"مردن لە چوار وەرزدا" لە هەڵەبجە نمایش کرا

شانۆیی "مردن لە چوار وەرزدا" لە لایەن ژنانی گروپی شانۆیی کەمئەندامانی کوردستان و بە هاوکاری کۆمەڵەی ڕۆژ نمایش کرا.

شانۆیی "مردن لە چوار وەرزدا" لە لایەن ژنانی گروپی شانۆیی کەمئەندامانی کوردستان و بە هاوکاری کۆمەڵەی ڕۆژ نمایش کرا.

هەڵەبجە

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٧ی ئادار لە هۆڵی مستەفا زەڵمی  لە پارێزگای هەڵەبجە بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی "بەسە ژن کوشتن"، لەلایەن ژنانی گروپی شانۆیی کەمئەندامانی کوردستانەوە شانۆیی "مردن لە چوار وەرزدا" نمایش کرا.

 

بەیان زەریفی کە یەکێک بوو لە ئەکتەرەکانی شانۆیی "مردن لە چوار وەرزدا" تایبەت بە نوژنها دواو وتی : "مەبەستمان لەم کارە کە نمایش کراوە دەرخستنی ئازارەکانی ژنە بۆ بینەران و پیشاندانی تواناو هێزی ژنانە، هەروەها بە پیرۆز سەیرکردنی تواناکانی ژنانە". 

 

بەیان زەریفی داوا لە گەنجان دەکات کە وریا ببنەوەو ڕێز لە توانای ژنان بگرن و بە کەم سەیر نەکرێن.

 

شانۆیی "مردن لە چوار وەرزدا" کە ژنان بەشدارییان تیادا کرد، لە ناویاندا ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕۆڵیان بینی، هێشوو عەزیز کە ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە باسی لەوەکرد مەبەستیان لە دەرخستنی توانای خاوەن پێداویستی تایبەت بووە، پاشان هۆشیار کردنەوەی بینەرەکان لەڕێگەوەی شانۆوە بەمەبەستی کەمکردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، هەروەها بە ئەرکی خۆیانی دەزانن کە بتوانن بە نمایش ئازارەکانی ژنان کەم بکەنەوە.

 

ئەڤین سابیر شانۆکارێکی ترەو لە ڕێگەی نواندنەکەیەوە ئەوەی بە بینەرەکانی گەیاند کە ژنان هەمیشە لە ڕێگەی پیاوانەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، باسی لەوەشکرد ئامانجیان ئەوەیە کە بتوانن کەمێک لەو زوڵمانەی بەرامبەر ژن دەکرێت لە ڕێگەی نواندنەکانیانەوە بیگەیەنن بە بینەرو بشتوانن کەمێک لە توندوتیژیەکان کەم بکەنەوە.

 

شانۆیی "مردن لە چوار وەرزدا" بەرهەمی کۆمەڵەی ڕۆژ و گروپی یەکێتی کەم ئەندامانی کوردستانە وابریارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەسەرجەم شارەکانی تری هەرێمی کوردستان نمایش بکرێت.