لە پێشەنگایەکی هونەریدا ٢٤ ژنی شێوەکار تابلۆکانیان نمایشکرد

لە پێشەنگایەکی هونەریدا لە شارۆچکەی دەربەندیخان تابلۆکانی ژنانی گەنج نمایشکران و خەڵات بەخشرایە ژنانی لێهاتووی بواری وەرزش، بە ژەنینی چەند پارچە موزیکیکی فۆلکلۆر پێشەنگاکە کۆتایی پێهات.

 

هەوار محەمەد

گەرمیان- ئێوارەی ١٢ی ئاب پێشەنگایەکی شێوەکاری بۆ ٢٤ شێوەکاری ژنی گەنج لەلایەن ڕێکخراوی سەنتەری گەنجان سەر بە منداڵپارێزی کوردستان لە باخچەی سەنتەرەکە لە شارۆچکەی دەربەندیخان کرایەوە.

 

لە پێشەنگاکەدا کۆی تابلۆکانی ئەو فێرخوازانی سەنتەرەکە نمایشکران کە چەند ساڵێکە بەشدارن و پەرە بە تواناکانی خۆیان دەدەن، هاوکات گروپی موزیکی وەفایی دەربەندیخان چەند پارچە موزیکێکی فۆلکلۆری کوردی پێشکەش کرد و بە موزیک پێشەنگاکەیان ڕەنگین کرد و کەشێکی ئارامیان بە مەیوانانی پێشەنگاکە بەخشی .

لە درێژەی پێشەنگاکەدا سەنتەری گەنجان چەند خەڵاتێکی ڕێزلێنانی بۆ کۆمەڵێک ورزشوانی شارۆچکەکە بەخشی، وەک سپاس و پێزانین بۆ توانا و لێهاتووی ئەو ژنانەی کە لە پاڵاوانێتیەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان لە بواری وەرزشی لەشجوانی توانیبوویان خەڵات و ئاستی بەرز بە دەستبهێنن، ئەوانیش، بەیان حەمە عەلی حسێن، بوشرا نامیق، بەهار حسێن، ڕاژان عومەر و سۆکار سەلام' بوون.

ژنانی شیوەکار بۆ ژنها دوان

فیردەوس عەبدول باستی ١٩ ساڵ، خەڵکی خانەقین، ماوەی ٩ ساڵە دانیشتووی شارۆچکەی دەربەندیخانە ئاماژەی بەوەدا: لە پێشەنگاکەدا هاوڵاتییان دەستخۆشی و پێزانینیان بۆ تابلۆکانی و هونەرەکەی هەبووە، هەروەها باس لە تابلۆی نێرگزەکەی دەکات کە لە پێشەنگاکەدا کێشاویەتی و دەڵێت: نێرگز گوڵێکی زۆر جوانە و خۆشمدەوێت وە ڕەنگێکی سادە و تایبەتی هەیە، وێنەکێشانم خۆشدەوێت و لە ڕێگەی وێنەکێشانەوە مامۆستا و هاوڕێی باشم ناسیووە، هەروەها هەستێکی خۆش و تایبەتم پێ دەبەخشێت.

مۆردان زاهیر و شەنگە زاهیر دوو خوشکی دووانەن و تەمەنیان ١٦ ساڵە، بە هونەرەکەیان ڕەنگێکی جیاواز و جوانیان بە پێشەنگاکە بەخشیبوو.

مۆردان زاهیر، وێنەکێش، باسی ئەزمونی کاری هونەری دەکات و دەڵێت: سێ ساڵە فێرخوازی هونەری وێنەکێشانم و لەو ماوەیەشدا توانیومە ئاستێکی باش بەدەستبهێنم و ئاسودەم لەگەڵ وێنەکێشان. لەم پێشەنگایەدا بە چەندین تابلۆ بەشداریمکردووە و هەندێک لە تابلۆکانیشم لەلایەن هاوڵاتیانەوە کڕدراون.

 

ئەو وێنەکێشە ئاماژەی بە ئارەزووی ژنانی دەربەندیخان بۆ کارکردن و بەشداری لە کاری هونەریدا کرد و وتی: زیاتر ژنان لە وێنەکێشان بەشدارییان کردووە، لە خولەکانی وەرش و خەیاتیش ئاستێکی باش لە ژنان بەشدارییان هەبووە، بەڵام لە هونەری وێنەکێشان ئاستێکی باشتر و بەرزتر هەیە.

شەنگە زاهیر، موزیکژەن، ماوەی سێ ساڵە لە گروپی موزیکی وەفایی سەنتەری گەنجان بەشداری کردووە و لەم پێشەنگایەدا لەگەڵ گروپەکەدا چەند پارچە موزیکێکی فۆلکلۆری کوردیان پێشکەشکرد.

شەنگە باس لە بەشداری ژنان لە هونەری موزیک دەکات و دەڵێت: وەک بەشداربوون لە گروپی موزیکی و ئاستی بەشداری ژنان لە موزیکدا کەمن، هیچ پشتگیرییەکی ئەوتۆ لە ژنانی موزیکژەن ناکرێت، بۆ من هیچ پشتگیرییەک نەبووە، تەنها هۆکاری من بۆ هەڵبژاردنی موزیک ئەوەیە کە موزیک" هەستێکی ڕۆحییە".

شانگە باس لە موزیک دەکات و دەڵێت: "موزیک هەستە نەوتراوەکانی ناخی مرۆڤە، هەرشتێک کە نەتوانم بە دەم بیڵیم ئەوکات موزێک دێتە کایەوە و لە ڕیگەی موزیکەوە پەیامی خۆم دەگەیەنم".

 

لە پێشەنگاکەدا هاوڵاتیانی دەربەندیخان بە گەرمییەوە پێشوازییان لە کارە هونەرییەکانی ژنانی گەنج کرد و ژنان بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی و کێشانی تابلۆکانیان هونەری خۆیان دەرخست.

ت.پ