مرۆڤێک لە ئیرادە .. مرۆڤێک لە گڕکان

پەرتوکی "مرۆڤێک لە ئیرادە .. مرۆڤێک لە گڕکان" کە کۆکراوەی ژیاننامە و نامەکان و پەیامی گیانبازی شۆڕشگێر ڤیان جاف'ە لە ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی شۆڕشگێڕ ڤیان جافدا بڵاودەکرێتەوە.

سلێمانی

 

مرۆڤێک لە ئیرادە .. مرۆڤێک لە گڕکان، کۆکراوەی پەیام و نامەکانی شۆڕشگێڕی گیانبەختکردوو لەیلا والی حسێن، ناسراو بە ڤیان جاف'ە، لە دوو توێی پەرتوکێکدا هاوکات لەگەڵ ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەیدا بڵاو دەکرێتەوە.

 

لەیلا والی حسێن، ناسراو بە ڤیان جاف، ڤیان سۆران یاخود ڤیان کاروخ، لە ساڵی ١٩٨١ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، هەر لە سلێمانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی خوێندووە و یەکێک بووە لە خوێندکارە هەمیشە یەکەمەکان، ڤیان جاف لە تەمەنێکی کەمدا درک بە زوڵم و ستەمی سیستمی کۆمەڵایەتی و ئەقڵیەتی کۆنەپەرست بەرامبەر ژنان دەکات، کە بووەتە هۆکاری بێ ئیرادەکردنی ژن، هەر بۆیەش لە ساڵی ١٩٩٧دا دەستبەرداری خوێندن و ژیانی تاکەکەسی خۆی دەبێت و بەدوای خولیای ئازادی و تروسکایی تێکۆشاندا هەنگاودەنێت و دەبێتە یەکێک لە پێشەنگان و دەچێتە ڕیزەکانی گەریلای ئازادییەوە.

 

ڤیانی پێشەنگ لە ماوەی خەبات و تێکۆشانیدا لە چیاکانی کوردستان بیری ئازادی فراوانتر دەبێت، وەک نووسەرێک سەبارەت بە کێشە و ئازادییەکانی ژنانی کورد دەنووسێت و بابەتی هزری و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەوروژێنێت و چەندین وتار و لێکۆڵینەوەی نووسیوە.

 

"پێویستە بوو وەک بوڕکان ڕووبەڕووی سیاسەت و پیلانگێڕی ببمەوە"

ڤیان جاف لە نامەیەکیدا دەڵێت: هەرگیز نەمدەتوانی هەشتەمین ساڵوەگەری پیلانگێڕی ١٥ی شوبات (پیلانگێڕی دەستگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان) داقورتێنم و قبوڵ بکەم، بۆیە پێویست بوو وەک بورکانێک ڕووبەڕووی سیاسەت و پیلانگێڕییەکانی دوژمنانی ئازادی ژن و گەلی کوردستان ببمەوە"، لەم ڕوانگەیەوە لە شەوی ١/٢ی شوباتی ٢٠٠٦دا لە ناوچەی هەفتانین لە باشوری کوردستان بە دروشمی "سەرلەنوێ واتاداین بە گوتەکانمان" گڕی لە جەستەی خۆی بەردا و بە چالاکییە گیانبازییەکەی ئەشق و ئەڤینی خۆی بۆ ئازادی و ژیانێکی بە کەرامەت دووپاتکردەوە.

 

پەرتوکی "مرۆڤێک لە ئیرادە ... مرۆڤێک لە گڕکان" دووەمین چاپی پەرتوکی کۆکراوەی ژیاننامە و وتار و نامەکانی خودی شۆڕشگێڕی گیانبەختکردوو ڤیان جاف'ە لەلایەن کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان ئامادەکراوە، چاپی یەکەمی پەرتوکەکە لە شوباتی ساڵی ٢٠٠٦دا لەلایەن هەفتەنامەی ڕۆژی وڵات کۆکردنەوە و ئامادەکردنی بۆ کراوە.

 

بڕیارە پەرتوکەکە ٢ی شوباتی ئەمساڵ هاوکات لەگەڵ مەراسیمی ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی شۆڕشگێر ڤیان جاف، کاتژمێر ٢ی دوای نیوەڕۆ لە گردی سەیوان بڵاوبکرێتەوە.

ت.پ