ڕەنگدانەوەی سروشت لە جلی ژنانی گیلان

جلوبەرگی کلتووری هەر ناوچەیەک نیشاندەری مێژوو، فەرهەنگ و هزری ئەو ناوچەیەیە، پەیوەندی خەڵکی لەگەڵ سروشتدا نیشاندەدات، جلوبەرگی ژنانی گیلانیش یەکگرتنێکە لە سروشتی ناوچەی "هێڵی سەوزی هەزار ڕەنگ"ی گیلان. سارا ئورمیە

جلوبەرگی کلتووری هەر ناوچەیەک نیشاندەری مێژوو، فەرهەنگ و هزری ئەو ناوچەیەیە، پەیوەندی خەڵکی لەگەڵ سروشتدا نیشاندەدات، جلوبەرگی ژنانی گیلانیش یەکگرتنێکە لە سروشتی ناوچەی "هێڵی سەوزی هەزار ڕەنگ"ی گیلان.

سارا ئورمیە


ناوچەی گیلان، دەکەوێتە ڕۆژئاوای زنجیرە چیای ئەلبورز و بەشی ڕۆژئاوای دەشتەکانی سەر دەریای قەزوین، دەکەوێتە باکور و ڕۆژئاوای وڵاتی ئێران، یەکێکە لە ٣١ پارێزگاکەی ئێران، ناوەندەکەی شاری ڕەشتەیە.

لە پارێزگای گیلان خەڵک بە چەند زاراوەیەک قسەدەکەن، لەوانە تالیشی، تاتی، تورکی و گیلاکی، کە زۆرینەی خەڵکی گیلان بە شێوەزاری گیلاکی بەکاردەهێنن.

پۆشاکی ئەم ناوچەیە مێژوویەکی کۆنی هەیە، نوێنەرایەتی ڕۆشنبیری و سروشتی هەزار ڕەنگی لەگەڵ خۆیدا هێنا، کە ناوچەی گیلان بەشێکی بە "هێڵی سەوزی هەزار ڕەنگ" ناسراوە، کە سەرنجی گەشتیاران بۆ خۆی ڕادەکێشێت.

 

مێژووی جلوبەرگی گیلەکی

مێژووی جلوبەرگی تایبەت بە پارێزگای گیلان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوینەوارانەی لە چراعەلی تەپەی ڕۆستەمئاباد (مارلیک) دۆزراوەتەوە، ئەم شوێنەوارەش شێوازی جلوبەرگی کۆنی ئەو ناوچەیەی ئاشکرا کردووە، کە پێکهاتووە لە: تەنورە، کراس و ڕەفتە.

تا ئێستاش ئەم شێوازە لە جلوبەرگ لەو ناوچەیە بەکاردێت، هەرچەندە کەمێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام لەڕەسەنایەتییەکەی لاینەداوە، هەمان ئەو پارچانە بەکاردێت کە لە ڕابردوودا بەکارهاتووە، تەنها گۆڕانکاری لە شێوازی دروستکردنی جلوبەرگەکەدا کراوە، لە ڕابردوودا پۆشاکەکان بە دەست چنراون و نەخشییان تێدا کراوە و ڕەنگەکان سروشتی بوون، بەڵام ئێستا بە ئامێر پۆشاکەکە دروستدەکرێت و ڕەنگەکان ماددەی کیمیایین.

 

جلوبەرگی کلتووری ژنانی گیلان

یەکێک لە هەرە خاڵە جیاکەرەوەکانی جلوبەرگی ئەم ناوچەیە، بەکارهێنانی زۆرینەی ڕەنگەکانە لە پۆشاکەکانیاندا، کە بووەتە خاڵکی جیاکەرەوەی پۆشاکی ئەم ناوچەیە، کە ڕەنگە دژبەیەکەکان بە تێکەڵی بەکاردێت و هیچ گونجاندنێک لە بەکارهێنانی ڕەنگەکاندا.

جلوبەرگی ژنانی پارێزگای گیلان بەپێی ناوچەکانی ناوەڕاست، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای پارێزگاکە هەندێک جیاوازن لە یەکتری،  بەڵام بە گشتی لە چەند پارچەیەکی دیاریکراو پێکهاتوون، ئەوانیش:

شلیتە، یان تمەنی کورت ( تانبان ) تەنورەیەکی کورتی کەمەردارە و شێوەیەکی بازنەیی هەیە، تمەنی درێژ ( تەنبان ) هاوشێوەی تمەنی کورتە، بەڵام درێژترە و زیاتر لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی گیلان بەکاردێت، لە ڕۆژئاوای گیلانیش پێی دەگوترێت "شێلار"، کە ئەم تەنورەیە بە پولەکە و بەکرەی جیاواز دەنەخشێندرێت و ڕەنگاوڕەنگە.

سەرپۆش و دەستماڵ، زۆربەی ژنان لە گیلان دوو سەرپۆش بەکار دە‌هێنن، یەکێکیان لە ژێرەوە کە پێی دەوترێت ( لەچک ) و ئەوی تریان لەسەر لەچکەکە دەکرێتە سەرپێی دەوترێت (دەسماڵ).

کراس، بەرگی سەرەوەی ژنانی گیلانییە، ئەم بەرگە بە زاراوەی تالیش پێی دەترێت (شس)،  درێژی کراسەکە تا سەر کەمەرە و لە هەردوو لایەوە کراوەیە و فەتحەی هەیە، دریژی ئەم کراسەش بەپێی ناوچەکانی گیلان گۆڕانی بەسەردا دێت.

هێلەک، یەکێک لە باوترین جلوبەرگەکانی ژنان گیلانە، بە پێی ناوچە جیاوازەکانی گیلان ناوی جیاوازی لێنراوە، قۆڵی پێوە نییە و تا کەمەر درێژە و لەسەر کراسکەوە لەبەر دەکرێت، یەخەکەی شێوەی حەوتییە، لە لاتەنیشتەکانیەوە سێ گیرفانی هەیە، لە بەشی ژێرەوەیدا پشتوێنێکی هەیە کە توانای شلکردن و توندکردنی پێ دەدات.

 

پارچەکانی پۆشاکی گیلانی زۆرن، بەپێی ئەو قوماشانەی کە بەکاریدەهێنن ناوەکانی دەگۆڕێت.