کەرنەڤاڵی کتێب لە هەڵەبجە کرایەوە

کەرنەڤاڵی کتێب لە هەڵەبجە کرایەوە و تێیدا زیاتر لە ٧٢٠ ناونیشان و سەرچاوەی دەزگای ئەندێشە و دەزگاکانی تری تێدا نمایش دەکرێت و ماوەی ٤ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

کەرنەڤاڵی کتێب لە هەڵەبجە کرایەوە و تێیدا زیاتر لە ٧٢٠ ناونیشان و سەرچاوەی دەزگای ئەندێشە و دەزگاکانی تری تێدا نمایش دەکرێت و ماوەی ٤ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

هەڵەبجە

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ناوەندی ڕۆشنبیری ئەندێشە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە پارێزگای هەڵەبجە لە بەڕێوەبەرایەتی هونەری هەڵەبجە  کەرنەڤاڵی کتێب بەڕووی خوێنەردا کرایەوە، لە کەرنەڤاڵەکەدا سەدان کتێب لە بوارە جیاوازەکاندا نمایشکران.

 

کۆرۆنا کاریگەری هەبوو لەسەر خوێندنەوەی کتێب

هەژار مەجید سەرپەرشتیاری کەرنەڤاڵی کتێب لە هەڵەبجە بە ژنهای ڕاگەیاند: ئێمە وەک ئەندیشە سەرپەرشتیاری کەرنەڤاڵی کتێبمان کردووە و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە هەڵەبجە بەردەوام دەبێت، لەبەرئەوەی سەرما، گەرما و کۆرۆنا هەمووانی لە خوێندنەوەی کتێب بێبەش کرد، ئێمە ویستمان کتێب و خوێنەر نزیک بکەینەوە، کەرنەڤاڵەکە تەنها نمایشکردنی کتێب نییە، بەڵکو خوێندنەوەی کتێب و شیعر و چالاکی تری تیدا ئەنجامدەدرێت.

بەشداری خانمان لە کەرنەڤاڵەکانی کتێب زۆرترە

ساریا بەکر بەشداربووی کەرنەڤاڵی کتێب، بە ژنهای ڕاگەیاند: کردنەوی ئەم جۆرە کەرنەڤاڵانە زۆر باشە و خوێنەرێکی زۆر باش ڕوویان لە کەرنەڤاڵەکە کردووە، بەشداری ژنان زۆرە، کاتێک داشکاندن دەکرێت بۆ کتێبەکان هاوکارییەکە بۆ خوێنەر، هەروەها هێنانەوەی کتێبێ نوێ و چاپی تازە زۆر باشە بۆ خوێنەر و بەهیوای بەردەوامی ناساندنی کتێبی زیاتر.

"گەنجی ئێستا دوورن لە کتێب، تەکنەلۆژیا جێگەی کتێب ناگرێتەوە"

هەتاو محمد خوێنەر، ئاماژەی بەوەدا: دڵخۆشم ئەمڕۆ ئەم کەرنەڤاڵە دەبینم، هەڵەبجە پێشتریش لانکەی ڕۆشنبیری و نوسەران و خوێنەران بووە، بەڵام بەداخەوە گەنجی ئێستا دوورکەوتوونەتەوە لە کتێب، بەڵام هیچ تەکنەلۆجیایەک ناتوانێت جێگەی کتێبمان بۆ بگرێتەوە، داواشی لە گەنجەکان کرد ئاشت ببنەوە لەگەڵ کتێب و کتێب بخوێننەوە.

هەروەها وتیشی پێویستە سود لەم کەرنەڤاڵانە ببینن، چونکە داشکاندنی تێدا دەکرێت و دەتوانن بیکڕن و سودی لێ ببینن.

 

کەرنەڤاڵی کتێب لە هەڵەبجە، ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و زیاتر لە ۷۲۰ ناونیشان و سەرچاوەی دەزگای ئەندێشە و دەزگاکانی تر لەخۆدەگرێت.

 

ت.پ