کەژاڵ نوری نوێترین هۆنراوەى خۆی بڵاوکردەوە

کەژاڵ نوری، شاعیرو چالاکوانى کورد نوێترین هۆنراوەى خۆی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژەی بە قڕکردن و لەناوبردنى گەلی کوردو دادگیرکردنى خاکی کوردستان کردووە.

ناوەندی هەواڵ

هۆنراوە نوێیەکەی کەژاڵ نوری بەناونیشانى "ئاپۆییزم" باسی لە وە کردووە کە چەندە دەوڵەتانى فاشیست و داگیرکەر لەدژی گەلی کورد قڕکردن و لەناوبردن و گرتن و هەموو کارێکی نا مرۆڤانە دەکەن، بەڵام هەر کورد بە بکوژو خراپکار دەزانن.

کەژاڵ نوری لە هۆنراوەکەیدا باس لە زیندانیکردنى رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کردووە کە خاوەنى فکری "ژن ژیان ئازادی"یە.

هۆنراوەکە: - ئاپۆییزم

 

ئەمکوژێ،

بەڵام هێشتا هەر من بکوژەکەم

سەنگەری لێگرتووم و هێشتاکەش،

هەر منم دژەکەم

ئەمبڕێ،

بەڵام هێشتا هەر من چەقۆکەم

دەمبا بە ناخی زەویداو،

هێشتاکە هەرمن (چەپۆکە)م

لەت لەتم ئەکاو هێشتا من قەسابەکەم

تا سەرچیا راوم ئەنێ و، لەوێش ئەمکوژێ و،

هێشتاکە من عەصابەکەم

کەڵبەی چەقیوەتە دڵم و،

هێشتا من مردووە باشەکەم

تانجی راوەکەی لە خۆمەو،

هێشتا هەر منیش جاشەکەم.

منم ، کۆڵۆنی نێو دەوڵەتی و،

دەرهاویشتەی دوو جەنگی سەدەی بیستەکەم

چوارمێخەکەیان کێشام و ،لەتیان کردم

کەچی هێشتا لە لیستی رەشی ئەواندا

من یاخی و تیرۆریستەکەم

یەک تەمەنە من زیندانی و

بارمتەی هێزی ناتۆم و

دیلی زەبروزەنگی نادادیم

کەچی هێشتا من دادوەر و ئاشتیخواز و

داهێنەری مانیڤێستی

ژن، ژیان، ئازادییم

 

کەژاڵ نوری