"نانی پیرۆز" خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی فێستیڤاڵی "دینی ئەمڕۆ"ی لە ئیتاڵیا بەدەستهێنا

فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" لە دەرهێنانی سینەماکاری کۆچکردوو "رەحیم زەبیحی" و لە بەرهەمهێنانی "توورەج ئەسڵانی"، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی بیست و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دینی ئەمڕۆ"ی لە وڵاتی ئیتاڵیا بەدەستهێنا.

 

ناوەندی هەواڵ

 

بەڵگەفیلمی "نانی پیرۆز" Holy Bread دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد "رەحیم زەبیحی"، لە بەرهەمهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "توورەج ئەسڵانی" و بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد موڤی" MAAD Movie، لە نوێترین و نۆیەمین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا لە ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢١ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی بیست و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دینی ئەمڕۆ" Religion Today لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن بینەران و هۆگرانی هونەری سینەماوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی ئەم ڕووداوە گرنگە سینەماییە بەدەستبێنێت.

 

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دینی ئەمڕۆ"ی ئیتالیا بە مەبەستی ڕەخساندنی فەرهەنگی ئاشتی و دانووستان لە نێوان باوەڕ و کەلتوورەکان و هەروەها سازکردنی پردێکی پەیوەندیی لە نێوان سینەما و دین و ئایینە جۆراوجۆرەکانی جیهان لە ساڵی ١٩٩٧ دامەزراوە و لەم ڕێگا گرینگەدا بە شوێن پەیوەندیی لە نێوان بیرووباوەڕەکان و ژیانی سونەتی و خۆماڵی خەڵکی سەرتاسەری دنیا و هەروەها ئاشتی و فەرهەنگە جۆراوجۆرەکان، لە ڕێگای وەرگرتنی جیاوازەکانی یەکتریدایە. 

 

٢٤ەمین خولی ئەم ڕووداوە هونەرییە بە نمایشی فیلمە سینەماییەکان، بەڵگەفیلم و کورتە فیلمەکانی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە ڕۆژانی ٢٢ تا ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢١ لە شاری تڕێنتۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

"نانی پیرۆز" کە لە لایەن کۆمپانیای "تسویر گستر الهە پارسی" "ئێلی ئیمەیج" Eli Image بە بەرپرسیارییەتی خاتوو "ئیلاهە نەوبەخت" لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی فەرمی "پێشبڕکێی ئاسیا" لە سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمی "دیمز" DMZ وەکوو گرینگترین فێستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاریی ئاسیا لە وڵاتی کۆریای باشوور نمایشکرا.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەڵگەفیلمی "دیمز" DMZ بە ناونیشانی پێشڕەوترین فێستیڤاڵی فیلمی دیکۆمێنتاریی لە کیشوەری ئاسیا بە ناوەرۆکی "ئاشتی، پەیوەندییەکان و ژیان"؛ بە نمایشی ١٣٠  بەرهەمی دیکۆمێنتاریی لە دەرهێنەرانی ٤٠ وڵاتی جۆراوجۆری جیهان لە رۆژانی ٩ تا ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢١  لە  شارەکانی گۆیانگ و گۆوانگ جۆ لە وڵاتی کۆریای باشوور بەڕێوەچوو.