پەرتوکی "ئەوکاتەی مەرگ وەک و ژیان سەوزە" بڵاوکرایەوە

پەرتوکی نووسەر ئەمیرە محەمەد تایبەت بە چیرۆکی خەبات و شۆڕشگێڕی ژنانی پێشمەرگە و پێشمەرگە بڵاوکرایەوە، ڕاشیگەیاند پێشمەرگە بە پشتیوانی ژنان گەیشتوون بەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆ.

ناوەندی هەواڵ

 

١ی حوزەیران/٦ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، ئەمیرە محەمەد، نووسەر، پەرتوکێکی خۆی بە ناوی "ئەوکاتەی مەرگ وەک و ژیان سەوزە" بڵاوکردەوە.

ناوەڕۆکی پەرتوکەکە پێکدێت لەو چیرۆکە ڕاستییانەی لە سەردەمی خەبات و شۆڕشی پێش ساڵانی ١٩٩١ ڕوویانداوە، نووسەر لە دوو توێی پەرتوکێکدا کۆیکردوونەتەوە.

 

سەرەتا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ئەمیرە محەمەد بە خوێندندەوەی پارچەیەک وتەی تایبەت بە پێشمەرگە و شۆڕشی لە مێژینەی کورد یادەکەی کردەوە، پاشان کتێبەکەی بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرد.

 

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها ئەمیرە محەمەد باسی لە ناوەڕۆک و هۆکاری نوسینەوەی ئەم کتێبە کرد و وتی: ناوی کتێبەکە لە خوێن ڕشتنی ئەو پێشمەرگە بە جەرگانەوە هاتووە کە خوێنیان ڕشتووە لە پێناو خاکی پیرۆزی کوردستان و بە عەشق دەچوون بەرەو پیری مەرگەوە.

 

ئەمیرە باسی لەوەکرد لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە بووەتە بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئەمنەسورەکە و لەوکاتەدا سەودای نووسینەوەی چیرۆکی دایکان و پێشمەرگەکانی لەلا کەڵەکە بووە، دەربارەی پەرتوکەکە وتی: "ئەوکاتەی مەرگ وەک و ژیان سەوزە" لە ٣٠  تابلۆ و نزیکەی ٩٠ چیرۆک پێکهاتووە، چیرۆکەکان کۆکراونەتەوە و تابلۆکە لەلایەن تارا قادر مامۆستای زانکۆوە ئامادە کراون.

 

ئەو نووسەرە ژنانی بە داینەمۆی شۆڕش بەناو کرد و وتی: ژنان داینەمۆی شۆڕشن، ژنانن کە توانیویانە شۆڕش بەڕێوەبەرن و ببنە پشتیوانی سەرەکی پێشمەرگەکان، بێ ژن، دایک، خوشک و هاوژین، پێشمەرگەکان نەیاندەتوانی بەم ڕۆژگارەی ئێستا بگەن.

 

ئەمیرە محەمەد لە ئێستادا خاوەنی ١٨ پەرتووکی چاپکراوە و چەند بەرهەمێکی دیکەی تەواو نەکراوی هەیە کە لە داهاتوودا ئامادەی بڵاوکردنەوەیان دەکات.

 

ت.پ