پاکیزە و عایشە لە ڕێگەی تابلۆکانیانەوە باس لە نەهامەتییەکانی ژنان دەکەن

لە پێشانگای کاری دەستی ژنانی هەڵەبجە و دهۆک، دوو ژنی ئێزدی بە تابلۆکانیان بەشدارییان کردووە و باس لە کێشە و نەهامەتییەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەکەن.

 

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ژمارەیەک بینەر لە دەوروبەریان کۆبوونەتەوە، دوو ژنن بە جلوبەرگی کلتوری ئێزدییەوە باس لە تابلۆکانیان دەکەن.

عایشە جومعە، دەرچووی بەشی بیرکارییە و لە دهۆکەوە هاتووە، سەبارەت بەوەی کە چۆن خوازیاری وێنەکێشانە عایشە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دەستیکردووە بە وێنەکێشان، باسی لەوەکرد هەرچەندە بڕوانامەکەی دوورە لە حەز و خولیاکانیەوە، بەڵام توانیویەتی لە ڕێگەی دەورە و یوتیوبەوە خۆی پێبگەیەنێت.

 

لێمان پرسی تابلۆکان باس لە چیدەکەن، عایشە وتی، سەرجەمیان باس لە ژن و هێز و پشتگیری یەکتر دەکەن، یەکێک لە تابلۆکان وێنەی ژنانی ئێزدین لە جەژنی چوارشەممە سوری ئێزدییەکاندا کە چرا هەڵدەکەن و ئاوات دەخوازن.

 

یەکێکی دیکە لە تابلۆکانی عایشە وێنەی ژنێکی ئێزدییە بە جلی ڕەسەنی خۆیانەوە کە بۆ ئاهەنگ و بۆنەکان لەبەریدەکەن.

پاکیزە سەعید، ڕزگاربوویەکی دەستی داعشە، پاش ئەوەی بۆ ماوەی بیست ڕۆژ لە چیاکانی دەوروبەری شنگال ماوەتەوە ڕزگاری دەبێت، ئێستا لە کەمپێکی شاری دهۆکدا بە کێشانی وێنەکان باس لە کێشە و نەهامەتیەکانی ژنان دەکات.

 

پاکیزە باس لەوەدەکات لە گوندی تلعوزیر بووە، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە وێنەکێشانەوە سەرقاڵە و دەشڵێت پاش ئەو فەرمانەی بەسەر شەنگالدا هات هەوڵی داوە زیاتر لەسەر توندوتیژی دژی ژنان کاربکات، ئاماژەی بەوەشدا کە ئێستا بەهۆی ژیانیان لە کەمپەکاندا ناتوانێت کاری شێوەکانی بەباشی بکات.

 

لە پێشەنگاکەدا ژنانی هەڵەبجە و دهۆک لە ئاینە جیاوازەکانی کوردستان بەشداربوون و بە وێنە و کارە دەستییەکانیان تواناکانی ژنانیان خستەڕوو.

ت.پ