لە کارە شانۆییەکانمدا ئەوەم ڕاگەیاندووە ژن دەتوانێت هەموو کارێک بکات

ڕازاو سابیر پاش یانزە ساڵ ئەزموونی کاری شانۆیی دەڵێت: شانۆ هەموو شتێکە لە ژیانم و دەمەوێت لە کارەکانمدا گرفتەکانی ژنان نیشان بدەم و لەسەر کێشە کۆمەڵگەییەکان ڕاوەستە بکەم.

 

هەوار محەمەد

شارەزوور- ڕازاو سابیری ٢٦ ساڵ دانیشتووی شارۆچکەی پێنجوێنە، ١١ ساڵە کاری شانۆیی دەکات و لە ئێستاشدا ئەندامی ڕێکخراوی ئازادی لاوان و کارگێرە لە بەشی ئامار لە شارۆچکەی پێنجوێن.

ڕازاو خۆشەویستیی خۆی بۆ شانۆ باس دەکات و بۆ ژنها سەبارەت بە کارە شانۆییەکانی دەدوێت: کاری شانۆ هەستێکی خۆشی پێ بەخشیووم لە کاری هونەریدا و هەموو کاتێک شانۆم وەک منداڵێکی خۆم خۆشویستووە، ئەوەندی بتوانم خزمەت بە شانۆ دەکەم لە پێنجوێن، وەک ئەکتەرێک هەموو کاتێک ئارەزووم بۆ کاری شانۆیی و تایبەت نواندن هەیە.

 

ڕازاو باس لە ئەزمونەکانی دەکات و دەڵێت: لە شەش کاری شانۆیدا بەشداریم کردووە، جگە لەوەی لە ماوەی ئەم یازدە ساڵەدا لە پشت شانۆوە هەمیشە هاوکاری شانۆکانی تر بووم لە ئامادەکارییەکاندا، ئەو شانۆییانەی تییدا بەشداربووم بە ناوی "ورچ، شێتەکانی ئەم ڕۆژگارە و شار لە چاوەڕوانیدا  و چەندین شانۆیی دیکەیە.

 

"لە هەریەک لە شانۆکاندا لە سەر بەبەتێکی کۆمەڵگەیی ڕاوەستەمان کردووە"

ڕازاو باس لەوە دەکات لە دەستپێکی کارە هونەرییەکانیدا ئاستەنگی کۆمەڵگا هەبووە لەبەردەم کارکردنیدا و وتیشی: سەرەتا کە دەستمکرد بە کاری شانۆیی خەڵکی زۆر قسەیان دەکرد، بەڵام  خێزانەکەم پشتگیرییان کردم، پاڵپشتم بوون و نەیانهێشت بە هۆی کۆمەڵگەوە واز لە کاری شانۆیی بهێنم.

 

"کاتێک دەچمە سەر شانۆ و کاری شانۆیی دەکەم هەستێکی زۆر خۆشم هەیە، دەمەوێت بە هەموو خەڵکی بڵێم کە ژن توانای زۆرە و دەتوانێت هەموو کارێک بکات، بۆیە من لە کاری شانۆیدا حەزمکردووە بڵێم ژنیش وەک پیاوان دەتوانن هەر کارێک بیانەوێت ئەنجامی بدەن، هونەر بکەن و ویستوومە هەموو جوانییەکانی ژنان بخەمە ڕوو، خۆشی و ناخۆشی ژنان و کۆمەڵگاکەمان و ئەو نادادپەروەرییەی بەرامبەر بە ژنانی کۆمەڵگە دەکرێت نیشان ندەم، لە شانۆکانمدا باسم لەوەکردووە ژن نابێت بە هیچ شێوەیەک بچەوسێندرێتەوە، دەبێت ئازادی هەبێت.

 

لە ساڵانی ١٩٦٠ەوە لە پێنجوێندا کاری شانۆیی کراوە

شارۆچکەی پێنجوێن یەکێکە لەو شارۆچکانەی کوردستان هەمیشە کاری هونەری تێدا ئەنجامدراوە و بەرهەمی شانۆیی هەبووە،  ڕازاو باس لە مێژووی شانۆ لە پێنجوێن دەکات و  دەڵێت لە ساڵانی ١٩٦٠ لە پێنجوێن کاری شانۆیی کراوە، کە خۆڕسک بووە و خوێندکاران لەناو قوتابخانەکاندا کردویانە، ئەمەش بەردەوام هەبووە تا داگیرکردن و رووخاندنی پێنجوێن لەلایەن حکومەتی بەعسی عێراقییەوە لە ساڵانی ٨٠ کاندا. لە ساڵی ١٩٩٢ دیسان کاری شانۆیی دەستپێدەکاتەوە و جوڵەیەک لە شانۆی پێنجوێندا سەرهەڵدەداتەوە، تیپێکی شانۆیی بە ناوی "خامۆش" دروستدەکرێت و بەدوای ئەوەشدا تیپی نواندنی پێنجوێن هەبووە.

لە پاشان گروپی شانۆیی "موفتی" دامەزراوە کە ١٩ کاری شانۆیی ئەنجامداوە، ئەم گروپە شانۆییە  کارە شانۆییەکانیان تەنها لە شارۆچکەی پێنجوێن نمایش نەکردوون، بەڵکو بەشێک لە کارەکانیان بردووەتە شارەکانی تر.

 

ژنانی پێنجوێن بەشداری شانۆیی بوون

ئەو شانۆکارە باس لە بەشداری ژنان لە پێنجوێندا دەکات و دەڵێت: ژنان ڕۆڵێکی باشیان بینیوە لە کاری شانۆییدا، وەک ئەکتەر بەشداری شانۆیان کردووە، لە نمونەی ئەو ژنانش کە لە گروپی شانۆیی موفتیدا  هەبوون "چرۆ، نەورەس، لانە و کۆمەڵێکی تر بوون کە لە ئێستادا بەهۆی سەرقەڵی ژیان و دوورکەوتنەوەیان لە پێنجوێن لە کاری شانۆیی دابڕاون.

 

ڕازاو باس لە ئارەزووی ژنان بۆ بینینی کارە شانۆییەکان و نزیکییان لە هونەری شانۆ دەکات و دەڵێت: لە پێنجوێندا ژنی باش هەن کە دێن بەشداری شانۆیی بکەن و لە هەمانکاتیشدا بینەری ژنی زۆرمان هەیە، بەڵام گرفتی شانۆکاران و بینەرانیش یەکە کە نەبوونی هۆڵی تایبەت بە شانۆیە بەرهەمەکانی لێ نمایش بکرێت و بینەری تایبەت بەخۆی لێ کۆببێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە شانۆ مێژوویەکی کۆنی لە شارۆچکەکەدا هەیە.

 

ڕازاو بۆ پێشخستنی کارە شانۆییەکان لە پێنجوێن ئاماژەی بەوەدا کە ڕێکخراوی ئازادی لاوان وەک گروپێکی چالاک دەبینێت و لە ڕابردووشدا ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەشدارییان هەبووە، لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکارین بۆ دروستکردنی گروپێکی نوێی شانۆیی کە ژنان جێگەی خۆیان دەگرن لەو گروپەدا.

ت.پ