پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ دوو خاوەن پێداویستی تایبەت کرایەوە

پێشانگایەکی شێوەکاری تایبەت بە دوو خاوەن پێداویستی تایبەت کرایەوە کە تیایدا گرنگی بە توانای دوو بەهرەمەند دەدا و تابلۆکانیان نیشانی سەردانیکەران دەدات.

سلێمانی

 

دوێنێ، ٤ی کانوونی یەکەم، بە هاوکاری ڕێباز فاونەدەیشن پێشانگایەکی شێوەکاری لە هۆڵی ئەمنەسورەکەی شاری سلێمانی بۆ دوو گەنجی خاوەن پێداویستی تایبەت بە ناوی "فاتمە شەمسەدین، لهۆن فەریح" کرایەوە، ژمارەیەک لە خاوەن پێداویستی تایبەتی دیکە و هونەرمەندان و چالاکوانان بەشداربوون.

 

فاتمە شەمسەدین، شێوەکارە و خەڵکی شاری کەرکوکە، بۆ یەکەمین جارە لە شاری سلێمانی پێشانگای شێوەکاری بکاتەوە و ٢٦ تابلۆی پێشەکەش بە میوانان و هاوڵاتیان بکات، باس لە کارەکەی دەکات و دەڵێت"هەموو کاتێک تابلۆکانم لە پێشانگاکانی شاری کەرکوک نیشان دەدا، بەڵام ئەمجارە جیاواز لە جارەکانی دیکە لە شاری سلێمانی نمایشم کردن".

 

فاتمە لە تەمەنێکی منداڵییەوە تابلۆ دەکێشێت و بەهرەیەکی جیاوازی هەبووە، هەوڵیداوە گرنگی بە بەهرەکەی بدات تا بگات بە هیواکانی، تابلۆکانی فاتمە ڕەنگدانەوەی ئازادی و هێزی ژنانە هەروەها پێکەوەژیانی ئاینەکان.

 

وەک خاوەن پێداویستیەکی تایبەت دەڵێت "هەموو کەسێک ئەگەر خاوەن پێداویستی تایبەت بێت یاخود نا پێویستە لە ناخیدا گرنگی بەو خولیایانە بدات کە هەیەتی"، باسی لەوەشکرد لەگەڵ ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتە بەڵام توانیویەتی وەک ژنێک گرنگی بە خولیای خۆی بدات و ڕۆژانەش ئەرکی ماڵەوە جێبەجێ بکات.

لە کۆتایدا فاتمەی شێوەکار ئاماژەی بەوەدا، هەرکاتێک کەسێک خاوەن پێداویستی تایبەتە نابێت بە شێوەیەک بیربکاتەوە کە ژیان کۆتای هاتووە، بەڵکو دەبێت هەمیشە هەوڵبدات، "هەمیشە بەردەوام دەبم"

 

شارا مستەفا، میدیاکار و چالاکوانی بواری تواناسازی خاوەن پێداویستی تایبەت، ڕوونیکردەوە، کۆمەڵێک شاخەوانین بە هاوکاری یەکتر گروپێکیان دامەزراندووە کە هاوکاری خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن، هەروەها گرنگی بە بەهرە و تواناکانیان دەدەن، ئەم پێشانگایەش یەکێکە لەو چالاکییانەی گروپەکەیان ئەنجامیداوە.

 

ئامانجی کارکردنیان لەسەر توانای خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ئەوەیە بیانکەنە خاوەن کار و بە هێزی خۆیانەوە کاربکەن، دەربارەی دۆخی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەڵێت "لە ئێستادا لە دۆخێکی باشدا نین، چونکە زۆرینەی کۆمەڵگا بە چاوێکی بەزەیی تەماشایان دەکات، لەبری ئەوەی تواناکانیان بەرزبکەنەوە".

 

ت.پ