پێشەنگای خێرخوازی شاناز حەسەن لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامە

ژنێکی دەستڕەنگین کە خۆین یاریزانێکی دێرینی باسکەیە، پێشەنگایەکی کاری دەستی لە ڕۆژی ٨ی ئاداردا کردەوە و ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی نمایشەکەی بوو، داهاتەکەشی بۆ کاری خێرخوازی تەرخان دەکات.

سلێمانی

 

لە درێژەی چالاکییەکانی ٨ی ئاداردا، دوێنێ لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، پێنجەمین پێشەنگای تایبەتی خێرخوازی کاری دەستی بۆ یاریزانی دێرین "شاناز حەسەن" کردەوە.

پێشەنگاکە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە کرایەوە و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئەمڕۆ ٩ی ئادار دووەم ڕۆژی پێشەنگاکە بوو، جیاوازی ئەم پێشەنگایەش ئەوەیە کە داهەتەکەی بۆ کاری خێرخوازی بەکاردەهێنرێت، هەر بۆیە بەشی زۆری کارە دەستییەکان فرۆشراون.

 

شاناز حەسەن، وەک ژنێکی دەستڕەنگین و یاریزانێکی بە ئەزموون، سەبارەت بە کردنەوەی پێشەنگاکەی ئاماژەی بەوەدا: لە ساڵی ٢٠٠٧دا بە کاری دەستییەوە سەرقاڵە کە خولیای بووە، ئەمە پێنجەمین پێشەنگایەتی بیکاتەوە و داهاتی هەمووشیان بۆ کاری خێرخوازی بووە،

شاناز حەسەن هەموو ئەو پێشەنگایانەی دەیکاتەوە ڕۆژی تایبەتی بۆ هەڵدەبژێرێت وەک ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕۆژی کرێکاران و یادی ڕاپەڕین، وتیشی: "بە مافێکی خۆمانی دەبینم وەک ژنێک کارە دەستییەکانمان و تواناکانمان لە ٨ی ئاداردا زیاتر نیشانی خەڵک و بدەین و پێیان بڵێین دەتوانین بەردەوام بین".

 

باسی لەوەشکرد ئەوکاتەی دەستیکرد بە خوێندن خولیای بوو بچێتە بەشی هونەرە جوانەکان بەڵام بە هۆکاری تایبەت لەوێ وەرنەگیراوە، هەربۆیە بەشی وەرزشی خوێندووە، بەڵام خولیای ڕێکخستنی ڕەنگەکانی لە دڵدا ماوەتەوە بۆیە هەوڵی داوە لە ڕێگای مورووەکانەوە ڕەنگەکان ڕێکبخات.

شاناز حەسەن لەسەر ڕۆژی ٨ی ئادار وتی: "بە هەموو پێوەرێک دژی توندوتیژیم، دڵخۆشم بەوەی ژنێک ببینم هەوڵدەدات و کاردەکات و شوێن ئامانجەکانی بکەوێت، بۆیە گرنگە ژنان خۆیان دروستبکەن و پێویستە هەمووان بزانن لە هەوڵداندا کەوتن هەیە. بەڵام هەستانەوەش هەیە".

 

کارە دەستییەکانی شاناز هێندە بووتە جێی سەرنج لە وڵاتانی وەک دوبەی و کەنەدا داواکراوە بۆ بەشداریکردن لە پێشەنگاکانی ئەو وڵاتانەدا.

ئەم پێشەنگایە جگە لە ئەمڕۆ، سبەی ١٠ی مانگ بەردەوام دەبێت.

ت.پ