و ژنان بە تایبەت هۆشیاربن بەرامبەر پرسی ژن، هەوڵ بدەن بۆ کەمبوونەوەی ئەو حاڵەتانە".

 

ڕۆژگار ئیبراهیم، پارێزەر و سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی یاسا و ژیان بۆ هۆشیاری، تایبەت بە ئامانجی چالاکییەکە و چیرۆکی ڕاستەقینەی تابلۆکان وتی "ئامانجی سەرەکیمان بەرچاو ڕوونکردنەوەی کۆمەڵگای کوردییە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ کەیسەکانی توندوتیژی و کوشتن تێیدا زیاددەکات، هەروەها لە پاڵ کاری پارێزەرایەتیمدا ماوەی ٤ ساڵە هەوڵم داوە چیرۆکی ڕاستەقینەی ئەو ژنانە کۆبکەمەوە کە توندوتیژیان بەرامبەرکراوە، لەم ماوەیەشدا توانیومە ٢٠٠ چیرۆک کۆبکەمەوە کە ئێستا ٢٠ دانەیان لە ڕێگای تابلۆوە نمایشکراون".

 

ئەو پارێزەرە باسی لەوەکرد، بکوژانی ژن داڵدەدەدرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵ ناکرێت کە ئەمە هۆکارێکە بۆ زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان.

 

ت.پ