پێشانگایەکی تایبەت بە شێوەکارانی کورد و عەرەب کرایەوە

پێشانگایەکی هاوبەشی شێوەکارانی کورد و عەرەب کرایەوە و ئامانجی سەرەکی تیایدا تێکەڵکردن و ئاشنابوونی کلتوور و هونەری نەتەوە جیاوازەکان بوو.

سلێمانی

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە هۆڵی گەلەری دڵخواز لە شاری سلێمانی، سەندیکای هونەرمەندانی عێراق لقی موسڵ بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی موسڵ و ڕێکخراوی عشتار و گروپی هونەری دڵخواز پێشەنگایەکی شێوەکارییان کردەوە.

 

ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی پێشەنگاکە بوو، کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ژوان باقی، ئەندامی گروپی هونەری گەلەری دڵخواز دەربارەی پێشانگاکە وتی "بەشداربووانی پێشانگاکە لە هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب پێکدێت و بە هاوبەشی پێشانگایەکیان کردووەتەوە".

 

ئاماژەی بەوەدا کۆی گشتی بەشداربووەکان ٢٩ شێوەکار کە تەنها پێنجیان ژنن و سەر بە نەتەوەی عەرەبن، تابلۆکانیان پێناسەی بیرکردنەوە و فکری شێوەکاران دەردەخات.

 

دەربارەی ئامانجی پێشانگاکە ژوان دەڵێت "ئامانجی هەر پێشانگایەک کە بە هاوبەشی لە نێوان دوو نەتەوە و لایەن بکرێت، تێکەڵبوونی کلتور و ئاڵوگۆڕکردنی بیروباوەڕی یەکدییە، هەروەها ئاشنابوونە لە هونەری ناوچە و نەتەوە جیاوازەکان".

 

لە پێشانگاکەدا ژمارەیەکی کەم لە ژنان بەشداربوون و ژنانی شێوەکاریش ئامادەی پێشەنگاکە نەبوون، بەشێکی کەمی میوانەکانیش ژن بوون، ژوان هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ دووری ناوچەکە و دەڵێت: "ئەو ژنانەی بەشداربوون عەرەب بوون و بەهۆی ڕێگاوە نەیانتوانیوە بێن بۆ پێشانگاکە."

 

ت.پ