نیگار عوسمان: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یاری بە کەسایەتی ژنان دەکەن

ژنان بوونەتە ئامانجی بەشێک لە میدیاکان، بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەوڵی لەکەدارکردنی کەسایەتییان دەدرێت، نیگار عوسمان وەک ئەکتەرێک باس لە نابەپرسیاری ئەو دەزگا میدیاییانە دەکات، کە بەردەوام هەوڵی لەکەدارکردنی دەدەن، لە بەرامبەردا هیچ گرنگی بە سەرکەوتنەکانی نادرێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- پەیج و پەڕەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵیشیدا بەشێک لە تەلەفزیۆنەکان بەردەوام لە هەوڵی نیشاندانی ژناندا بەجۆرێک لەپێناو زیادکردنی بینەر و هاتنی زۆرترین کۆمێنت بۆ بابەتەکانیان دەدەن، لە کەمترین دۆخدا وەک دەزگایەکی میدیایی گرنگی بە لایەنی بەرپرسیارێتی دەدەن.

 

ئەکتەر نیگار عوسمان، وەک باسی دەکات، بەهۆی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە چەندین زیان بەر کەسایەتی خۆی کەتووە، ئەو سایت و پەیجانە کردوویانەتە ئامانج و یاری بە کەسایەتیی دەکات.

نیگار عوسمان لە چەندی ڕۆژی ڕابردوودا لە بڵاوکراوەیەکدا نوسیوویەتی "نە بۆ تۆ، نە بۆ سینەما ئیتر نابم بە قوربانی، ئەیوەستێنم، لەم وڵاتە کە وەک تاقیگەی مشک وایە هەموو خراپیەکانت لەسەر تاقی ئەکەنەوە، مرۆڤ بوون بەهای نەماوە چ بگات بە هونەر ئەویش بۆ منی ژن، تەنیا خۆمم خۆشئەوێت و لە پێناو خۆم ئەژیم، تەمام".

 

لە بارەی ئەم بڵاوکراوەیەوە نیگار عوسمان بە ژنهای ڕاگەیاند، کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو کۆکردنەوەی بینەر و کۆمێنتدا کار دەکەن، تەنها لەبەر ئەوەی ڕۆڵێکی نەرێنی بینووە، ئیتر بووەتە ئامانجی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، جیا ناکرێتەوە کە ئەوە کەسایەتی ناو دراما یاخود فیلمەکەیە، بەڵکو وا لێکدەدەرێتەوە ئەوە کەسایەتی خودی ئەکتەرەکەیە.

باسی لەوەشکرد، بەشێک لە دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرەکانیش ئەگەر ئەکتەر لەگەڵیاندا پەیوەندییەکی نەبێت، ئیتر ڕێگا بە پێشکەوتنی نادەن و "پاشقول"ی لێدەگرن، دەشڵێت "٢١ ساڵە من کار دەکەم و خزمەت دەکەم، من چاوەڕێی ئەوە نیم کە خەڵات بکرێم، بەڵام چاوەڕێی ئەوەش نیم کە ئاوام بەرامبەر بکرێت".

 

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لەگەڵ هەموو سەرکەوتنەکانی بەڵام ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنها ئەوانە دەبینن کە دەیانەوێت و کار لەسەر تێکدانی وێنای ژنان دەکەن و ئاقڵیان لەناو چاویاندایە، دەڵێت "من زۆر پێی بێتاقەتم هیچ زەرەرێکم بۆ ئەم کۆمەڵگایە نییە، هیچ کەس و لایەنێک نەهاتووە پاڵپشتیم بکاتم، تەنانەت گرنگی بە سەرکەوتنەکانیش نادەن، لە کاتێکدا من هەر ئەم ساڵ خەڵاتی باشترین ئەکتەرم لە وڵاتی سوید وەرگرت".

 

وتیشی: "واز لە کاری هونەری ناهێنم ، بەس ئیتر خۆم ناکەم بە قوربانی، پێشتر هونەر هەموو ژیانم بوو، ئێستا تەنها بەشێکە لە ژیانم، زۆر باجمدا، نە ئەنجامی ماددی و نە مەعنەویم بەدەستنەهێناوە، مرۆڤ لەم کۆمەڵگایەدا بەهای نەماوە"، داواشی کرد کە ئیتر یاری بە هونەرمەندانی ژن نەکرێت، ئەویش ئیتر خۆی ناکاتە قوربانی بۆ سینەما و هونەر.

 

لە کۆتایشدا باس لە نەمانی بەهای هونەر دەکات و دەڵێت: "دەبێت بەهای هونەری بگەڕێتەوە، ئەو کاتە دەتوانیت بڵێیت من ئیشێکی هونەریم کردووە، من هیوام کەمە ئەو بەهایە بگەڕێتەوە، چونکە لە ڕووی سیاسەتەوە فاشلین، ئیترهەموو لایەنەکانی دیکەش فاشیلن".